كۆمۆنیسته‌كان به‌بێ مۆڵه‌ت كارده‌كه‌ن و وه‌زاره‌تی ناوخۆش داوا ده‌كات رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه
بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ: حیزبی كۆمۆنیست مۆڵه‌تی نیه و ده‌بێت بدرێن به دادگا
حیزبی كۆمۆنیست: له دۆخێكی وه‌ك ئێستادا هه‌ر دوو یاسای خۆپیشاندان و حیزبه‌كان ده‌خرێنه ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
به‌رپرسانی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری، بۆ به‌شداری كردن له خۆپیشاندانه‌كان، له‌ئه‌وروپاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان، بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆش رایگه‌یاند، ده‌بێت ده‌ستگیر بكرێن، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و حیزبه‌ش ده‌ڵێت، له دۆخێكی وه‌ك ئێستادا به‌شێك له‌یاساكان “ده‌خرێنه ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه”.
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی كوردستان، رێگه‌یان كرده‌وه بۆ ئه‌و حیزبانه‌ی كه مۆڵه‌تی یاساییان نیه، تا به ئاشكرا چالاكی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، یه‌كێك له‌و حیزبانه كه بێ مۆڵه‌ت ئێستا كار ده‌كات، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانه، به‌پێی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێتیش، ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه، له رۆژی درووستبوونی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، به به‌رده‌وامی له وڵاتانی ئه‌وروپاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی كاركردنی به‌و حیزبه نه‌داوه.
له لێوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، جه‌لال شێخ كه‌ریم بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ، رایگه‌یاند، حیزبی كۆمۆنیست، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هیچ مۆڵه‌تێكی پێنه‌دراوه، وتی “مۆڵه‌تی حیزبه‌كان لای ئێمه‌یه و ئه‌وان هیچ مۆڵهتێكییان نیه، ئه‌وه‌تا ئێستا له هه‌ولێر هیچ بارهگایهكییان نیه و هیچ چالاكییهكیشیان نیه”، بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له كاتێكدا كه ئه‌وان مۆڵه‌تییان نه‌بێت “چالاكییان قه‌ده‌غه‌یه و ده‌بێت پارێزگای سلێمانی نوسراوێك بكات بۆ داواكاری گشتی یان بۆ دادگا، بڵێت ئه‌م حیزبه مۆڵه‌تییان نیه و چالاكییان هه‌یه”، وتیشی “ده‌بێت بدرێن به دادگا، ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێك مۆڵه‌تی نه‌بێـت و چالاكی بكات، ئێمه ده‌توانین رووبه‌ڕووی دادگایان بكه‌ینه‌وه”.
له‌لایه‌كی تره‌وه عه‌مید حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی به نوچه‌نێت راگه‌یاند، “نه‌ك هه‌ر ئه‌و حیزبه، به‌ڵكو خۆپشاندانهكانیش نایاسایین”.
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نن، كه ئه‌وان له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ن، كه به وته‌ی ئه‌وان له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵگیرساوه، ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكارانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، وتی “له دۆخێكی وه‌هادا كه خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قامه، شه‌ڕێك له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ستی پێكردووه، ئیتر یاسای خۆپیشاندان و یاسای حیزبه‌كان، ده‌خرێته ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌وه، چونكه له واقیعدا خه‌ڵك هاتۆته سه‌ر شه‌قام، له دژی ئه‌و یاسایانه و له دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستی پێكردووه”، ئازاد خۆپیشاندانه‌كان به هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك وه‌سف ده‌كات، ده‌ڵێت “ئه‌مه خۆپیشاندانانه‌ش شه‌ڕێكه له نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا و ئێمه وه‌ك حیزب له پێشی پێشه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه وه‌ستاوین، بۆیه مه‌سه‌له‌ی داگایی كردن، فلسێكی قه‌ڵپ ناكات”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیست ئاشكرای ده‌كات، كه ماوه‌ی دوو ساڵه حیزبه‌كه‌ی داوای مۆڵه‌ت له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان مۆڵه‌تی پێناده‌ن، وتی “من به پێی یاساكه‌ی خۆیان قسه ده‌كه‌م، ئه‌گینا پێویست به مۆڵه‌تی ئه‌وان ناكات، چونكه ئێمه شه‌رعییه‌ت له خه‌ڵكه‌وه وه‌ر ده‌گرین، ئێمه پێمانوانیه هه‌ر حیزبێك باره‌گای نه‌بێت، ئیتر ئه‌وه بوونی نیه”، وتیشی “ماوه‌ی دوو ساڵه داوای مۆڵه‌تمان كردووه، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه پێویستن، به‌پێی یاسای حیزبه‌كان له حیزبه‌كان داوا ده‌كرێت، وه‌ك په‌یڕه‌وی ناوخۆ و (500) لایه‌نگر و ناوی دامه‌زرێنه‌ران، هه‌موویمان پێشكه‌ش كردوون، به‌ڵام ئه‌وه دوو ساڵه هه‌ر ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن و تا ئێستا وه‌ڵامییان نه‌داوینه‌ته‌وه، كه هه‌ر جاره و به بیانوویه‌كه، به‌ڵام به‌پێی یاسای حیزبه‌كانیش، ئه‌گه‌ر له (45) رۆژدا وه‌ڵامی داوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی حیزبێك نه‌درایه‌وه، ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی مۆڵه‌تی هه‌یه”.