پەرلەمانی کوردستان سکاڵا تۆمار دەکات

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەکەمان، سکاڵای یاسایی لەسەر یاسایەکی کارگێڕی دارایی عێراق تۆمارکردووە.    

بەپێی دەستوری عێراق، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە بودجەی گشتی عێراق بەڕێژەی لە ١٧% دیاری بکرێت، دواتر پەرلەمانی کوردستان ئەو بەشە بودجەی، کە لە بودجەی گشتی عێراق بۆی دیاری کراوە پەسەندی بکات، ئەوکات هەرێم ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات، بەڵام بەپێی ئەو یاسایەی، کە کارگێری دارایی عێراق دەریکردووە، هەرێمی کوردستان سەرەتا دەبێت بودجەی خۆی پەسەند بکات، ئەوکاتە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات، بۆئەوەی لە بودجەی گشتی عێراق پشکی هەرێم دیاری بکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق سکاڵایان لەو بارەیەوە، رایگەیاند “لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، سكاڵای یاسایی لەسەر یاسایەكی کارگێری دارایی عێراق تۆمارکردووە، کە داوادەکات ھەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بنێرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، بۆئەوەی پەسندی بكات، ئەوکات پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی٢٠٢٠ـی عێراق دیاری بکرێت”. 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “یاسایەكە تەواو پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونکە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، ھەرێمی كوردستان دەتوانێت لە پەرلەمانی خۆیەوە بودجە پەسند بكات، ئەمەش ئەو كاتە دەبێت، كە بەغدا بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی دیاری دەكات”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە لیژنەكەیان رێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵای لەسەر یاساكە گرتووەتەبەر و بەردەوام دەبین لەسەر سکاڵاکەیان، تاکو وەڵامیان دەرێتەوە. گوتیشی “هەرێمی کوردستان خاوەنی دەزگای یاسادانی خۆیەتی و ئەم بڕیارە قبوڵناکات”.   

سەعدەدین، دەشڵیت “ئەگەر ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوکاتە حكومەتی عێراق، ئەگەر نیازێكی خراپی هەبێت دەتوانێت لە پشکی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، چونكە دەیەوێ ووردەکارییەکانی بودجە و داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بزانێت، پاشان لە بودجەی گشتی بەشی ھەرێم دیاری بكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com