نوچە
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسولى گشتیى نوێی فەرەنسا لە هەولێر، ستایشى رۆڵى سەرۆك ماکرۆن و فەرەنساى لە پشتگیریكردنى هەرێمى کوردستان کرد و جەختی کردەوە، گەلى کوردستان خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ فەرەنسا.
نێچیرڤان بارزانى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ (یەکشەممە ٨-٩-٢٠١٩)، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولى گشتیى نوێی فەرەنسا لە هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایى بەبۆنەى دەستبەکاربوونییەوە لە ئەرکى تازەیدا، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرى و ئاسانکارییەکى بۆ دووپات کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەى بە ڕۆڵى سەرۆك ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا کرد، لە پشتگیریکردنى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوەى دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا، کە لە ئەنجامدا هەردوولا توانییان هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنى هەندێ لە کێشەکان بنێن، هەوەرها پشتگیریى خۆى بۆ هەوڵەکانى فەڕەنسا لەپێناو چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانى سووریا دەربڕى.
لە دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر دۆخى ئەمنى، سیاسى و ئابوورى عێراق و جەختیان لە گرنگی هاوکارى و هەماهەنگی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامیگیرى بەتایبەتى لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
کونسولى گشتیى فەرەنسا لە هەولێر سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکاری و یارمەتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپات کردەوە. هەروەها تیشکى خستە سەر سەردانى چاوەڕوانکراوى سەرۆکى فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.