کەسایەتی و پیاوماقووڵانی بەسرە لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، داوایانلێکرد سەردانی ئەو پارێزگایە بکات، هەروەها رایانگەیاندووە دەمانەوێ پەرە بە پەیوەندی برایانە بدەین و هیوایان خواست ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەن بگەنە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٨-٨-٢٠١٩) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی گەورەی دانیشتووانی پارێزگای بەسرە کرد کە لە سەرۆک هۆز و پیاوانی ئایینی و کەسایەتی ئەکادیمی و پیاوماقووڵانی ئەو پارێزگایە پێکهاتبوو.
بەگویرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، شاندی میوان لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پەیوەندیی برایانە و لەمێژینەی خەڵکی بەسرە لەگەڵ گەلی کوردستان کرد و ئەوەیان وەبیرهێنایەوە کە “هەر ئەو سۆزە بووە هۆی ئەوەی دەیانهەزار کەسی خەڵکی بەسرە لەکاتی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە بۆ پێشوازییکردنیان لەچاوەڕوانیدا بوەستن، ئێستایش هەمان سۆز و خۆشەویستی بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان هەیە و دەیانەوێ ئەو برایەتییە لەمێژینەیە زیاتر پەرە پێ بدرێت”.

کەسایەتی و پیاوماقووڵانی بەسرە، سڵاو و ڕێزی خەڵکی پارێزگای بەسرەیان بە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان گەیاند و “جەختیان لە سۆز و خۆشەویستیی خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کردەوە. هەروەها بانگهێشتی سەرۆک بارزانییان کرد کە لە دەرفەتێکی گونجاودا سەردانی ئەو پارێزگایە بکات”.
بەشێکی سەرەکی دانیشتنەکە، باسکردنی گرفت و کێشەکانی تایبەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەسرە بوو، شاندەکە هیوایان خواست “ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بگاتە ناوچەکانی دیکەی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد لە ڕێگەی وەزیر و نوێنەرانی کورد لە بەغداوە هەوڵبدەن پرۆژەی ئاواکردن و نیشتەجێکردن لە پارێزگای بەسرە جێبەجێ بکرێن و کێشەکانی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکرێت”.
لە دیدارەکەدا کە بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی، بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوانی کردووە و، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانەی گەلی کوردستان و خەڵکی بەسرە و سەرجەم خەڵکی عێراق کردەوە.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، ئەگەرچی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زۆر هەوڵیان دا کێشەی نێوان شۆڕشی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق بکەنە کێشەی کورد و عەرەب، بەڵام شۆڕش رێگەی بەوە نەداوە.
سەرۆک بارزانی نیگەرانی خۆی لە کێشە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای بەسرە دەربڕی و رایگەیاند: “ئێمەش رێز و سۆزێکی زۆرمان بۆ خوشک و برایانمان لە بەسرە هەیە و جێی سەرسووڕمانە پارێزگایەکی وەک بەسرە کە شادەماری ئابووریی عێراقە، کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ پشتیوانیی داوا رەواکانی خەڵکی بەسرە درێخی ناکەین”.
هەر لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لە دیالۆگ و رێگەی ئاشتیانە کردەوە و رایگەیاند “ئێستا کەشێکی ئیجابی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وچارەسەری کێشەکان لەئارادایە”.