نوچە
ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٢٩-٨-٢٠١٩) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگهڵ ساروج کۆمار جاه، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی كۆبووهوه.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی خۆی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە کارنامە و هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکومەتیان خوێندووەتەوە و بە کارنامەیەکی نایابی دەزانن، بۆیە بانکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کارنامەکە دەکات و خۆشحاڵیشە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی.
لەم رووەوە بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی وێڕای ناساندنی نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق رەمزی نیعمان، ئاماژەی بەوەکرد، پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکوومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا .
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتگیریی بانکی نێودەوڵەتی کرد و گوتی “خوشحاڵین بە پشتیوانی دەزگایەکی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکومەت، کە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بە هەوڵ و تواناکانمان و پشتگیریی دۆستانمان گەشە بە ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین و هەمەچەشنی بکەین بە جۆرێک کە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستێت بەتایبەتی گرنگی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت و زەمینەیەکی باشتریش بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دروست ببێت تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی.
