نوچە: رووداو
ئاسایش چوار كەسی لەسەر ئەوە دەستگیر كردووە، کە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆڕییەكی نەوتیان كون کردووە. بە بۆڕی نەوتی خاوی نێو بۆڕییەكەیان دەگواستەوە بۆ نێو بەنزینخانەیەك.
بەگوێرەی هەواڵەکە “بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوت دەكەوێتە نزیك گوندی پیرداودی سەر بە ناحیەی شەمامك، بەنزینخانەیەكیش لە نزیك بۆڕییە نەوتەكەیە. لە سەرەتای ئەم مانگە بۆڕییە نەوتەكەیان كون كردووە، بە بۆڕییەكی دیكە نەوتی خاوی نێو بۆڕییەكەیان گواستووەتەوە بۆ نێو بەنزینخانەكە و دواتر فرۆشتوویانە”.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەک “ئەو باندە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژ ئەو كارەیان كردووە، بەڵام دواتر هەر لەلایەن ئەندامانی باندەكەوە زانیاری لەبارەی كونكردن و دزینی نەوتەكەی بە هێزە ئەمنییەكان دراوە. نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەریش ئاسایش دەستی بەسەر بەنزینخانەكەدا گرتووە، چوار كەسی نێو باندەكەی دەستگیركردوون، 5 كەسی دیكەش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون و هێشتا دەستگیر نەكراون”.
هێشتا روون نەبووەتەوە كە بۆرییەكە تەنیا لەلایەن خاوەن و كارمەندانی بەنزینخانەكەوە كونكراوە، یان كەسی دیكەشیان لەگەڵ بووە. ئاسایش تەنیا چوار كەسی دەستگیركردووە كە دەستیان لە كونكردنی بۆرییەكەدا هەبووە، بەڵام خەڵكی دیكەش ماون بگیرێن كە دەستیان لە كارەكەدا هەبووە.
ئەوە جاری یەكەم نییە لەو سنوورە بۆریی نەوتی كوردستان كون دەكرێ. حاجی باوەڕ، بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك بە (رووداو)ی راگەیاندووە “ساڵی رابردوو لە مەفرەقی دیبەگە كە سەر بە ناحیەی دیبەگەیە، بۆڕییەكی نەوت كون كرا، نەوتەكە دەگوازرایەوە بۆ نێو بەنزینخانەیەك بەناوی (ریاز)، دواتر ئەو كەسانەی دزییەكەیان كردبوو ئاشكرا بوون و لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركران و رووبەڕووی یاسا كرانەوە”.
هەروەها لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووش ژمارەیەك ئەفسەری ئاسایش لەسەر كونكردنی بۆڕی نەوتی كوردستان دەستگیركران. سەفین دزەیی كە ئەوكات گوتەبێژی حكومەت بوو، هەواڵەكەی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند “بەهۆی هەندێك راپۆرت لەسەر ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی، دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە”.