نوچە: تایبەت
بەرپرسیکی کورد لە موسڵ رایدەگەیەنێت، میلیشیاکان خەریکی راورووتی خەڵکن توانای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیان نییە، دەشڵێت “رۆژی رابردوو داعش سێ پۆلیسی کوشتووە”.
لەو ناوچانەی کە پێشتر داعش توانی سوپای عێراق دەربکات و تیایدا باڵادەست بێت، لەو کاتەوە تاکو ئێستاش ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوە، چونکە دوای دەرکردنی داعش لەو ناوچانە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچە سوننەکاندا گرت و جیا لەوەی باری ئەمنیان باش نەکردووە بەڵکو زیاتر باری خەڵکیان قورس کردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤-ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی بارودۆخی موسڵ و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی گروپەکانی سەر حەشدی شەعبی لە ناوچەکدا ناکۆکن و هەریەکە و سەر لایەنێکی جیاوازن و خەریکی راوڕووتی خەڵکن، بۆیە توانای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیان نییە.
ئەو بەرپرسەی پارتی لە موسڵ دەڵێت، حەشدی شەعبی نەک تەنیا بۆ عەرەبی سوننە بەڵکو بۆ کوردیش لەو ناوچانە کێشە دروست دەکەن و ناهێڵن خەڵک ئارامی بەخۆیەوە ببینێ.
مەمۆزینی گوتيشی، داعش توانیویەتی رێکخستنەکانی یەک بخاتەوە خۆی بەهێز و ئامادە بکاتەوە، ئاشکرایشی کرد “شەوان لە چەند ناوچەیەکی موسڵ باڵادەستن و کەس ناوێرێت لێیان نزیک ببێتەوە، تەنانەت رۆژی رابردوو، سێ پۆلیسیان لە شاری موسڵ کوشتووە”.