نوچە-مهر
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، خوازیاری پێکهێنانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکهاتوو لە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی حەشدی شەعبییە.
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە تویتێکدا نووسیویەتی لە مێژساڵە جەخت دەکاتە سەر پاراستنی شکۆی نیشتمان و رێگرتن لە فرەیی هێزی سەربازی لە عێراق و لەم بارەشەوە هۆشداری داوە.
بە گوتەی عەلاوی، فرەبوونی هێزی چەکدار و سەربازی، دەرهاویشتەی مەترسیداری هەیە و تەنها چارەسەر، پێکهێنانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، کە تیادا هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشدار بن.
عەلاوی دەشڵێت، بۆ سەقامگیری عێراق، هیچ رێگایەک بوونی نییە مەگەر ئەوەی، کە عێراقی یەکگرتوو، سوپای یەکگرتوو، بڕیاری یەکگرتووـ و فەرماندەیی یەکگرتوومان هەبێت.
ئەم نەخشەڕێگایەی عەلاوی، پێچەوانەی بۆچوونی پێشوویەتی، کە رایگەیاندبوو “دەبێ هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبووەشێتەوە”.