نوچە-ئاژانسەکان
بڵاو بوونەوەی هەواڵی لە دایک بوونی وڵاتێکی نوێ، بەناو پاشایەتی کێوی زەرد (مملكة الجبل الأصفر) لە نێوان میسر و سودان، جیهانی سەرسام کردووە.
ئەم وڵاتە، لە سەرزەمینێک هەڵکەوتووە، کە تاکو ئێستا هیچ وڵاتیکی دیکەی جیهان ئیدیعای سەروەریییان نە کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سێبتەمبەر، لە دایکبوونی ئەم کیانە سەربەخۆیە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەوە، کە ژنێکی لوبنانی-ئەمریکیە راگەیێندرا.
دکتۆرە نادرە ناصیف، ،سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی شەش خولەکیدا، پەیامی خۆی بڵاوکردەوە و راشیگەیاند، کە بەیانی فەرمی لە دایکبوون و راگەیاندنی ئەم وڵاتە، لە شاری ئۆدسای ئۆکرانیا ئامادە کراوە.
خانمی ناصیف دەشڵێت، ئەم وڵاتە نوێیە، بەهەشتی دادپەروەری و شوێنێکی ئەمینە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان و ستەملێکراوەکانی سەرتاسەری جیهان.
خانمی سەرۆکوەزیران، زانیاری زیاتری لە بارەی ئەم وڵاتە نەخستۆتەڕوو، بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە چەندە، پێوەرەکانی بوون بە هاوڵاتیبوون چییە و ئایا پاشایەتی کێوی زەرد، خوازیاری بە فەرمی ناسینی لە لایەن کۆمەڵگای جیهانیەوە هەیە یان نا.
هەواڵی لە دایکبوونی ئەم وڵاتە، سەرەتا لە تۆڕەکانی فەیسبووک و تویتەر بكڵاو بووەوە و هاوکات کۆمەڵێک بەڵگەنامە بڵاوبۆتەوە، کە دەرخەری ئامانج و سیاسەتەکانی ئەم وڵاتەیە.
پاشایەتی کێوی زەرد، خاوەنی ئالای خۆیەتی بە رەنگی سەوز، لە ناوەند بە درەختی خورما نەخشێندراوە و لە سەرەوەش رستەی «بسم الله الرحمن الرحیم» هاتووە.