نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی داوە و لیژنەی تایبەتمەندی بۆ پێکهێناوە.
خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان، چارەنووسی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە (خانەنشینی، مووچە و دەرماڵەكان)-ی دایە دەست خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی زانیارییەکانیش، سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆکن لەسەر تێپەراندنی پڕۆژەیاساکە و بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بکرێت حکومەتی هەرێم لە ساڵێکدا دەتوانێت تریلیۆنێک و ٨٠٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد سەعدەدین ئەنوەر، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی، رایگەیاند “سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دواین کۆبوونەوە بڕیاری خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە (خانەنشین، مووچە و دەرماڵەکان) داوە و لیژنەی تایبەتمەندی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پێکهێناوە و پڕۆژەیاساکەی ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات، پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، لیژنەیەکی هاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا دەکەن و دواتر ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت.
محەمەد سەعدەدین گوتیشی “وەک پەرلەمان چاوەڕێى حکومەت دەکەین، پڕۆژەیاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکات، لیژنەکانی یاسایی، دارایی و نەزاهەی پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، هەوڵیش دەدەن بەزووترین کات پەسەند بکرێت”.