نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەرچەندە سەردانی شاندەکەی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا کاتەکەی درەنگە، بەڵام زۆر گرنگە.
بڕیارە رۆژی سێشەممە ١٧-٩-٢٠١٩، وەفدی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عیراق، سەردانی بەغدا بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان میرزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، رایگەیاند”سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگە، چونکە لەسەرو بەندی دانانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراقدایە. هەرچەندە کاتەکەشی درەنگ بووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بتوانن بەماوەیەکی نزیک هەر هیچ نەبێت رێککەوتنێک یان تێگەیشتنێکی زیاتر، لەگەڵ بەغدا بگەیێننە ئەنجام”.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، هەروەها گوتی”وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا تائێستا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار نەکراوینەتەوە، نازانین لەسەر چ بنەمایەک گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن”.
شێروان میراز، جەختیکردەوە”ئێمە چاوەڕوانین کە بەفەرمی حكومەتی هەرێم ئاگادارمان بکاتەوە و ئەجیندای کۆبوونەوەکەمان پێ بڵێن، بۆ ئەوەی بزانین لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە و ئایا ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بەشداری کۆبوونەوەکان دەبین؟”.