نوچە
ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٨-٨-٢٠١٩) بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوان لە سلێمانی دەستگیركردنی چەند باندێكی راگەیاند، یەكێك لەو باندانە كڕین و فرۆشتنیان بە گورچیلەی مرۆڤەوە كردووە.
ئەکرەم قادر، بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان لە پۆلیسی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “باندێك لە سلێمانی دەستگیركراوە، كە كڕین و فرۆشتنیان بە گورچیلەی مرۆڤەوە كردووە”.
بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان لە پۆلیسی سلێمانی دەڵێت “باندێك لەلایەن ھێزەكانی نەھێشتنی تاوان، بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە لاشەی مرۆڤ و کڕین و فرۆشتن بە گورچیلەی مرۆڤ دەستگیر كراوە، لەسێ کەس پێکھاتوون و دووانیان بە رەگەز عەرەبن”.
ئەکرەم قادر گوتیشی “تۆمەتبارێكی دیكە دەستگیر كراوە بەبڕی ٣٩٠ ھەزار دۆلار مۆبایلی دزیووە”.
بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان لە سلێمانی ئاشكراشی كرد، ٢٣ تۆمەتباری دیكە دەستگیر كراون، كە دزیان لە ماڵ و سوپەرماركێتی ھاوڵاتیان كردووە، ھەروەھا سێ ئۆتۆمبێلیان دزیووە. ئاماژەی بەوەشدا “ھێزەكانی پۆلیس دەستیان گرتووە بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی بێ ساڵنامه (سنوى) و چەكی بێ مۆڵەت”.