نوچە: ئاژانسەکان
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی بە بازاڕكردنی بەرھەمی جوتیاران و دەستبەرداری سیاسەتی خۆبژێوی نابن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان وەزیری كشتوكاڵ، لەمیانی وۆرگشۆپێكدا لەبارەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ، رایگەیاند “لە چەند ساڵی رابردوودا بەھۆی كێشەكانی ناوچەكە و قەیرانی دارایی ئەو راستییە سەلمێنرا كە خۆبژێوی یان نیمیچە خۆبژێوی بە سیاسەتی ستراتیژی ھەژمار دەكرێت، ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە ھیچ جۆرێك دەستبەرداری ئەو سیاسەتە نابین و گرنگی بە ئاسایشی خۆراك و ئاو دەدەین”.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا “ئەو دانیشتنەمان بە مەبەستی دانانی پلانێكی تۆكمەیە بۆ چوارساڵی ئایندەی حوكمڕانی ھەرێمی كوردستان و برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ”.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی “لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیكار و كەمتەرخەمەكان دەكەین و گرنگی زیاتریش بە كوالیتی كۆنترۆڵ و ستاندارە جیھانییەكان دەدەین، لە ھاوردەكردنی خۆراك و بەرھەم و پێداویستیەكانی كشتوكاڵ، ھەروەھا كاردەكەین بۆ ئەوەی سیاسەتێكی گونجاو بۆ بە بازاڕكردنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دابڕێژین”.
تاڵەبانی راشیگەیاند “پێویستە بە پەنجە خستنەسەر كەموكوڕییەكانی رابردوو، بنەماكی بەھێز و ستراتیجێكی روون بۆ ئایندەی كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دابڕێژین، كە دڵنیاین سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ دەكەن، بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە بنەما سەرەكی و بەھێزەكانی ئابووری ھەرێمی كوردستان”.