هەدار بارزانی: چەند دۆسیەيه‌کی تاوان چارەنووسیان دیار نییە

0

نوچە: تایبەت

پارێزەرێک، کە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشە رایدەگەیێنێت، دەیان دۆسیەی تاوانی دژ بە كورد لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ماونەتەوە و دادگاكەش تەنها نووسینگەیەكی ماوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، پارێزەر هەدار بارزانی، پارێزەری دۆسیەی بارزانییەكان و دۆسیەيه‌كانی كورد لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، كە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر فراكسیۆنی پارتی، لەبارەی دۆسییەکانی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە کورد، راگەیاند: لە یاسای ژمارە ١٠ لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دامەزرا، چەندان دۆسیەی كورد لەو دادگایە بڕیاری كۆتاییان وەرگرت، بەڵام چەند دۆسیەكی دیكەش ماون، لەوانەش دۆسیەی جاشەكان، سەید سادق، سێوكان و چەند دۆسیەيه‌كی دیكە، كە چارەنووسیان دیار نییە و لە دادگای تاوانەكانی عێراق ماونەتەوە و هەڵواسراون.

لەبارەی چارەسەریش بۆ ئەو بابەتە، هەدار بارزانی، بە پێویستی دەزانێ نوێنەرانی كورد لە بەغدا و سەركردایەتی سیاسیی كورد لە كوردستانەوە گوشار بخەنەوە سەر عێراق تا ئەو دادگایە لەو دۆسیانە هەڵوێستی هەبێ و بڕیاری كۆتاییان بۆ بدات.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا، کە پێنج کەیس‌ پلەی بنبڕی وەرگرتووە وەک:
. ئەنفال
. جینۆسایدی بارزانیيەکان
. هەڵەبجە
.کوردی فەیلی
. راپەرینی ۱۹۹۱

هەروەها لەم پێنج کەیسە، بڕیار لەسەر سێ بابەتی گرنگ دراوە، لەوانە:
. جینۆساید
. هێنانەوەی رووفات
. قەرەبووکردنەوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com