نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرێم تووشی قەیرانی دارایی نەبێتەوە.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه ١٢-٩-٢٠١٩)، شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە د. ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و ژماره‌یه‌ك له لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كۆبوونەوە و بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، زیاد جەبار، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی حکومەت بۆ پەرلەمان، رایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کۆمەڵێک پرسی گرنگ گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەوانە چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوستاندن و پرسی بودجەی عێراق، کە چۆن بتوانرێ پشکی هەرێم پارێزراو بێت لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق”.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “شاندەکەی حكومەتی هەرێم، روونکردنەوەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم و سەرچاوەکانی، کە دەبنە داهات بۆ حکومەت، داوەتە پەرلەمان. هەروەها باس لە پرسی بوودجەش لە هەرێمی کوردستان کراوە”.
سەبارەت بە پلانی داهاتووی حکومەت و پەرلەمان زیاد جەبار گوتی “حكومەت خۆی بەرنامەی داناوە و بەرچاوڕوونیشی داوەتە پەرلەمان؛ ئەوەشی کە گرنگە بۆ داهاتوو، ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت پێکەوە هەماهەنگین بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی نەبینەوە و بتوانین ژیان و گوزەرانی خەڵک، لەمەی ئێستا، کە هەیە باشتر بکرێت”.