نوچە
رووداوه سیاسییه‌كانی ١٩٧٩ی ئێران و هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، وه‌رزێكی نوێی گۆڕانكاری گه‌وره له‌پێكهاته‌ی هێزو سیاسه‌تی له‌ئێراندا خوڵقاند و سوپای پاسداران، وه‌ك نموونه‌یه‌كی به‌رچاو له‌م گۆڕانكارییانه له‌دایكبوو.
ئه‌م سوپایه له به‌رانبه‌ر ته‌واوی پرسه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران ڕۆڵی سه‌ره‌كی پێ دراوه، به‌تایبه‌ت له كۆنتڕۆڵكردنی جومگه هه‌ستیاره‌كانی ناو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
سوپای پاسداران له پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری سیستمی سیاسیی ئێران، به‌مه‌زنترین هێزی سه‌ربازی و چه‌كداری ئێران گۆڕدرا، ئێستا له‌ره‌وتی چالاكییه‌كانی سوپای پاسداران‌دا سه‌رجه‌می بواره سیاسی‌و ئابوورییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌م هێزه‌وه مۆنۆپۆل كراوه‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆككۆمارو سه‌ره‌كیترین وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی ده‌وڵه‌ت، وزه‌ی مرۆیی پێشووتری سوپای پاسدارانی ئێران بوون، به‌جۆرێك له‌ژێر چاودێری ئه‌م هێزه‌دا سیاسه‌تی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی ئێران راده‌په‌ڕێنن. [١]

لهكێشمهكێش و ململانێی نێوان ئێران‌و ئه‌مریكا، سوپای پاسداران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م هێزه وه‌ك یه‌كه‌مین به‌رده‌نگی ئابڵوقه‌كانی ئێران دیاریكراوه و ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی له‌و بڕوایه‌دان كه كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی هێز له‌ئێراندا سوپای پاسدارانه.
پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی سوپای پاسداران
له‌دوای روخانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له‌ئێران و هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، ئه‌رته‌شی پێشووتری ئێران هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه، به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاو لهفهرماندهكانی ئه‌رته‌ش له‌رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی حكومه‌تی ئێران یان له‌سێداره‌دران یان له‌ئێران رایانكرد.
ئه‌رته‌شی ئێران هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه، به‌ڵام توانا سه‌ربازییه‌كانی ئه‌رته‌ش لاواز كرا و تێكشا و لهلایهكیتریشهوه ئه‌رته‌ش جێگه‌ی بڕوای ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی نه‌بوو، هه‌ر بۆیه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان له ئه‌رته‌ش، هێزێكی نوێی چه‌كدار به‌ناوی سوپای پاسداران له‌دایكبوو.
پێش ئه‌وه‌ی له‌راگه‌یاندنی فه‌رمی سوپای پاسداران و له رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی كۆماری ئیسلامی، ده‌وڵه‌تی كاتی ئێران كه‌وته هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی هێزێكی چه‌كدار به‌ناوی (گاردی میللی) و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته “حه‌سه‌نی لاهوتی” بڕیارێكی له ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی وه‌رگرت، به‌پێشنیاری “موحمه‌دی ته‌وسولی” ناوی سوپای پاسداران هه‌ڵبژێردرا و به فه‌رمانی خومه‌ینی چاودێریكردنی ئه‌م هێزه چه‌كداره راده‌ستی ده‌وڵه‌تی كاتی كرا.
په‌یڕه‌وی ناوخۆیی ئه‌م هێزه له‌لایه‌ن كه‌سانێكی وه‌ك “حه‌سه‌نی لاهوتی”، “موحسینی سازگارا” و چه‌ند كه‌سێكی دیكه داڕێژرا و چالاكییه‌كانی ئه‌م هێزه ده‌ستیپێكرد. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئه‌م هێزه چه‌كداره، سێ بە هێزیترین به‌ناوه‌كانی گاردی شۆڕش، پاسا و هێزه چه‌كداره‌كانی رێكخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی، بۆ پارێزگاریكردن له‌ده‌سه‌ڵاتی نوێی ئێران دامه‌زران.
چه‌ند مانگ دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی ره‌فسه‌نجانی، سه‌رجه‌می ئه‌م هێزانه تێكه‌ڵكران و یه‌ك ساڵ دواتریش به بڕیاری ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی، سه‌ربه‌خۆبوونی سوپای پاسداران له ده‌وڵه‌ت راگه‌یه‌ندرا و سوپای پاسداران كه‌وته ژێر كۆنترۆڵی ئه‌نجوومه‌نی شۆڕشی ئیسلامی و به‌شێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانده‌یی رابه‌ری ده‌كرا، دواتر سوپای پاسداران، وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی شه‌خسی وه‌لی فه‌قیه، كه بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی له سیستمی سیاسی ئێرانه و “موحسینی ره‌زایی”، وه‌ك یه‌كه‌مین فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی له دوای رۆڵی ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانده‌یی له‌لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خومهینییهوه هه‌ڵبژێردرا.
سوپای پاسدارانی ئێران و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه كوردییه‌كان
دوای راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، خه‌ڵكی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری رۆژهەڵاتی كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه گرت، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و رێكخراوه پیشه‌ییه‌كان سه‌ریان به‌رزكرده‌وه و خه‌ڵكی كوردستانی رۆژهه‌ڵات كه‌وتنه پیاده‌كردنی دیموكراسی له‌و هه‌رێمه.
له‌دوای شكستی یه‌كه‌مین هێرشه‌كانی حكومه‌تی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان، دانووستاندن و دیالۆگ له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ده‌ستیپێكرد.
كۆماری ئیسلامی، ملكه‌چی هیچ یه‌ك لهخواستهكانی خه‌ڵكی كورد نه‌بوو، له‌م دانیشتنانه ته‌نیا وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ حه‌سانه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی هێز كه‌ڵكی وه‌رگرت و چه‌ند مانگ دواتر سوپای پاسدارانی ئێران به‌فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی هێرشێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستپێكرد.
سوپای پاسداران به‌هاریكاری ئه‌رته‌ش و هێزه چه‌كداره‌كانی دیكه، سه‌رجه‌می شار‌و ناوچه‌كانی كوردستانی داگیركرد و له‌سه‌رده‌ستی ئه‌م هێزه، چه‌ندین تاوانی گه‌وره‌ی وه‌ك كوشتاره به‌كۆمه‌ڵه‌كانی “قارنێ و قه‌ڵاتان” کوشتاری خەڵکی سنە، مهاباد و پاوە و…هتد، ئه‌نجامدرا.
چالاكییه‌كانی هێزی قودسی سه‌ر به‌سوپای پاسداران
هێزی قودس له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران ـ عێراق دا، دامه‌زرا و راپۆرت و زانیاری زۆری سه‌باره‌ت به چالاكییه‌كانی هێزی قودس له ئاراسته‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌به‌رده‌ستدایه. موحسینی ره‌زایی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران ـ عێراق، له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ری سنووری سوپای پاسداران، باس له راهێنان و په‌روه‌رده‌ی هێزه‌كانی شیعه‌ی باشووری عێراق ده‌كات و چۆنیه‌تی شكڵگرتنی سوپای به‌دری سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی باڵای عێراق، له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای پاسداران، به‌وردی ئاشكراده‌كات.
دكتۆر فه‌ریبورز سارمی، لێكۆڵه‌ری سیاسی ـ سه‌ربازی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی خوێندنه‌وه ستراتیژییه‌كانی عیسا له‌واشنتۆن، هێزی قودسی سوپای پاسداران به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ناوده‌بات و زانیارییه‌كی به‌رفراوانی له چالاكییه‌كانی ئه‌م هێزه، له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا له‌به‌رده‌ست دایه.
دكتۆر سارمی، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ رۆژنامه‌ی ده‌ستوور، تیشك ده‌خاته سه‌ر چالاكییه‌كانی ئه‌م هێزه و رایده‌گه‌یهێنێت، كه هێزی قودس لهفازی یه‌كه‌می شه‌ڕی ئێران-عێراق دا، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ چالاكی له پشت هێزه‌كانی دوژمنی ئه‌و سه‌رده‌مه پێكهات.
سارمی ده‌ڵێت “ئه‌م هێزه راسته سه‌ر به سوپای پاسدارانه، به‌ڵام راسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانی رابه‌ری كۆماری ئیسلامی و وه‌ڵامده‌ره‌وه به رابه‌ره”. به بۆچوونی ئه‌و لێكۆڵه‌ره سیاسییه، جوگرافیای هه‌ڵسوڕانی ئه‌و هێزه، ته‌نیا وڵاتانی دراوسێی ئێران و وڵاتانی كه‌نداو نییه، به‌ڵكو له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، ئه‌فه‌ریقا و ئه‌مریكا، چالاكی ده‌كات.
هه‌روه‌ها وتی “قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزه، به‌شێوه‌یه‌كی پرۆفیشناڵ و به سهرمایهیەكی مه‌زن، خه‌ریكی رێكخستنی شانه نهێنییه‌كانی ئه‌م هێزه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێرانه و، بێگومان ئه‌م هێزه له‌داهاتوودا ده‌توانێ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دروستبكات”.
بابه‌ك داد رۆژنامه‌وان و چاودێری سیاسی ناسراوی ئێرانی نیشته‌جێ له‌وڵاتی فه‌ره‌نسا، چالاكییه‌كانی سوپای پاسداران به‌سه‌ر دوو قۆناغی سه‌رده‌می شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران –عێراق و دوای شه‌ڕ دابه‌شده‌كات. بابك داد به رۆژنامه‌ی ده‌ستووری وت “له شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا گاردی تایبه‌تی موحه‌مه‌د ره‌زا شا، ناسراو به “گاردی جاویدان”، به‌ڕێوبه‌رو به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی له سه‌ركوتی خوێناوی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ بوو”.
داد ده‌ڵێت “له‌دوای شۆڕش وابڕیاربوو، كه به‌رپرسیاریێتی روبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی ده‌ره‌كی و پارێزگاریكردن له‌وڵات، له‌ئه‌ستۆی سوپای پاسداران بێ، هه‌ربۆیه زۆر كه‌س خۆی به‌ڕیزه‌كانی ئه‌م هێزه ناساند و له‌دوای كۆتایی شه‌ڕ، ئه‌م كه‌سانه له سوپای پاسداران هاتنه‌ده‌ره‌وه”.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه سوپای پاسداران ورده‌ورده له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی دووركه‌وته‌وه و به‌گرتنه ده‌ستی ئابووری و سه‌رمایه‌ی به‌هێز و له ره‌وتێكی ٢٠ ساڵه‌دا، به‌گاردی تایبه‌تی و له راستیدا به گاردی جاویدانی خامنه‌یی گۆڕدران.
پێگه‌ی سوپای پاسداران،
وەک هێزه چه‌كداره‌كانی
پاكستان و توركیا نییه
داد دەڵێت “سه‌رجه‌می تاوانه‌كانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ئێران له ئه‌ستۆی ئه‌م هێزه‌یه و به درێژه‌دانی ئه‌م رێچكه‌یه، هیچ كات خه‌ڵكی ئێران لێیان خۆش نابن”. له‌دوای شه‌ڕ، سوپای پاسداران به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو ده‌ستیدایه سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌رجه‌می به‌شه ئابوورییه‌كان و ئێستا كۆڵه‌كه‌ی ئابووری ئێران له سه‌رمایه و داراییه‌كانی سوپای پاسداران پێكهاتووه، میدیا، نه‌وت، گاز، كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل و …هتد. مه‌یدانی چالاكییه ئابوورییه‌كانی سوپای پاسدارانه و ته‌نانه‌ت ساڵی رابردوو به‌شێكی به‌رچاو له پشكی كۆمپانیای پەیوەندی و گواستنه‌وه له‌لایه‌ن سوپاوه كڕدرا.
پێگه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران له‌كۆماری ئیسلامی، هاوشێوه‌ی پێگه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاتانێكی وه‌ك پاكستان و توركیا نییه و جیاوازی له نێوان ئه‌م سیستمانه‌دا هه‌یه. سوپای پاسدارانی ئێران ره‌وایی و مه‌شروعییه‌تی خۆی له‌چوارچێوه‌ی سیستمێك‌دا پێناسه ده‌كات، كه كۆڵه‌كه و ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی وه‌لی فه‌قیهه، هه‌ر به‌و هۆكاره‌ش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، كه سوپای پاسداران هێزێكی دیاریكه‌ری له ئێران‌دا هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ناچاره خۆی وه‌ك گوێڕایه‌ڵی بڕیاره‌كانی رابه‌ر نیشانبدات.
ئه‌م سوپایه له به‌رانبه‌ر ته‌واوی پرسه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران ڕۆڵی سه‌ره‌كی پێ دراوه [٢]

سوپای پاسداران ده‌سه‌ڵاتی پێدرا،
كه چه‌ندین گروپی “ناحكومی”
له ناو ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی
ئێران چه‌كدار بكات
ئه‌م سوپایه له به‌رانبه‌ر ته‌واوی پرسه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران ڕۆڵی سه‌ره‌كی پێ دراوه، به‌تایبه‌ت له كۆنتڕۆڵكردنی جومگه هه‌ستیاره‌كانی ناو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ته‌واوی لینكه‌كانی بازرگانی ئێران دا به‌تایبه‌ت ته‌واوی سێكته‌ره جیاوازه‌كانی بازرگانی ده‌ره‌كی دا.
سوپای پاسداران ده‌سه‌ڵاتی پێدرا، كه چه‌ندان گروپی (ناحكومی) له ناو ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران چه‌كدار بكات و بیانبه‌ستێته‌وه به خۆیه‌وه. له‌وانه‌ش وه‌ك: حیزبوڵای لوبنان. له‌و ڕێیه‌شه‌وه، ڕژێمی ئێران له ڕێی ئه‌و گروپه چه‌كداركراوه ناحكومییانهوه، توانی كاریگه‌ری ئیقلیمی له ناوچه‌كه‌دا و، له ناو حكومهتهكانیشیان دا، بچه‌سپێنێت.
سوپای پاسداران
رێكخراوێكی تیرۆریستییە
سوپای پاسداران له كاروباره سیاسییه‌كانی ناوخۆی ئێرانیش دا، راسته‌وخۆ فه‌رمان له رێبه‌ری باڵای ئێران وه‌رده‌گرێ و، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی كاربه‌ده‌سته باڵاكانی رژێمی ئێرانیش به فیلته‌ری ئه‌م سوپایه‌دا رووه‌و كایه‌كانی تری ناو حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێران، تێپه‌ڕیون.
له مانگی چواری ساڵی ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا سوپای پاسدارانی وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند و گوتی “سوپای پاسداران هاوكاری راسته‌وخۆی دارایی و لۆجیستی و هانده‌ر و دنه‌ده‌ری گروپه تیرۆریسته‌كانه. ئه‌م كارانه‌شیان له ره‌وشت و په‌روه‌رده‌ی سوپای پاسدارانه‌وه، سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێت”.
هه‌رچه‌نده پێشتریش چه‌ندین جار سوپای پاسداران، سزای ئه‌مریكای به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ی ترامپ، بۆ یه‌كه‌مینجار بوو كه سوپای ده‌وڵه‌تێك بخرێته لیستی تیرۆره‌وه.
ژماره و پێكهاته‌ی سوپای پاسداران
جه‌نگی ئێران-عێراق، سوپای پاسدارانی له هێزێكی شه‌ڕكه‌ری كلاسیكی و ساده‌وه گۆڕی به هێزێك، كه پێكهاته‌كه‌ی سوود له سوپاكانی خۆرئاوا وه‌ربگرێت. به‌پێی به‌دواداچوونی په‌یمانگای لێکۆڵینەوەى ستراتیژیی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، له ئێستادا ١٢٥ هه‌زار سه‌ربازی رێكخراو له پێكهاته‌ی هێزه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م سوپایه‌دا ئاماده‌كراون. به‌م شێوه‌یه:
یه‌كه‌م: هێزه پیاده‌كانی سوپای باسداران به‌سه‌ر سی و یه‌ك پارێزگا و تارانی پایته‌خت دا، كه سه‌د هه‌زار سه‌ربازی رێكخراون، دابه‌شكراون و جێگیركراون.
دووه‌م: هێزه نیمچه – سه‌ربازییه‌كان، كه به (به‌سیج) ناوده‌برێن، شه‌ش سه‌د هه‌زار به‌سیج، ناویان نووسراوه.
سێیه‌م: هێزه ده‌ریاییه‌كان، كه رێكخراون، ژماره‌یان ٢٠ هه‌زار كه‌سه. ئه‌مانه به‌رپرسیاری پاراستنی سنوره ئاوییه‌كانی ئێرانیان له ئه‌ستۆدایه، به هی ته‌نگه‌ی هورمزیشه‌وه، كه یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی نه‌وتی جیهان به‌م ته‌نگه‌یه‌دا ده‌گوازرێته‌وه.
هه‌روه‌ها، به پێی زانیارییه‌كانی (ئاژانسی زانیاری وزه‌ی ئه‌مریكا) هێزێكی ئاسمانی، كه جیایه له‌و سێ خاڵه‌ی، كه له پێشووتردا ئاماژه‌ی پێدرا، له‌گه‌ڵ هێزێكی سه‌ربازی تایبه‌ت دا، به‌رپرسیاری به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی موشه‌كی ئێرانن.
زیاتر له‌وانه‌ش، به پێی زانیارییه‌كانی (په‌یماگای دراساتی ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا) یه‌ك تیپ (لق: گروپ)ی رێكخراوی ئینته‌رنێتیش (سایبەری)، كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به سوپای پاسدارانه‌وه، سێ كار بۆ سوپای پاسداران ده‌كه‌ن:
– كرداری ئه‌نجامدانی سیخوڕی سه‌ربازی.
– كرداری ئه‌نجامدانی سیخوڕی بازرگانی.
– بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده له خزمه‌ت رژێمی ئێران و، شه‌ڕی ده‌رونی. به‌ڵام ئه‌و زانیارییه روون نییه، كه ئایا ئه‌م گروپه رێكخراوه، په‌یوه‌ست كراون به گروپی (هاككه‌ره ده‌وڵه‌تیه‌كانی رژێمی ئێران)ـه‌وه یاخود نا!؟
چالاكییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سوپای پاسداران:-
له‌گه‌ڵ به‌شداری كردنی سوپای پاسداران له جه‌نگی ئێران-عێراق دا، ئیتر ده‌ستیان كرده سپۆنسه‌ركردنی گروپه چه‌كداره ناحكومییه‌كانی ناوچه‌كه. هێزه‌كانی قودس به‌ناونیشانی به‌ڕێوه‌بردنی لقی كاروباره ده‌ره‌كییه‌كانی سوپای پاسداران، هاتنه‌بوون و، له‌گه‌ڵی دا په‌ره‌یان به په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كداره‌كان له ئه‌فغانستان، عێراق، لوبنان و هه‌تا سنووره‌كانی فه‌له‌ستین و هه‌ندێ شوێنی‌تر دا. ده‌ستیان كرده دابینكردنی مه‌شقی سه‌ربازیی و پێدانی راوێژكاری سه‌ربازی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه له ناو وڵات و حكومه‌ته‌كانیان دا، به‌هێز ببن.
له ساڵی ١٩٨٣ بۆمبارانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا
و یه‌كه‌ی تایبه‌تی سه‌ربازه ده‌ریاوان
و پهڕهشووتهوانهكانی فه‌رەنسی
و ئه‌مریكیان له به‌یروت كرد
ئێران به رواندنی بزافی شیعهگهرايی حیزبوڵڵای لوبنان، شۆڕشه‌كه‌ی خۆی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی كرد و، دواتریش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی له به‌رانبه‌ر ئیسرائیل دا، به‌كارده‌هێنا.
حیزبوڵلا كه‌وته دژایه‌تی دوژمنانی رژێمی ئێران و، كه‌وته دژایه‌تیكردنی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل، كه له‌و كاته‌دا باشووری لوبنانیان داگیركردبوو.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له ساڵی ١٩٨٣ بۆمبارانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا و یه‌كه‌ی تایبه‌تی سه‌ربازه ده‌ریاوان و پهڕهشووتهوانهكانی فهرةنسی و ئه‌مریكیان له به‌یروت كرد و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، ده‌ستیان دایه تیرۆركردنی كاراكته‌ره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مانه ناوه‌ندی یههودییهكانیان له بۆینس ئایرسی ئه‌رجه‌نتین له ساڵی ١٩٩٤، ته‌قانده‌وه.
له پاش داگیركردنی عێراق له ساڵی ٢٠٠٣ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه و، دەستوەردانی سوپای پاسداران له كاروباری ناوخۆی عێراق دا، ئه‌وه بوو به خاڵێكی تایبه‌تی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هێز له نێوان ئه‌مریكا و ئێران.
جۆرج ده‌بليو بۆشی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا له باره‌ی دەستوەردانی ئێران له كاروباری عێراق دا، رژێمی ئێرانی به (سه‌ری شه‌یتان) و، به (سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه‌نانه‌وه له عێراق)دا ناوبرد، ئه‌و شوناس پێ به‌خشینه‌ی جۆرج بۆش به رژێمی ئێران له ئه‌نجامی تێوه‌گلانی سوپای قودسی پاسداران بوو له مه‌شقپێكردنی چه‌كداره شیعه عێراقییه‌كان، بۆ دانانه‌وه‌ی بۆمب له‌سه‌ر رێگای سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان و كوشتنی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان له ساڵی ٢٠٠٧ له عێراق دا.
سوپای پاسداران ٦٠٨ سه‌ربازی
ئه‌مریكی له عێراق کوشتووە
كابینه‌ی ترەمپیش رایگه‌یاند: پسپۆڕانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی لێمان ده‌پرسن، ئایا ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی سوپای قودس به فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵای ئێرانه؟
به‌ڵێ به فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵای ئێران، سوپای پاسداران هه‌ستاوه به كوشتنی ٦٠٨ سه‌ربازی ئه‌مریكی له عێراق دا، له نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١.
به‌هۆی ڕاپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ساڵی ٢٠١١ـه‌وه، هێزه‌كانی قودس به‌شێوه‌یه‌كی لێزانانه داخڵی سووریا بوون. له سه‌ره‌تادا كاربه‌ده‌ستانی ئێران پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه ئه‌و به‌شداربوونه ته‌نیا بۆ پاراستنی مه‌زارگه‌كانی شیعه‌یه له ناو سووریا دا. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كی كورت، دانیان به‌وه‌دانا كه به‌شداریان ته‌نیا هاوكارییه‌ك بووه به به‌شار ئه‌سه‌د كاتێك كه فشاری له‌سه‌ر بووه. كه‌چی كاتێك راپه‌ڕینی سووریا گۆڕدرا به شه‌ڕی ناوخۆیی، هێزه‌كانی قودس هه‌ر ته‌نیا وه‌ك راوێژكاری سه‌ربازی خزمه‌تی رژێمی ئه‌سه‌دیان نه‌ده‌كرد، بگره وه‌ك هه‌نگاونانی پلان بۆداڕێژراو، هه‌نگاویان ده‌نا.
ئه‌مه‌ش كاتێك ڕوون بوویه‌وه، كه ژماره‌ی به‌خاكسپاردنی سه‌رباز و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له جه‌نه‌راڵه به‌ناوبانگه‌كانی ئێران، كه له شه‌ڕی سووریادا كوژرابوون، زیادی كرد. هه‌روه‌ها، زۆرێكیش له‌وانه‌ی، كه كوژراوی ناو هێزه‌كانی قودس بوون، ئێرانی نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌ندامی میلیشیاكانی حیزبوڵڵا و ئه‌و په‌نابه‌ره ئه‌فغانیانه بوون، كه له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه مه‌شقیان پێ كرابوو.
تیمی تیرۆری تایبەتی سوپای پاسداران [٣]
له پاش ئه‌و رووداوانه، هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌شێوه‌یه‌كی لێزانانه، ئینجا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران رایانگه‌یاند: ئاماده‌یی هێزه‌كانی قودس له عێراق و سوریا به‌رفراوان بووه‌و هۆشداریشیان دا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گروپه سونییهكان له عێراق و سوریا نهشكێنرێن، ئه‌وا به‌ره‌و ئێران پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه، دواتر ده‌یان هه‌زار شیعه‌یان له عێراق چه‌كدار كرد و به بیانووی پێش‌گرتن به داعش، هێزێكی گه‌وره‌ی سهریازیان لێ پێكهێنان. زۆر به‌خێراییش به هه‌مان تایبه‌تمه‌ندیی و مافی سوپای عێراق ڕه‌وایه‌تی و مه‌شروعیه‌تیان پێ دان!
یەكەی ٤٠٠ی هێزی قودسی سوپای پاسداران
تیمێكی تایبەتە بە تیرۆرەكان
لە دەرەوەی ئێران
یەكەی ٤٠٠-ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیمێكی تایبەتە بە تیرۆرەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران. ئەو یەكەیە بەرپرسە لە گەیاندنی چەكوچۆڵ و راهێنان و رێنمایی كردنی تیرۆریستان و رێكخراوە چەكدارییەكان لە جیهان و ئەركی سەرەكییان تیرۆری هەموو ئەو كەسانەیە كە رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی.

یەكەی ٤٠٠ بەرپرسیارێتی سەرجەم ئەو تیرۆر و تەقینەوانەی چەند ساڵی رابردووی لەسەر ساغ بووەتەوە، كە لەخوارەوە ئاماژە بە چەند دانەیەكیان دەكەین:
تیرۆری دیپلۆماتكاری سعوودیە لە پاكستان، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١١.
داڕشتنی بەرنامەی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتن لە مانگی ئەیلوول/سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١١، کە “مەنسوور ئەرباب سیر” پلانداڕێژەرەکە بووە، دانی بە هەوڵی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستاندا نا.
كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی لە شوباتی ساڵی ٢٠١٢ لەوانەیش تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوسەری دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیل لە نیودەلهی.
ئەنجامدانی تەقینەوە لە جۆرجیا و بەرنامەی تەقاندنەوەی ماڵێك لە بانكۆك، كە ژمارەیەك ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تیادا بوو، بەڵام دواجار پلانەكە سەری نەگرت و سەرجەمی ئەو ئەندامانەی یەكەی ٤٠٠ بۆ ئەو كردەوەیە رەوانەی كردبوون، گیران.
سەردار حامید عەبدوڵاهی، فەرماندەی یەكە ٤٠٠ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆیە، عەبدوڵاهی لە گەڕەكی شائابادی تاران لەدایك بووە و بەرپرسیارێتی سەرجەم تیرۆرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەستۆیە.
بەرلەوەی وەك فەرماندەی یەو یەكەیە دەستنیشان بكرێت، فەرماندەی سوپای پاسدارانی زاهیدان و زابول بووە و لە سەردەمی فەرماندەیی قاسم سلێمانی لە لەشكری ٤١ی سوپای پاسداران، جێگری سلێمانی بووە و دواتر لەلایەن خامنەییەوە وەك بەرپرسی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستنیشان كراوە. عەبدوڵاهی لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە ناوی خراوەتە ناو لیستی رەشەوە.
مەجید عەلەوی، جێگری فەرماندەی یەكەی ٤٠٠ی سوپای قودسە، لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مەحموود ئەحمەدینەژاد جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بووە و ساڵی ٢٠١١ گوازرایەوە بۆ ئەو یەكەیە و بوو بە جێگری حامید عەبدوڵاهی.
ئەو یەكەیە سوود لە كەسانی ناو دامەزراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەك كۆنسوڵگە و باڵیۆزخانەكان وەردەگرێت بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان و هەر لە رێگەی ئەوانەوە ئامادەكارییان بۆ ئەنجام دەدات و هەندێك جار هەر لەو كەسانەش بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە یان تیرۆركردن كەڵك وەردەگرێت.
– بەكارهێنانی كۆمپانیا بازرگانییەكانی سەربە سوپا كارئاسانیان بۆ دەكات بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی یەكەكە لەژێرناوی بازرگان هاتووچۆی دەرەوەی ئێران بكەن و ئامانجەكانیان جێبەجێ بكەن.
– بە قاچاغ بردنی چەكوچۆڵ و تەقەمەنی لە رێگەی كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی وەك كۆمپانیای ئاڕەش، زووبین و كۆمپانیای ئاریا بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی بە ئامانج گیراون.
– دامەزراندنی ناوەندە ئاینییەكان، ناوەندە فەرهەنگی و تەندرووستییەكان لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەندامی خۆجێیی لە وڵاتاندا بۆ یەكەكەیان كۆ بكەنەوە.
– راكێشان و رێكخستنی ئەو كەسانەی بۆ پەروەردەی زانستی ئایین روو دەكەنە ناوەندە ئاینییەكانی وەك حەوزەی زانستی ئاینی شیعە لە شاری “قوم”.
سەركردەكانی كورد وەك ئامانجی یەكەكە كوردی رۆژهەڵات، زیاترین زیانیان لەو یەكە تیرۆریستییە بەر كەوتووە و دوای داگیرسانی شەڕی دژی كوردستان بە فەرمانی خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی پیكرد و ئەوەیش بووە هۆكار حزبەكانی رۆژهەڵات بنكە و بارەگاكانیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتەوە ببەنە دەرەوەی سنوورەكان.
یەكەی ٤٠٠ی هێزی قودسی سوپای پاسداران، لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا بەناوی دیپلۆماتكار تیمیكی تیرۆری بۆ ئەو وڵاتە رەوانە كرد و بە بیانووی دانوستان لەسەر چارەسەری دۆزی كورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ د. عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری گشتی حزبی دیموكرات لە “ڤیەنا”ی پایتەخت كۆ بوونەوە و لە كاتی وتووێژكردندا دیپلۆماتكارەكانی كۆماری ئیسلامی چەكەكانیان دەرهێنا و قاسملوو و هاوڕێیانیان تیرۆر كرد.
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر و فازیل رەسوڵ مەحموود، لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر كران.
د. قاسملوو دوا سەركردەی رۆژهەڵات نەبوو كرا بە ئامانجی ئەو یەكەیە و ئەمجارەیان د. سادق شەڕەفكەندی، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەڵمانیا بووە نێچیری ئەو دەزگە تیرۆریستییە.
١٧ ئەیلوول/ سێپتەمبەری ١٩٩٢ دكتۆر سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ریستۆرانتی میكۆنۆسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و نووری دێكوردی لەلایەن راسپێردراوانی عەلی خامنەیی تیرۆر كران.
تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی تەنیا سێ ساڵ دوای تیرۆركردنی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو رووی دا، بەڵام ئەمجارەیان دادگەی ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتی نەمسا بێ دەنگبوونی لەم تیرۆرە هەڵنەبژارد و بەدواداچوونەكانی بۆ ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیەی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەكار بوبوو.

سه‌ردار غه‌فووری له تیمی تیرۆری د. قاسملو 
جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی، له تیمی تیرۆری د. قاسملو
ئاشكرابوونی ئەو یەكە شاراوەیەسەرباری هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرپۆشكردنی ئەو دۆسییەیە، هەرگیز نەیانتوانی وەك كەیسی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو، بە ساتوسەوداكردن دەوڵەتی ئەڵمانیا پاشگەز بكەنەوە. سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا پاڵەپەستۆی زۆری بۆ دادگە هێنا بۆ ئەوەی زیاتر رۆ نەچێتە ناو لێكۆڵینەوەكان، بەڵام هەر ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئەوەی پێوەندی دەوڵەتی ئێران و ئەڵمانیا بگاتە خراپترین ئاست لە مێژووی هەردوولا.
دادگایەکی ئەڵمانیا
كۆمیتەیەكی شاراوەی تیرۆری ئێرانی
ئاشكرا كرد
تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكایەتیی شاندێكی حزبی دیموكراتی دەكرد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال لە بەرلین و چەند كاتژمێرێك دوای كۆتایی كۆبوونەوەكە، لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی لە نەتەوەكانی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریستۆرانتی میكۆنۆس كۆ بووبوونەوە.
لە دادگەییەكەدا كەسێك كە پێشتر ئەندام بووە لە ئیتڵاعاتی ئێران، بە پاڵپشتی ئەبوحەسەن بەنیسەدر “یەكەم سەرۆك كۆماری ئێران، كە دواتر بەرەو ئەوروپا رای كرد” و گەرەنتی دادگەی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی ژیانی، وەك شایەت لە دادگەییەكەدا ئامادە بوو. ئەو كەسە، كە ناوی لە دادگەی میكۆنۆس پارێزراوە، دانی بەوە نا كە خۆی پێشتر ئەندامی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بووە و شایەتی لەسەر ئەوە دا، كە شێوازی داڕشتنی تیرۆرەكە بە باشی دەناسێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی وەزارەتی ئیتڵاعات، لە دادگە كۆمیتەیەكی شاراوەی تیرۆری ئێرانی ئاشكرا كرد، كە بەرپرسیاری سەرجەم تیرۆرەكانی دەرەوەی وڵاتیان لە ئەستۆ بوو، كە پێكهاتبوون لە رێبەری ئێران و سەركۆمار و وەزیری ئیتڵاعات و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ یەكەمجار ناوی یەكەی ٤٠٠ی لە دەرەوەی رێكخستنی سوپای قودس ئاشكرا كرد.
دوا بەدوای ئەو شایەتییە دادگەی ئەڵمانیا بەرپرسانی باڵای ئێران، لە سەرووی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی وەك ئەنجامدەرانی تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی بە تاوانبار ناوبرد
تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی دوا كاری تیرۆری سیاسی نەبوو لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵكو هەروەك شایەتەكەی دادگەی میكۆنۆس ئاشكرای كرد، كۆمیتەیەكی تایبەت لەناو یەكەی 400 بە سەرپەرشتی سەركردە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی پێك هاتبوو بۆ لەناوبردن و تیرۆری ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی كاریگەریان لەسەر رای گشتی ناوخۆی ئێران هەبوو و لە سەرووی هەمووان دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو و شاپووری بەختیار بوون.

شاپووری بەختیار سكرتێری گشتی “حزبی ئێران”، دوا سەرۆكوەزیرانی حكومەتی شای ئێران بوو.
پاش رووخانی رژێمی شای ئێران، لە چوارچێوەی “نیهزەتی مقاومەتی میلی” دژایەتی خۆی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران درێژە پێدا و ساڵی ١٩٨٠ هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩١ جارێكی تر لە پاریس لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرش كرایە سەری و تیرۆر كرا.
هەر ئەوكات میدیاكان بەرپرسیاری هەردوو هێرشەكەیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام حكوومەتی فەرەنسا هاوشێوەی كەیسی تیرۆری دكتۆر قاسملو لە نەمسا، ئەو تاوانەی پەردەپۆش كرد و كەیسەكەی بە نهێنی هێشتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران:
لە عێراق ١٠٠ هەزار چەكدارمان
دروست كردووە
ئەو یەكەیە لە عێراق چەندان كەسایەتی و دیپلۆماتی وڵاتانی دەرەوە و ناوخۆی عێراقی بە ئامانج گرتووە و دوا هەوڵی یەكەی ٤٠٠، وەك وەزارەتی بەرگری سعوودیە ئاماژەی پێدا، پلاندانان بوو بۆ هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵدا بڵاوی كردەوە كە تیمی تیرۆری هێزی قودسی سوپای پاسداران بە نیازی تیرۆركردنی سامر سوبهان باڵیۆزی پێشووی سعوودیە بوون لە بەغدا، لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەكەی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر دەزگای تەناهی سعوودیە زانیاری هەبووە، رێگەیان نەداوە سوبهان بەو ئۆتۆمبیلە بڕواتە فڕۆكەخانە و تیمەكە هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك، كە تەنیا شۆفێرێكی تێدا بووە.

دەستوەردانی سوپای پاسداران لە عێراق [٤]

محمد عەلی جەعفەری، فەرماندەی ئەوکاتی سوپای پاسدارانی ئێران، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤارێكی ناوخۆیی ئێران رایگه‌یاند “ئێران هێزی حەشدی شەعبی دروستكردووە لە رۆلەكانی عێراق، كە ١٠٠ هەزار چەكدار دەبن و ئەزمونی جەنگی خۆمان بۆیان گواستوتەوە.
هەروەها گوتى “لە سووریاش هێزی چەكدار بە هەمان ژمارە دروست كراون، كە توانیویانە ببنە هەوێنی رووبەڕوبونەوە دژی داعش و بەرەی نوسرە.
فەرماندەی سوپای قودس دەشڵێت “دەتوانین ئێستا بڵێین دوژمنەكانمان بەتەواوەتی شكستیان هێناوە و بە تەواوەتی گەمارۆ دراون.
.jpg)
زۆرینه‌ی ئه‌م میلیشیا چه‌كداره ده‌یان هه‌زار كه‌سییه، دڵسۆزیی و ملكه‌چی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان بۆ ڕابه‌ری باڵای ئێران (خامنه‌ی) هه‌یه و، فهرماندهكانیشیان كه‌سانێكن، كه هاوشانی سوپای قودس له ده‌یه‌ی ڕابردوودا دژی سه‌ربازانی ئه‌مریكی له عێراق دا و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، شه‌ڕیان كردووه. “ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس” یه‌كێك له قهرمانده باڵاكانی ئه‌م میلیشیا چه‌كدارییه گه‌لییه، كه هه‌ڵگری دوو ناسنامه‌ی ئێرانی و عێراقییه و، وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی سوپای قودس له عێراق دا خزمه‌تی ئێران ده‌كات.
.jpg)
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هۆشداری به ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق داوه، كه كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر عێراق هه‌ر ته‌نیا له رووی سه‌ربازی و ئاسایشه‌وه نییه، به‌ڵكو ئێران له رووه‌كانی وزه و بازرگانییش دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵای عێراقدا هه‌یه.
نفوزی سوپای پاسداران له ناوخۆی ئێران دا
سوپای پاسداران ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له گۆڕه‌پانی سیاسی ناوخۆی ئێرانییش دا و، گۆڕدراوه به هه‌ره كاریگه‌رترین ڕێكخراوی ناوچه‌یی له ناوخۆی وڵاتییش، دا.
له پاش ده‌ورانی خاته‌می ڕیفۆرمخواز (١٩٩٧-٢٠٠٥) و، هاتنه‌سه‌ركاری مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی کۆنەپارێز، ژماره‌ی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه باكگراوندیان له ناو سوپای پاسداران دا هه‌بوو، له ناو پێگه حكومییه‌كان دا، زیادی كرد.
رابه‌ری باڵا (خامنه‌ی)ی، كه سه‌ركردایه‌تی پاسدارانی كردووه له جه‌نگی ئێران و عێراق دا، ده‌ستی كرده دانانی فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران له پێگه هه‌ره باڵاكانی كایه‌ی سیاسی ئێران دا و، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی تری پێشووی سوپای پاسدارانیشی كرده په‌رله‌مانتار و نوێنه‌ری لیژنه‌كانی ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ته‌واویان له بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش دا هه‌بێت و پشتیوانیش له به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانییش بكه‌ن.
به‌سیج له‌لایه‌ن سوپای پاسدرانه‌وه
دانراوه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كان
هه‌رچه‌نده وا ده‌وترێت، كه خامنه‌یی ده‌سه‌ڵاتی لاوازتره له خومه‌ینی، به‌ڵام، خامنه‌یی له ناو سوپای پاسداران دا به‌رزترین سیمبوله و، له رووی سیاسییه‌وه ناوازه‌ترین رابه‌ره لایان و، له رووی ئابوریشه‌وه باشترین گاردی سیستمه‌كه‌یه.
خامنه‌یی فه‌رمانده‌ی گشتییه و ئه‌و فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران داده‌نێ و، له‌لای پاسداران كه‌سی بنه‌ڕه‌تییه. خامنه‌یی به‌شێوازێك پاسدارانی به‌خۆوه به‌ستووه و ملكه‌چی خۆی كردوون. واشیكردووه، كه پاسداران چالاكترین رۆڵیان پێ بدرێت له دروستكردنی هه‌موو بڕیارێكی سیاسی و هه‌موو چالاكییه‌كی ئابوری دا.
له ساڵی ٢٠٠٧ یشه‌وه، (به‌سیج) كراوه‌ته به‌شێك، كه له ژێر فه‌رمانی سوپای پاسداران دا بێت. له مانگی شه‌شی ٢٠٠٩ دا، پاسداران رۆڵیان گێڕا له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت به قازانجی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بێت، له دوای دروستبوونی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه به‌رفراوانه‌كان، به‌سیجیش رۆڵیان پێ درا، كه بكه‌ونه‌كار و به توندوتیژانه‌ش رووبه‌ڕووی سیاسییه ریفۆرمیسته‌كان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی بوونه‌وه و، ده‌ستگیریان كردن، به‌وه‌ش به‌سیج له‌لایه‌ن سوپای پاسدرانه‌وه دانراوه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كان.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٢٠١٣ـهش دا، پاسداران رۆڵی كاریگه‌ریان له ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی ناوخۆی دا گێڕا‌و، توانیان كه‌شێك بخولقێنن، كه فشار له مه‌جلیسی دهستوردانان بكه‌ن، كه هه‌ندێك كه‌س به گونجاو نه‌زانن بۆ سه‌رۆككۆماری، ئه‌وه‌ش به‌هۆی جیاوازی ئاراسته و ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆژیشیانهوه، بوو. پاسداران رۆڵیان پێدرا، كه نه‌هێڵن، هاشمی ره‌فسه‌نجانی، (سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران) سیاسه‌تمه‌داری ناودار ببێته‌وه به سه‌رۆككۆمار، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه ره‌فسه‌نجانی كه‌سایه‌تییه‌ك بوو خاوه‌نی خۆی بوو، هه‌تا ئه‌وه‌ی ملكه‌چ بكات بۆ خامنه‌یی!
هێزی ئابووری سوپای پاسداران:-
له ناو به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانی ئێران دا، پاسداران بوونه‌ته ئیمپراتۆریه‌تی ئابووری و، هه‌تا ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر له یه‌ك له‌سه‌ر سێی هه‌موو ئابووری ده‌وڵه‌تی ئێران هی ئه‌وان بوو و به‌ده‌ست ئه‌وانیشه‌وه بوو، به‌ڵام له‌و رووه‌شه‌وه باڵاده‌ست تر بوون.
پاسداران له‌وه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئابووریان زیادی كرد، كه ده‌ستیان كرد به بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه داڕوخاوه‌كانی جه‌نگی ئێران-عێراق. دواتر ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو كه‌رته ئابوورییه پیشه‌سازییه‌كان، بانكه‌كان، كه‌شتیگه‌ل و به‌له‌م، پیشه‌سازییه ده‌ستییه‌كان و هه‌موو بازرگانییه‌كی هاورده دا گرت.
ئینجا له ڕێی كۆمپانیاكانیانه‌وه له ناو به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانی حكومه‌تیش دا به‌شداریان كرد و، هه‌موو كۆنتراكت و عقودێكیان به‌بێ باج و بێ-ركابه‌ر له سێكته‌ره‌كانی نه‌وت و ئینجا له بواره‌كانی ژێرخانی ئابوری، گرته ده‌ست.
چالاكییه ئابوورییه‌كانی فه‌رمانده‌یی گشتی سوپای پاسداران، هه‌ستاوه سندوقێكی داراییشی دامه‌زراندووه، بۆ كڕینی چه‌ك له به‌كارهێنانی ئۆپه‌راسیۆنه نهێنییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یاندا و، بۆ كڕینی ئامێر و مادده بۆ به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌نهێنیی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یاندا. هه‌روه‌ها بۆ هاوكاری خێزانی كووژراوهكانی سوپای پاسداران. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش دا هاوكاری ئه‌ندامه‌كان و خانه‌نشینكراوه‌كانی خۆیانیشی پێ ده‌كه‌ن.
زیاتر له‌وانه‌ش، له رێی ئه‌و سندوقه داراییه‌ش دا، هه‌ندێك جار رێگا بۆ لادێ دووره ده‌سته‌كان دروست ده‌كه‌ن و، ئیشوكار بۆ بهسیجهكانیش ده‌دۆزنه‌وه‌و، جارجاریش، كه لافاوی ڕوخێنه‌ر دێته‌بوون، وه‌ك له مانگی 4 ی 2019 هاته‌بوون، پاسداره‌كان و به‌سیجه خۆبهخشهكانیانی بۆ ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ.
حه‌سه‌ن رووحانی -یش سەرۆککۆماری ئێران، پاسدارانی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه پاره‌ی ئه‌و سندوقی داراییه‌یان بۆ دروستكردنی هه‌ندێك باڵه‌خانه له سوریا، خەرج ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك له به‌دواداچوونه‌كان و زانیارییه‌كان ئاماژه‌یه‌كیان خستۆته‌ڕوو كه پاسداران توانیوویانه هه‌ندێك جار هه‌ندێك ده‌رفه‌ت بقۆزنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت سوود له گه‌مارۆكانی ئه‌مریكاش وه‌ربگرن و، به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و لێزانانه كۆمپانیاكانیان و پاره‌كه‌یان له بازاڕه ڕه‌شه‌كان دا بخه‌نه‌گه‌ڕ و مامه‌ڵه و بازرگانی بكه‌ن.
چونكه ئێران گه‌مارۆی خراوه‌ته‌سه‌ر و مۆڵه‌تی بازرگانی كردنی نێوده‌وڵه‌تیی له چه‌ندین بواردا نییه. كه‌چی پاسداران ده‌رفه‌تێكیان قۆستووه‌ته‌وه كه پاره‌كانیان له بازاڕه ڕه‌شه‌كانی مامه‌ڵه‌دا به‌كاربهێنن و، نه‌وت و پترۆڵیۆمیش هه‌نارده‌ی هه‌ندێك بازاڕی ڕه‌ش بكه‌ن، به شوناسی جیاوازه‌وه.
هه‌رچه‌نده له ساڵی ٢٠٠٧، وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپای قودس سپۆنسه‌ری له گروپه تیرۆریسته‌كان ده‌كرد، هه‌ندێك گه‌مارۆی به‌سه‌ر سوپای قودس دا سه‌پاند، كه‌چی سوپای قودس له هه‌وڵه تیرۆریستییه‌كانی به‌رده‌وام بوو و، له سالی ٢٠١١ له هه‌وڵی تیرۆركردنی باڵوێزی سعوودیه له ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌ربۆیه ئه‌و سزایانه‌ی، كه به‌سه‌ر سوپای قودس دا سه‌پێنرابوو، له رێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٥ دا، لا نه‌برا.
سه‌ره‌كیترین ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی، كه كابینه‌كه‌ی ترەمپ به ته‌واوی سوپای پاسدارانی، وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بیانی خسته لیستی تیرۆره‌وه، كاریگه‌ری له هه‌ندێك شوێنی ناوچه‌كه دا ده‌نێت، به‌تایبه‌ت له عێراق دا چونكه په‌رله‌مانتاره‌كان و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی عێراق په‌یوه‌ندی رێكخراویان له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران دا هه‌یه. هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر لوبنانیش ده‌بێت، چونكه حیزبوڵڵا له‌وێن و په‌رله‌مانتاریشیان هه‌یه!
به پێی یه‌كه‌م ڕاگه‌یەنراوی مایك پۆمپیۆش بێت، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به دیاریكراوی ئه‌و هێزه ناوچه‌ییانه ناچارده‌كات كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران دا نه‌كه‌ن. به‌ڵام ره‌نگه رێكخراوه ناحكومیه مرۆڤدۆسته‌كان، كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران دا ده‌كه‌ن، سزا نه‌یانگرێته‌وه.
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: شه‌ریف هه‌ژاری خوێندكاری دكتۆرا له بواری (دبلۆماسیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ریتانیی).
سەرچاوەکان
٢- http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=71021&babet=4&relat=7035
٣- http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=4016&Jor=4

