نوچە: تایبەت
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیێنێت، عێراق وەک دەوڵەت سەروەری خۆی لە دەستداوە و بۆتە مەیدانێک بۆ بەریەککەوتنی هێزە جیاوازەکان، دەشڵێت “ئەگەر بەریەککەوتنەکان بەردەوام بێت عێراق دەبێتە مەیدانێکی ترسناکی پێکدادان”.
ئەوە لە کاتێکدایە حەشدی شەعبی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٥-٨-٢٠١٩ رایگەیاند، هێزەکانی لە ناوچەی عەکاشات لە لایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی دوو چەکداری حەشد و برینداربوونی یەکێکی دیکە. جیا لەوەش پێنج جار هێرش کراوەتە سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە لە ئێرانەوە نزیکن و فەرماندەکانی حەشدیش ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن بارام، چاودێری سیاسی کورد، لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیلەوە، رایگەیاند: خاڵی سەرەکی ئەوهیە، کە عێراق وەک دەوڵەت سەروەری خۆی لە دەستداوە و بۆتە مەیدانێک بۆ هێزە جیاوازەکان بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە، کە هەم لە ئاسمان و هەمیش له زەوی بە ئاسانی سەروەریيەکەی پێشێل دەکرێت.
حەسەن بارام دەشڵێت، عێراق مەیدانێکی بۆ هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی و بە دیاری کراویی ئێران و ئەمریکا، ململانێی هەردوو بەرەکە چووەتە قۆناغێکی مەترسیداری ئابڵوقە و پەلاماردان، کە بەرەی ئەمریکا لە لایەن ئیسرائلەوە پەلاماری هەندێک شوێنی حەشدی شەعبی لە عێراق و چەند گروپێکی سەر بە ئێرانی لە سوریا داوە، کە ئەگەر پێش بەم بەریەککەوتنانە نەگیریێت، عێراق دەبێتە مەیدانێکی ترسناکی پێکدادان.