نێچیرڤان بارزانی: نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لەدەست بدرێت

0

نوچە

شاندێکی هەدەپە بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکی ئەو پارتە بۆ پرسی ئاشتی کورد لە تورکیا گەیشتە هەولێر و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت “نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت”.

لە دووەم رۆژی سەردانەکەیاندا بۆ هەولێر و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی هەدەپە و شاندەکەی چوونە لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. نێچیرڤان بارزانی، دووپاتیکردەوە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکات.

دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:

بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکى پارتى دیموکراتى گەلان HDP بە سەرۆکایەتیى بەڕێز سەزایى تەمەللى، هاوسەرۆکى HDP کە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە هەولێر بەڕێوە چوو، جەختى لەوە کردەوە کە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن.

لاى خۆیەوە شاندى HDP وێڕاى پیرۆزبایى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست و سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى ڕابردوو و ئێستاى بەڕێز نێچیرڤان بارزانییان بۆ ئاشتى کرد و دووپاتیان کردەوە کە ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە.

لە دیدارەکدا هەردوولا دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com