رێژەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بەرز دەبێتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیێنێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان زیاد بکات.   

لەگەڵ ئەوەی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، بودجەیەکی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەرخان دەکەین، بەڵام تا ئێستا کێشەی کارەبا چارەسەر نەکراوە. لە وەرزی سەرما و گەرمادا پێدانی بڕى کارەبای نیشتیمانی کەم دەبێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم، لە بارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم، رایگەیاند “تاکو ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەکۆی گشتی بەو تێستەی، کە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای خەبات تێیدا کاردەکات، گەیشتووەتە ٣٥٠٠ مێگاوات، لەکۆتایی ئەم مانگەدا، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە خواستی بەکارهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات، کە نزیک بینەوە لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری”.   

بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم مانگە لەقۆناغی یەکەم، تا ناوەڕاستی مانگ، بەتێکڕا پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان ١٨ بۆ ٢٠ کاتژمێرمان راگەیاندبوو، بەڵام لە واقعدا لەو بڕە زیاتر دراوە بەهاوڵاتیان، واتە هەندێک رۆژ ١٩ کاتژمێر بۆ ٢٢ کاتژمێر بووە، لە هەندێک شوێنیش ٢٣ کاتژمێر بووە. 

ئومێد ئەحمەد مەرجی زیادکردنی ئاستی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان دەخاتەڕوو “ئەگەر تێستەکەی وێستەگەی کارەبای خەبات سەرکەوتوو بێت. بەرهەمی کارەبای هەرێم نزیکەی ٣٦٠٠ مێگاوات دەمێنێتەوە، تاکو قۆناغی داهاتوو، کە بریتی دەبێت لە زیاد کردنی غازی سروشتی بۆ ئەو وێستگانەی، کە غازی سروشتی بەشیان ناکات، هەرکاتێکیش بڕی دابینکردنی غازەکە زیادی کرد، ئەوکاتە لەگەڵیدا بەرهەمهێنانی کارەباش زیاد دەکات”.          

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com