نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەی لیژنەکەمان کۆدەبێتەوە تایبەت بە گفتوگۆکردن و پێداوچوونەوە بەڕەشنوسی پڕۆژە یاسای خانووە زێدەڕۆکان.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، هەر زەوییەکی زێدەڕۆ، کە خانووی لێ درووستکراوە، یەک مەتر خانوو لە سەنتەری ناحییەکان ٣٠ ھەزار دینارە، لە قەزاکان ٤٠ هەزار دینارە و لە سەنتەری شارەکان بۆ ھەر مەترێک نزیکەی ٦٠ ھەزار دیاری کراوە و لیژنەی شارەوانییەکانیش دەیەوێت ئەو نرخانە کەمبکاتەوە بەجۆرێک.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هاوڕێ مەلاسفار، سەرۆکی لیژنەی شارەوانیەکان و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەکەیان، ڕایگەیاند “بڕیارە سبەی ٢٠-٨-٢٠١٩، لیژنەی شارەوانییەکان و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە گفتوگۆکردن و پێداوچوونەوە بەڕەشنوسی پڕۆژە یاسای خانووە زێدەڕۆکان کۆببێتەوە، پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و لە بەردەستی لیژنەکەدایە و کۆدەنگی سەرجەم فراکسیۆنەکانی لەسەربووە”.
سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “دەمانەوێت کۆی ئەو تێبینی و سەرنجانەی، کە لەسەر پڕۆژەیاساکە هەمان بووە جێگایان بکەینەوە، بۆئەوەی ئەو خانووانەی، کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر زەوی حکومەت و شارەوانی تاپۆبکرێن، بە مەرجێک زێدەڕۆییەکە پێش مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کرابێت”.
هاوڕێ مەلاسفار، گوتیشی “تاپۆکردنی ئەو زەویانەش نرخەکانیان بەپێی پارێزگا، ناحییە و قەزاکان ڕێکدەخرێتەوە، هەر مەترێک لەو پارچە زەوییانە نرخێکیان بۆ دادەنرێت، بە جۆرێک لەگەڵ ستراتیجی شوێنەکە گونجاوبێت، جارێکی تریش لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتو گوزار، وەزیری داد و بەڕێوبەرایەتی تۆمارگای هەرێم کۆدەبێنەوە، دواتر لەگەڵ قایمقام و نوێنەری پارێزگا و ناحییەکان دادەنیشینەوە”.