هەرێم مەرجەکانی پێش ناردنی شاندەکان بە بەغدا راگەیاندووە

0

نوچە: رووداو

لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا دەستپێدەکەنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، بودجە و موچە و نەوت.

ئێستا کە ھەولێر و بەغدا لەسەروبەندی رێککەوتنن، ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، کە ھەرێمی کوردستان رازی نییە بەو میکانزمەی دانراوە بەڕێوەبچن، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆ و لێکتێکەشتنی نیوانیان دوابخات.

حکومەتی عێراق ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ـە، ھەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشداری ئامادەکردنی پرۆژەیاساکە بکات تاوەکو لەنێو پەرلەمان بێ کێشە تێپەڕێندرێت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەر لە ناردنی شاندەکەی راگەیاندووە: نیازی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ھەیە.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت “ھەر لیژنەیەک کە دێت باس لە دۆسییەی تایبەتی خۆی دەکات ئێستا نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن و ئومێدمان ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو رێککەوتنە رابگەیێندرێت. ئەگەر بەغدا شان بداتە جێبەجێکردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان و دانەوەی قەرزە کۆنەکان و ھەموو ئەو شایستانەی لە رابردوو لێی بڕیوون ئەوا بەدڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستانیش ئیلتزامی دەستووری خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ دەکات”.

بە مەرجی گرەنتیکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادی عێراق، پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدێنن، دانەوەی قەرزەکان و ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی رێککەوتنە. ئەمانەی بەر لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیش بە بەغدا گەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بەغداوە ھیچ وەڵامێک نییە و چاوەڕێی دانیشتن و کۆبوونەوەن.

بەھار مەحموود، پەرلەمانتار دەڵێت “ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بودجەمان لەگەڵ عێراق نییە، بەڵکو کێشەی خاکمان ھەیە کێشەی ماددەی١٤٠ـمان ھەیە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کێشەکان قوڵتربوونەتەوە و سەرژمێری و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکمان لە پێشە و کێشەی پێشمەرگەمان ھەیە، کێشەی حوکمرانی ھاوبەشمان ھەیە، دەبێت ئەمان ھەمووی بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی گەشبینین کە ئەو دوو حکومەتە دەگەنە رێککەوتن، بەڵام کاتی دەوێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com