نوچە
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی سێپتەمبەر ساڵێک بەسەر هێرشی موشەکی سوپای پاسداران بۆ سەر هەردوو حزبی دیموکرات دا تێدەپەڕێت، کە ٦١ کەس لە ئەندامى سەرکردایەتی و پێشمهرگه لە هەردوو حزب بوونە قوربانی، بەرزبوونەوەی رێژی شەهیدبوونەکان بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی (پلینۆم) حدک دەگەڕیتەوە، کە تێیدا ٦ کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە شەهید بوون.
ئەم هێرشەی سوپای پاسداران، تەنیا بە یەک ئامانج ئەنجام نەدرا بەڵکو چەندین ئامانجی هاوکات لەگەڵ کردنە ئامانجی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حدک پێکا و برینێکی قوڵی لە دڵی ئازادیخوازان دروست کرد، لەوانە هاوکات لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسی کورد، کە گریمانەی ئەوە دەکرا کاردانەوەی توندی جەماوەری لێبکەویتەوە بەڵام بەم هێرشە دۆخەکەی گۆڕی، هاوکاتیش هۆشداری دایە هەرێمی کوردستان و ئەمریکاش.

سوپای پاسداران هێرشەکەی لە ئەستۆگرت (١)
گرتەی ڤیدیۆیی کاتی هێرشی موشەکی بۆ سەر بارەگاکانی حدک و حدکا، لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە و لە راگەیێندراوێکدا، سوپای پاسداران هێرشی سەر بارەگای حدک و حدکا لەئەستۆگرت و رایدەگەیێنێت لە هێرشەکەدا ٧ موشەکی زەمین بە زەمینی مەودا کورت بەکارهێندراوە و هۆشداریی دەدات، ئەگەر چالاکییەکانیان دووبارەبکەنەوە، وەڵامێکی سەختترمان بۆیان دەبێت.
لەدوای گوێنەدانی سەرکردەکانی ئەو گروپانە بە هۆشدارییە جددییەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ هەڵگرتنی بنکە و بارەگاکانیان و پێویستە کۆتایی بهێنن بە هەنگاوە دەستدرێژیکارانە و تیرۆریستییەکانیان دژی ئێرانی ئیسلامی، هێزی موشەکی سوپای پاسداران بە بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، رۆژی رابردوو، (شەممە ٨-٩-٢٠١٨) لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا، شوێنی کۆبوونەوەی یەکێک لە گرووپە تاوانبارەکان و ناوەندی راهێنانی تیرۆریستەکانی ئەو گرووپەیان بە ٧ موشەکی زەمین بە زەمینی مەدوا کورت، کردە ئامانج.
لەکۆتاییشدا چاوەڕوانی لە هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریی و کۆنتڕۆڵی جددیتری سنوورە هاوبەشەکان، هۆشداریی دەدەینە گروپە تیرۆریستی و دژبەرانی شۆڕش و پشتیوانانیان، بە دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانیان، لەگەڵ وەڵامێکی سەختتر و گورزێکی تووندتر بەرەوڕوو دەبنەوە.
ئامانجەکانی ئێران لەو هێرشە چییە؟
یەکەم: هەموو هەوڵی ئەوەیە گورزی کوشەندە لە هێزەکانی دژبەری خۆی بوەشێنێ و پێش بە چالاکییان بگڕی بە تایبەتی لەو بارودۆخە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەی تێکەوتووە.
دووەم: هەوڵی پشێويی زیاتر لە ناوچەکە دەدات و وەکو پەیامێک ئاراستەی ئەمریکاى کرد.
سێیەم: لە بەسرە کۆنسوڵخانەکەی ئاگری تێبەردرا و دەرکرا، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات.
چوارەم: ئەگەری ئەوە هەیە بیهەوێت یان ویستبێتی کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠-٩-٢٠١٨، دروست بکات. (وەک چۆن باس دەکرێ لە گەڵ ئەو هەڵبژاردنە نییە).
پێنجەم: وا خۆی پیشانی لایەنە نەیار و دژەکانی دەدات لە عێراق، کە لە هەر کات و ساتێکدا و شوێنێکی عێراقدا توانای هێرشی هەیە و ناهێڵێ بەرژەوەندییەکانی بکەونە مەترسییەوە.
شەشەم: وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆ و داواکاری رۆژئاوا لەسەر راگرتنی بەرنامەی موشکەی ئەم وڵاتە، هەم فەزای سیاسی شێواند و دەیەوێت لە بیری خەڵکی ناوچەکە بچەسپێنێت، کە سوپای پاسداران توانای بەرەنگاری لە ئاستێی بەرز دایە و سڵ لە هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکاتەوە.
حەوتەم: بە لەسێدارەدانی سێ گیراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی رامین حوسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی و ئەو هێرشە موشەکییە هەوڵدەدات کۆمەڵانی خەڵک چاوترسێن بکات.
هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢)
رۆژی یەکشەممە ٩-٩-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی، لەبارەی بۆردومانکرنی بارەگای (حدکا) و (حدک) بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: هەڵوێستی خۆمانمان بە ئێران گەیاندووە.
هەروەها دوای ئەو بۆردومانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو بۆردومانەی کرد و رایگەیاند “وێڕاى ئیدانەکردنى ئهو بۆمبارانه، دووپاتى ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ دهكهینهوه”.
پاش ئەوەی رۆژی شەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨، ئێران هێرشی کردە سەر هەردوو دیموکرات لە شاری کۆیە و لە ئەنجامی بۆردومانەکەشیدا ١٧ شەهید و زیاتر لە ٤٠ بریندار کەوتنەوە.
هێرشەكەی ئێران
مەترسی لەسەر ئاسایشی
هەرێمی كوردستان هەیە
مەحمود عوسمان بە ئاژانسی ئەنادۆڵ راگەیاند(٣)، لە ئێستادا ئێران هێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیادكردووە، هێرشەكەی سەر بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیەش هێرشێكی گەورە بوو، كە بە موشەك لە ئێرانەوە لێیان درا، لەكاتێكدا بەرپرسانی ئەو حزبە كۆبوونەوەیان هەبووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك بەرپرس و كادیریان شەهیدبوون”.

سیاسەتمدار و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود عوسمان گوتی “ئەوەی روویدا شتێكی گەورەیە، ئێران ئەو سیاسەتانەی هەیبووە زیادی كردووە و بەرەو سەرەوەی بردووە، زۆر بەتوندی گۆڕانێكی نەوعی كراوە، ئەمە لێدانە لە هەرێم و زیادەڕەوییە لەسەر خاكی عێراق، كە پێویستە حسابی بۆ بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەردا عێراق و هەرێم رۆڵێكی وایان نییە”.
مەحمود عوسمان پێیوایە، کە هێرشەكان مەترسی بۆسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن و مەترسی دووبارە بوونەوەشیان هەیە و گوتی “ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە ئەو ناوچەیەی هێرشیكراوەتە سەر ناوچەیەكی ئارامە و نزیكی سنوور نییە، ئەوانەشی هێرشیانكراوەتە سەر، كۆمەڵێكن، كە دانیشتوون و كۆبوونەوەیان هەبووە، لەكاتێكدا ئەوان لەوانە نین، كە كردەوەی چەكداری دژی ئێران ئەنجام دەدەن و لایەنی تر هەیە، كە ئەو كردەوانە دژی ئێران دەكەن، بۆیە هێرشەكە لە رووی ئاسایش و سیاسییەوە بۆ هەرێم خراپە و مانای ئەوەیە، ئێران رێز لەسەروەری و ئاسایشی هەرێم ناگرێت”.
لە بارەی پەیوەندی ئەو هێرشانە بە ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و ململانێكانیان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، مەحمود عوسمان، كە لە دوای رووخانی حكومەتی پێشووی عێراق ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم بووە لە عێراق و لە ساڵی ٢٠٠٥یش بۆ دوو خولی لەسەر یەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە وەڵامدا گوتی “بەتوندبوونەوەی ئەو ململانێیانە هێرشەكان زیاتر دەبن، چونكە ئەو ململانێیانەی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە، لەسەر خاكی عێراق زیاتر دەبێت لەنێوانیاندا، كە ئەم كێشانەش زۆر بوو زیانی بۆ هەموو میلـلەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش شتێكی خراپ دەبێت”.
لایەنە رۆژهەڵاتییەکان
روویان لە خەڵکی خۆیان کرد
و داوای مانگرتنی گشتییان کرد
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی لە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکەن و راشیدەگەیێنن (٥) بە “هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە” رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان.
ئەو پێنج لایەنە لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا دەڵێن “داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین رۆژی دووشەمەی داهاتوو بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رابگەیەنن”.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راشیگەیاندووە “بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی ئەو رژێمە دەبینەوە”.
.jpg)
گومانەکان چین؟
بە گوێرەی لێکدانەوە جیاوازەکان گومانەکان لە چەند خاڵێکدا بەمشێوەیە:
یەکەم: پێدەچێ ئەو موشەکانەی، کە سوپای پاسدار باسی دەکات لە ورمێ-وە ئاراستە نەکرابێ و جۆرەکەشی ئەوە نەبێ.
دووەم: موشەکەکان یان بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەت یان لە سەکۆی موشەکی، (بە گوتەی بەرپرسە سەربازییەکانی حدک و حدکا)، لەسەر چیای سورێن لە سنووری سلێمانییەوە ئاراستە کرابێ.
سێیەم: چاودێری کردن و جوڵەپێکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لە نزیکەوە ئەنجام دراوە، گومان لەوە دەکرێ لە کەرکوکەوە هاتبێتنە سەر کۆیە (ئامانجەکەیان).
چوارەم: ئەگەری هاوکاری و رەزامەندی لایەنێکی کوردی و لەو بابەتە هەیە و ئەگەری هەبوونی سیخوڕی نێوخۆی حدک لە ئارادایە.
شەهیدەکان کێن (٤)

لە پەلاماری موشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دیموکرات، ١٥ کادر و تیکۆشەری دیموکرات شەهید بوون و نزیک بە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.
ناوی شەهیدەکان بریتیین لە:
١- کەریم مەهدەوی(کەریم سەقزی)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٢- ابراهیم ابراهیمی(برایم زیوەیی)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٣- نەسرین حەداد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٤- رەحمان پیرۆتی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٥- سوهەیلا قادری، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٦- – هاشم عەزیزی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٧- عوسمان عوسمانی، تێکۆشەری لە مێژینەی حیزب
٨- کەریم رەسووڵزادە (مام شێرکۆ)، تێکۆشەری لە میژینەی حیزب
٩- هاوڕێ کارساز (هاوڕێ شێخانی)، کادری بەوەجی حیزب
١٠- پێشەوا سەید عومەر، پێشمەرگە
١١- جەماڵ ئەکبەری، پێشمەرگە
١٢- مەنسوور ئەکبەری پوور، پێشمەرگە
١٣ -١٤ – دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە فێرگەی ئەم حیزبە کە هاوکات لەگەڵ قەلای دیموکرات کەوتە بەر هێرشی مووشەکی (ناوەکانیان بە رەسمی رانەگەیەندراوە).
١٥- محەممەد حەسەنپوور، تێکۆشەری دیرین و ناسراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە هۆی توندیی برینەکانی بە داخەوە ئەمشەو، گیانی لە دەست دا.
لەو بارەیەوه سۆران نووری، ئەندامی کومیتەی ناوەندی حدک، تایبەت بە نوچە-ی راگەیاند: ههتاکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییهک له سیاسهتهکانی کۆماری ئیسلامی به نیسبهت حیزبهکانی ڕۆژههڵات و مهسهلهی کورد له ئێران رووینەداوە و پێمانوایه، ههرکات کۆماری ئیسلامی ههلی بۆ بڕهخسێت بۆ زهربه لێدان له حیزبهکان درێغی ناکات.
لە هێرشەکە ١٦ شههید
و زیاتر له ٤٥ بریندارلهههردوولا ههبوو
سۆران نووری دەڵێت، ئیمه چهندین جار پلینۆمی کۆمیتهی ناوهندیمان له قهڵا بهڕێوهبردووه ههر لهو شوێنه، که موشهکباران کرا، ئهم کارهیش بگره له باری ئهمنییهوه کارێکی باش نهبێت، که له شوێنێکی ئاوا چهندین جار کۆبوونهوهی سهرکردایهتی بگیرێت. ههروهها ئێمه تاکو کۆتای کۆبوونهوهکانمان هیچ ڕاگهیهندراوێکی فەرمیمان بڵاونهکردوهتهوه، بهڵام بهداخهوه ئهم جارهیان به ههندێک هۆکار کۆبوونهوهی کۆمیتهی ناوهندی لهلایهن کۆماری ئیسلامیهوه ئاشکرابوو و ئهو کارهساتهی لێکهوتهوه (١٦ شههید و زیاتر له ٤٥ بریندار).
کۆماری ئیسلامی
“بە هەندێک هۆکار”
کاتی کۆبوونهوهی کۆمیتهی ناوهندی
زانیبوو
لەبارەی یەکگرتنەوەیان لە حدکا سۆران نووری گوتی “باسی یهکگرتنهوه چهندین ساڵه له نێو ههردوو حیزبی ديموکراتدا له ئارادایه و ههنگاوی بۆ ههڵگیراوه و دوو لیژنە له ههردوولا دیاری کراون بۆ کار لهسهر یهکگرتنهوه، ماوهی زیاتر له یهکساڵیشه (حدک و حدکا) له ناوهندی هاوکاریدان و پێکهوه کار دهکهن و باس و بابهتی یهکگرتنهوهیش ههروا بهردهوامه؛ هیوادارم به زووترین کات ئهم مهسهلهیه به یهکگرتووی بنهماڵهی ديموکرات کۆتای پێبێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی حزبی دیموکرات پێيوایە، بارۆدۆخی ئێستای ئێران له ههموو بوارێکدا (سیاسی، ئابووری، کۆمهڵایهتی و پەیوەندییەکانی دەرەوەشی و…) خراپتر له ساڵانی رابردووه، گهمارۆکانی ئەمریکا کاریگهری زۆری داناوه بهتایبهت له بواری ئابووری و نێونهتهوهيی، رژێم تووشی قهیران بووه، ناڕهزایهتی جهماوهری له ئێران ههر رۆژ زیاتر دهبێت و ئهگهری ههر رووداو و گۆڕانکارییهک له ئارادایه. ئاساییه ئێمهیش وهک حزبێکی سیاسی، که له گۆڕهپانی خهباتی رۆژههڵاتی کوردستان ئامادەییمان ههیه، دهبێت بهرنامهی خۆمانمان ههبێت، که له ئهگهری ههر رووداوێکدا بتوانین رۆڵی بهرچاوی خۆمان بگێڕین، ئێمه کاتێک دهتوانین رۆڵی باشمان ههبێت، که یهکڕیز و یهک گوتار له مهیداندا بین. ئێستا که ناوهندی هاوکاری ههیه تێبکۆشین ئهم ناوهنده بههێز کهین و بیکهین به ئهدرهسێکی دیاریکراو و کار بکهین بۆ پێکهێنانی بهرهیهکی کوردستانی، که له ئهگهری ههر گۆڕانکارییەک له ئێران و کوردستان، بتوانێت رۆڵی بهرچاوی خۆی ههبێت.
ئەنجام
بە گوێرەی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، باشترین چەکی وەڵامدانەوە بەو دەستدرێژیانەی ئێران، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت حیزبەکانی رۆژهەڵات، کە تاکو ئێستا کورد لێی بێبەشە و زیانی زۆری لە نەبوونی یەکڕیزی بەرکەوتووە.
پرسیارێک لێرە دێتە گۆڕێ، ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەو هەموو رووداوانەی بەسەریاندا هاتووە، بە هۆی کۆماری ئیسلامی ئێران واتە دوژمنی هاوبەشیان، نەک یەکگرتوو نەبوون بەڵکو زیاتر لەیەکتر دوور کەوتوونەتەوە و پەرتەوازە بوون، تەنانەت وەک دژ بەیەک هەڵسوکەت دەکەن بە کردار، ئایا چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێ سەرەڕای پەرتەوازەییان، یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بەرانبەر رووداو و گۆڕانکارییە حەتمییەکانی داهاتووی ناوچەکە و ئێران بووەستن؟
سەرچاوەکان
١ـ http://www.nuche.net/?p=126864
٢ـ http://www.nuche.net/?p=126901
٣ـ https://www.aa.com.tr/ks95-/1250541
٤- http://www.kurdistanukurd.com/?p=35169
٥- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/090920189?keyword=&isArchive=True
