نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیارە حەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش رایدەگەیەنێت، لە پەرلەمانەوە هەوڵێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ بۆئەوەی ژمارەیەک وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەندرێن دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، رایگەیاند “بڕیار وایە، کە حەفتەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق دەستبکاتەوە بە کۆبوونەوەکانی وەرزی نوێ، هەروەها لە لایەن کوتلەکانی پەرلەمانیشەوە هەوڵێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی داھاتوودا پێنج وەزیری کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێن”.
سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشت کردنەکەشیان، دۆسکی ئاماژەی بەوەکرد “بانگهێشتکردنەکە لەسەر کۆمەڵێک مەلەفی جیاوازە و گرنگترینیشیان مەلەفی دارایی و گەندەڵییە”.