وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: پێشمەرگە لەپێناو ئەوروپا شەڕی تیرۆری کرد

0

نوچە

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، پشتیوانی سەربازی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و رایگەیاند “پێشمەرگە لەپێناو ئاسایشی ئێمە و ئەوروپاش شەڕی تیرۆری کردووە”.

ئەمڕۆ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، ئانگرێت کرامپ کارنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە و سەردانی سەربازگەکانی هێزەکانی پێشمەرگەشی کرد.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتیشی “لە شەڕی دژی تیرۆر، بەتایبەتی داعش هەوڵماندا لەگەڵ ئێوە بین، لە دەستپێکی شەڕی داعش ئێمە بەیەکەوە رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، بڕێکی زۆر چەکمان نارد، ئێمەش لە ئەڵمانیاوە ئەوە لەبیرناکەین، کە ئێوە شەڕی تیرۆرتان کرد و قوربانیتاندا، ئەوەش لەبیرناکرێت و هەمیشە باسی لێوەدەکەین، ئەوەش نەک تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆتان، بەڵکو ئێوە بۆ ئاسایشی ئەڵمانیا و ئەوروپاش شەڕتان کرد”.

ئانگرێت کرامپ، جەختی لە بەردەوامی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و دەڵێت “ئامانجی ئێمە ئەوەیە زیاتر بتوانین بەردەوام کاربکەین بۆئەوەی پێشمەرگە بتوانێت لەمەودوا بە هێز و توانای خۆی و بێ پشتگیریکردن بەردەوام بێت لەسەر کاروباری خۆی و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی دەڤەرەکە. ئێمە هاوکاردەبین و لە هەنگاوی یەکەمدا لە هەولێر لەڕووی فێرکارییەوە بەردەوام دەبین. بەشی یەکەم کۆتاییهاتووە و ئێستا بەشی دووەم بەڕێوەدەبەین، ئەوانەی راهێنانیان پێکراوە بەرەو قۆناخێکی دیکەیان دەبەین”.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتیشی “ئێمە لەو باوەڕەداین لە پشتگیریکردنی سەربازی بەردەوام دەبین. هاوکات لەڕووی پشتگیری سڤیلیشەوە بەردەوام دەبین بۆئەوەی ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە ئێمەش دەخوازین بەردەوامی بە کارەکانمان بدەین و بۆ داهاتووش ئەو پشتگیرییە هەر دەمێنێت”.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەش کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە “زۆر باش، بەسوودو پڕبەرهەم” ناوبرد و گوتی “ئەڵمانییەکان دۆستمانن، راوێژکار و راهێنەرەکانیان لە کاتێکی پێویستدا بۆ پشتیوانی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە نارد، کە کاریگەرییەکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە تێکشکاندنی داعشدا”.

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ راوێژکار و راهێنەرە ئەڵمانییەکان پرۆژەیەکی چاکسازی و ستراتیژی فراوانیان ئامادەکردووە کە خۆی لە رێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی پێشمەرگە دەبینێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com