نوچە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەبێ زانکۆکانمان پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی لە هەرێمەکەمان هەبێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٨-٨-٢٠١٩) ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی زانستیدا رایگەیاند “زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکان شانبەشانی زانکۆکانی دیکە لەپێناو ریفۆرم و گۆڕانکارییەکان بێگومان دەوری کاریگەریان دەبێت و بۆ ئەمەش دەبێ زانکۆکانمان پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی لە هەرێمەکەمان هەبێت، بۆیە پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و گەشەکردنی هەرێمەکەمان هەیە کە توێژینەوەی زانکۆکان لەمبارەوە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت”.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی “پێویستە میکانیزمی نوێ بۆ قوڵترکردنەوە و چەسپاندنی کولتووری کوالێتی لە سیستەمی زانکۆکانمان دابڕێژین و زۆر گرنگە هەموو بەشەکانی زانکۆکانمان جیا لە گەیاندنی زانست، هەوڵ بدەن ماوەی خوێندن بە باشی بەکار بهێنن بۆ دروستکردنی کارامەییەکانی خوێندنی باڵا بە درێژایی ژیان و توانای داهێنان و فێربوون و زمانی دووەم بخەنەگەڕ”.
ئارام محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد “لەگەڵ هاوکارەکانم لە وەزارەت وردەکاریی ئەجێندای پرۆژەی ڕیفۆرمەکەتانم دیراسە کردووە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم و پشتیوانی لە هەموو هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە دەکەم، بەتایبەت ریفۆرمی پەیکەری خوێندنی تەکنیکی و داڕشتنەوەی ئاستی بڕوانامەکان و درێژەدان بە ریفۆرمی سیستەمی پرۆگرامەکانی خوێندن”.