نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیێنێت، ئەوە یەختەی، کە بە زیاتر لە ٨٠ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیری خواردبوو ئەمڕۆ ڕزگار کرا.
رۆژی چوارشەممە ١٢-٩-٢٠١٩، یەختێكی پانزە مەتری بە ئاڵای روسیا و بە سەرپەرشتی دوو كاپتنی رووسی بە ٨٠ كۆچبەری عێراقی، كە كوردبوون، لە کەناراوەکانی كیفالونیای یۆنانەوە بەرە و كەناراوەكانی ئیتاڵیا بەرێكەوتبوون و پێش گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیریان خواردبوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، سەبارەت بە رزگارکردنی ژمارەیەک پەنابەر، رایگەیاند “دوای ئەوەی دوو شەو و دوو رۆژ، یەختێک بە زیاتر لە ٨٠ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی یۆنانەوە بەرە و کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون و لە کەسوکاریان دابڕابوون، دواتر لە لایەن کەسوکاریان و کۆمەڵێک دۆست و خزمانیانەوە لە یۆنانەوە پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد”.
سەرۆکی دەزگای لووتکە گوتیشی “خۆشبەختانە ئەمڕۆ (شەممە ١٤-٩-٢٠١٩)، سەرجەم ئەو پەنابەرانەی، کە لە یەختەکەدابوون لە لایەن پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە ڕزگار کراون، ئێستا سەرجەمیان بەسەلامەتی لە ناو خاکی ئیتاڵیادان، کە لە ناویشیاندا ژن و منداڵ هەیە”.
ئاری جەلال ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە بەدەستی ئێمە گەیشتوون زۆربەی زۆری ئەو پەنابەران کوردن و خەڵکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن.