نوچە
رۆژی دووشەممە (٢٦-٨-٢٠١٩) هەرسێ سەرۆکكۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا پێشوازیان لە فەرماندەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی ئەو بۆردوومانانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوەتەسەریان.
دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نەناسراوەوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران كرانە ئامانج و زیاتر لە شەش جار بارەگا و جبەخانەكانی میلیشیاكان لە عێراق بۆردوومان كران، ژمارەیەكی زۆری چەكداری حەشدی شەعبی كوژران. حكومەتی عێراق و فەرماندەكانی میلیشیاكە چەند راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە، ئەمڕۆش هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و فەرماندەكانی میلیشیاكان كۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا هەرسێ سەرۆکكۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و فەرماندەکانی تری میلیشیاكانی حەشد كۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هێرشەكان و بۆردومانەكانی سەر حەشدی شەعبی سەركۆنە كراوە و ئاماژەیان بەوە داوە كە بۆ تێوەگلاندنی حەشد و سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراقە بۆ سەرقاڵکردنیان لەو ڕۆڵەی کە گێڕاویانە لە جەنگی دژ بە تیرۆر.
هەر سێ سەرۆكایەتییەكە رایانگەیاندووە، كە ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر حەشد، کارێکی دوژمناکارانەیە و دەکرێتە سەر عێراق، حکومەتی عێراقیش ھەڵدەستێ بە وەڵامدانەوەی ئەو دەستدرێژیانە بۆ بەرگریکردن لە عێراق و ئاسایش و سەروەری خاکەکەی لە ڕێگای کەناڵە کاریگەرەکان و ڕێکخراوە جیھانی و ناوچەییەکانەوە.