نوچه: ئاژانسهكان
دوابەدوای لادانی جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ئەم پۆستە بەشێوەی کاتی رادەستی چارلی کوپرمەن دەکرێت.
بەڵام کوپرمەن کێیە؟
کوپرمەن لە رووی هەڵوێستی سیاسی و تیڕوانینی بەرامبەر بە ئێران و رێککەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگهڵ بۆڵتۆن نییە.
لە گەڵ ئەوەی، کە ئێستا وەکوو سەرپەرەستی کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ناسێندراوە، جارێ ناکرێ لە مانەوەی هەمیشەیی بۆ ئەم پۆستە قسە بکرێت.
کوپرمەن، پێشتر جیگری جۆن بۆڵتۆن بووە. بۆ ساڵانێک هاوکار بوونە و لە جانیوەری ٢٠١٩ وەکوو جیگری بۆڵتۆن دەستبەکار بووە. لادانی بۆڵتۆن لە کاتێکدایە، کە چەند رۆژ پێشتر داوای لە پێنتاگۆن کردووە بژاردەی سەربازی دژ بە ئێران بخاتە سەر میز.
بۆڵتۆن لە دیاریکردنی کوپرمەن، وەک جێگری خۆی نیشانی دا، کە دەیهەوێ کەمپەینی گوشاری لەڕادەبەدەر بۆ سەر ئێران توندتر بکاتەوە.
بۆڵتۆن ویڕای کوپرمەن لە ساڵی ٢٠١٥، دامهزراوهی ئازادی و ئاسایشی ئەمریکایان دامەزراند، کە ئامانجی سەرەکی ئەم ناوەندە، رێكخستنی کەمپەینێک بوو لە دژی رێککەوتنی ئەتۆمی. لەم ساڵانهی دواییشدا، کوپرمەن هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە ئێران وەرگرتووە.
کوپرمەن، کە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی بوئینگ و لاکید مارتن بووە، هاوکات لە ناوەندی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا چالاک بووە، کە دژ بە سیاسەتەکانی ئێران کار دەکات.