ئەوقاف دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان سنووردار دەکات

0

نوچە: تایبەت

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، سنوور بۆ دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان دادەنێت، هاونیشتمانیان ئاگاداردەکاتەوە لەوەی هەر مزگەوتێک بڵندگۆکەی بووە هۆی بێزارکردن، ئاگاداریان بکاتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی، لەبارەی دیاری کردنی ئاستی دەنگی بڵنگۆی مزگەوتەکانەوە راگەیاند “ئاستی دەنگی بڵندگۆی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بە سیستەم رێکخراوە و دیاریکراوە، گشتاندنی پێکراوە بۆ هەموو مزگەوتەکان، دەبێت پابەندبن پێوەی و نابێت ببنە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانییان و دەنگی بڵندگۆکان لەو ئاستە بەرزتر بێت، کە دیاریکراوە”.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتیشی، هەر هاونیشتمانییەک، بەرزی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان بێزاری بکات، دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر. دەشڵێت “نابێت دەنگی هۆڵی پرسە و مەولوودی، لەو هۆڵ و ماڵانە بێتەدەرەوە، دەنگیان دەبێت تەنیا لەنێو هۆڵەکە بێت”.

نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، ئەولەوییەتی وەزارەتەکەیان لە چوار ساڵی داهاتوودا، جێبەجێکردنی ستراتيژيه‌تی کابینەی نۆیەمە و لەگەڵ ئەوەشدا چەند پلانێکمان هەیە، کاری جددی بۆ پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەمانەوێت کۆنگرەی حەج ببەستین بۆ رێکخستنەوەی کاروباری ناونووسین و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە مەککە پێشکەش بە حاجییان دەکرێن، یەکێکی دیکە لە پلانەکانمان رێکخستنەوەی ئیدارەی مزگەوتەکانە و خولیان بۆدەکەینەوە.

بۆ زیاتر رێکخستنی گوتاری مامۆستایانی ئایینیش، گوتەبێژی ئەوقاف گوتی “پەیمانگەی کوردستان بۆ گوتاربێژان، ئێستا تەنها لە هەولێر هەیە، لە شارەکانی دیکەش لقی دەکەینەوە و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەبێت ٤٥ رۆژ لەو پەیمانگەیە خولی گوتاربێژی ببینن”.

بەگویرەی زانیارییەکان، لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و ٥٥٦ مزگەوت، ١٦٦ کەنیسە و شوێنی پیرۆزی مەسیحی و ٤٠٠ پەرستگە و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکان هەن. هەروەها نزیکەی ٥٠٠ شوێنەواری ئایینی هەن، کە بڕیارە بکرێنە شوێنی گەشتیاریی ئایینی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com