نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەڵێک دەدات بۆئەوەی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و نیەت پاکی خۆی پیشانداوە و هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دەریدەخات ئەنجامی کۆتایی چی دەبێت.
لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ عێراقدا، تەواوی بودجەی عێراق بە ١٣٣ ترلیۆن و ١٠٧ ملیار دینار دانراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم، پابەندبێت بە پڕۆژەیاسای بودجەوە و ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوکاتە بەغدا نزیکەی ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات، ئەگەر پابەند نەبێت، واتە خۆی نەوتەکە بفرۆشێت، ئەوکاتە حکومەتی عێراقی تەنها موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ڕوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، بڕیار دەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لەربارەی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ڕایگەیاند “لە ئێستادا پەیوەندیییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرە و باشتر دەڕواتەپێش، ئامانجی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش ئەوەیە کە کاروباری دارایی ڕێکبخاتەوە و فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن و کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنەبڕبکرێت”.
بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردەوە “حکومەتی هەرێم زۆر بەجدی هەوڵدەدات، کە کێشە هەڵواسراوەکانی لەگەڵ حکوتی عێراقی چارەسەربکات، لە ئێستادا کێشەکان بەرە و چارەسەرکردن دەڕۆن و لە داهاتوویەکی نزیکدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە، بۆئەوەی لە هەمووئاستەکان لەسەر پرسی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق ڕێکبکەون”.
ئیلخانی ئاماژە بەوەشدەکات، کە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ـی عێراقدا، هەرێم و بەغدا ڕێککەوتبوون، ئەگەر ئەمساڵیش بەوشێوەیە بەردەوامبێت ئەوەشتێکی زۆرباشە، گوتیشی “ئەگەر هەر رێککەوتنێکی نوێش بکرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان کێشەی نییە و کێشەکە لە بەغداوەیە، چونکە پێشتر بەغدا مووچەی هەرێمی بڕیووە و دەیانەوێت گەرەنتی لە بەغداوە هەبێت”.