نوچە-سی.ئێن.بی.سی
سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان نیگەرانی خۆی لە بارەی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی دەردەبڕێ و دەڵێت، لەم دۆخەدا حزبوڵڵای لوبنان بە بەرپرسیار دەزانێت.
حەریری لە چاوپێکەوتنى لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، کە حزبوڵڵا نە تەنها کێشەیە بۆ لوبنان، بەڵکو کێشەیەکی ناوچەییشە.
بە گوتەی حەریری، ئیسرائیل لە هەوڵدایە سیناریۆیەک بخاتەڕوو، کە بەو رێگەوە هەموو لوبنان تۆمەتبار بکات، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگادارە، کە کێشەکە لوبنان نییە، بەڵکو حزبوڵڵای لوبنانە.
حەریری نیگەرانی خۆی لەبارەی شەڕ ناشارێتەوە و دەڵێت، سیناریۆی شەڕ تادێ پەرە دەستێنی ئەمەش لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تادێ قووڵتر دەبێتەوە.
ئەم لێدوانانەی حەریری دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل و حەماس هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر دەستپێکردۆتەوە.