نوچەنێت
٢٨ی گەلاوێژ لە مێژووی کوردستان و ئێران دا دوو رووداوی مێژوویی تاڵ و سێبەری رەشی دیکتاتۆری لە سەر گەلانی ئێرانن. بۆ کوردی رۆژهەڵات، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی برینێکی قوڵی هێرشی سەربازی رژێمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەروەها لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣دا محەمەد رەزاشای پەهلەوی بە هاوکاری هێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەم کۆدیتایەکی دژی دەوڵەتی نەتەوەیی د. محەمەد مسەدق کرد و سێبەری رەشی دیکتاتۆری بە سەر ئێران‌دا سەپاند. محەمەد موسەدق نەتەوەگەرایەک بوو، کە باوەڕی بە جۆری کۆماری بەڕێوەبەری وڵات هەبوو و نیمچە ئازادیەک لە سەردەمی سەرۆک وەزیری ئەودا لە ئێران پێک هاتبوو. بە جۆرێک کە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) لەو سەردەمەدا چالاکانە خەباتیان دەکرد. دواتر لە کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣ خەباتی سیاسی لە ناو شار و پەرلەمانەوە بۆ ناو مزگەوت برد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە.
لە ٢٨-ی گەلاوێژی ١٩٧٩دا دوای دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆل، گوند‌و شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ی ئێستا بەزەیی بە مناڵەکانیش نەدەهات و ئەوانى دەدا بەر دەستدرێژی خۆیان. لەوساوە تا ئەمڕۆ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کورد، بە هەموو شێوەکانی نیزامی، ئابووری، دەروونی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردەیی بەردەوامە.
کارگەری فتوای جیهاد
فەرمانی جیهاد، کە فەتوایەکی ئاینيیە و لەلایەن ئایەتوڵڵایەکی دەسەڵاتدارەوە دەرچووە تا ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت هەڵنەوەشاوەتەوە و بە پێی ئایینی شیعەش، ئەو فەرمانەی کە لەلایەن رێبەرێکی ئاینيیەوە دەدرێت تەنیا دەتوانێت لەلایەن کەسێکی بەرزتر لەو هەڵوەشێنرێتەوە. خومەینی، کە سەردەمێک جێگری “ئیمامی زەمان” لە سەر گۆی زەوی بووە تا ئێستاش لە گەڵ بێت کەسێکی هاوشانی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەفادار بەو فەتوایە لە تەنگ کردنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی کوردستان، بە گۆرینی ناسنامەی نەتەوایەتیان و قەدەغەکردنی هێما کولتووری و نەتەوایەتیيەکانیان، بە زیندانی کردن، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی تۆڕی جاسووسی و دووبەرەکی خستنەوە لە ناو ریزەکانی خەباتگێرانی رزگاری کوردستان هەروا درێژە بەو فەرمانە دەدەن و بۆ ئەوان کوشت و بڕ و لەناوبردنی گەلی کورد بەجێهێنانی ئەرکێکی ئایینیە.
تەنیا رێگای رزگاری لەو فەرمانە ئاینيیە رزگاری لە کۆماری ئیسلامی و رزگاری نەتەوایەتی لە زیندانیکدایە بە ناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمەدا کە ئاستی وشیاری، خۆرێکخەری و داخوازە نەتەوایەتیيەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرزتر لە هەموو مێژووی چەندین دەیەی خەباتی خۆیدایە، ئەرکی رزگاری خوازانی کورد و هێزە سیاسیيەکانی کوردستان یەکێتی نەتەوایەتی و بەدەست هێنانی دەنگێکی هاوبەشە بۆ بەرەورووبوونەوە لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیيە مێژووییەی لە سەر شانیانە. تەنانەت گەر بڕیار بێت رێگا چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک‌دا بێت، بەبێ یەکگرتوویی و یەک دەنگی بزاڤی کورد داخوازەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن کاربەدەستانی ئەمرۆ و هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنەوە بەجیدی وەرناگیرێن و کورد هەروا بە “ئێرانیانی ئەسیڵ” دەناسرێن، کە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرانی تێكەڵ بوون و هەروا برابچووکی نەتەوەی سەردەست دەمێننەوە.

ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر فتوای جیهادی روحوڵڵا خومەینی، رابەر و دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دژی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازییان تێدەپەڕێت. رۆژی ٢٨ گه‌لاوێژی ١٣٥٨، (١٩-٨-١٩٨٠). ئایەتوڵڵا خومەینی، شەڕی لە دژی ئازادیخوازانی خەڵکی کوردستان راگەیاند و بە راگەیاندنی شەڕ و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی، «حاکمی شەرع» سادق خەڵخاڵی بۆ کوردستان، تاوانی لە دژی خه‌ڵکی بێدیفاعی شار و گونده‌کانی کوردستانی دەستپێکرد. خاڵخاڵی لە بیرەوەریەکانیشیدا نووسیویەتی هیچ پەشیمان نییە لە سزای لەسێدارەدانانەی بەسەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی‌دا سەپاندوونی. دەشڵێت “هێشتا کەمە”.
خۆپیشاندان و کۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌ی خه‌ڵک لە کوردستان بەڕێوەدەچوو (١)
به ماوه‌یه‌کی که‌م پێش ئه‌وه‌ی رژیمی پاشایه‌تی بڕووخێت، له شاره کوردییه‌کاندا، له سه‌ر بنه‌مای شۆڕای جۆربه‌جۆری گه‌ڕه‌که‌کان، شۆڕای شار پێکهاتن. ئه‌م شۆڕایانه خۆپیشاندان و کۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌ی خه‌ڵکیان به‌ڕێوه‌ده‌برد و پاراستنی ڕێکوپێکی کاره‌کانیان گرتبووه ئه‌ستۆ. ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان، که تا ئه‌وده‌م به شێوه‌ی نهێنی چالاکییان ده‌کرد، ورده ورده ئاشکرا بوون و دروشمی سیاسی و به‌رنامه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان ده‌برده ناو خه‌ڵک، به چه‌شنێک، که له ڕۆژی ڕووخانی حکومه‌تی پاشایەتیدا، زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان به ده‌ست خه‌ڵک و شۆڕای هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وانه‌وه بوو.
دوا به دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران، ده‌وڵه‌تێکی کاتی بە رێبەری ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و په‌یڕه‌وی شۆڕای شۆڕشی ئێران هاته کایه‌وه- شۆڕایه‌ک، که تێیدا مه‌لاکان رۆڵی سه‌ره‌کییان ده‌بینی. ئه‌ندامانی شۆڕا، و تا ڕاده‌یه‌کیش ده‌وڵه‌تی کاتی، له‌وه تووڕه بوون، که وه‌ک به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران، له کوردستانیش ئه‌وان له‌بیری ئاماده‌سازیدا بوون بۆ گۆڕینی بارودۆخ له ناوچه‌که.
هه‌ر ئه‌و ڕاستییه، بوو به هۆکاری هه‌ڵایسانی شه‌ڕێک، که له ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ١٣٥٧ (سەرەتای١٩٨٠) و سه‌ره‌تاکانی ساڵی ١٣٥٨ (١٩٨٠) دا شاری سنه‌ی خسته ناو ئاگر و خوێنه‌وه و كۆژراو و زەره رو زیانێكی زۆری لێکه‌وته‌وه. له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خومهینییهوه لیژنه‌یه‌ک نێردرایه سنه، که پێکهاتبوو له ئاغایان تاڵه‌قانی، به‌هه‌شتی، ڕه‌فسه‌نجانی و به‌نی سه‌در؛ هاوکات، وه‌زیری ناوخۆی ده‌وڵه‌تی کاتییش هاوڕێ له‌گه‌ڵ گوته‌بێژی جه‌معییه‌تی کوردانی مه‌رکه‌ز و دوو که‌سایه‌تی کوردی دانیشتووی تاران چوون بۆ سنه و ووت وێژێکی جددییان بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕ به‌ڕێوه‌برد. به هۆی ڕاوه‌ستانی نوێنه‌رانی گه‌له‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی شار که‌وته ده‌ست شۆڕای هه‌ڵبژێرراوی خه‌ڵک و به‌م شێوه‌یه هێمنایه‌تی باڵی به سه‌ر شاری سنه‌دا کێشایه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران، ئه‌م بارودۆخه‌یان پێ قه‌بووڵ نه‌ده‌کرا له به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئه‌وده‌م ئیتر له هه‌موو ئێران‌دا له لایه‌ک حیزبوڵڵا گەڕەک و کۆڵانەکانی قۆرغ کردبوو و هیچ حزب و ڕێکخراوه‌یه‌ک ده‌ره‌تانی خۆپیشاندانی ته‌نانه‌ت له ڕاده‌یه‌کی به‌ربه‌ستکراویشدا نه‌بوو، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه خومه‌ینی به هۆی هێنانه گۆڕێی “وحدت کلمه”وه، له ڕاستیدا ده‌رگای ده‌ربڕینی هه‌ر چه‌شنه بیروبۆچوونێکی داخستبوو و به ڕاشکاوی ده‌یگوت “ئه‌گه‌ر سی ملیۆن که‌س بڵێن به‌ڵێ، من ده‌ڵێم نا”. له بارودۆخێکی ئه‌وتۆدا بوو، که خومه‌ینی و هاوده‌سته‌کانی سه‌ره‌تایان بۆ هێرشێکی گه‌وره‌ی سوپایی بۆ سه‌ر کوردستان ئاماده کرد و چاوه‌ڕێی بیانوویه‌ک بوون بۆ ئه‌وه‌ی پیلانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن.
سه‌رئه‌نجام، ئاماده‌سازیی سه‌ره‌تاییان پێکهێنا و خومه‌ینی له ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨دا (١٩-٨-١٩٨٠) به شێوه‌ی فەرمی “جیهادی دژ به کوردستانی ڕاگه‌یاند”. ناوبراو داوای له هه‌موو خه‌ڵکێکی موسوڵمان (لایه‌نگرانی ویلایه‌تی فه‌قیه) کرد ئه‌رکی شه‌رعی خۆیان- واته هێرشکردنه سه‌ر کوردستان و هه‌ڵکه‌ندنی “ئه‌ساسی کفر و ئیلحاد”، به‌جێ بهێنن.
مسته‌فا چه‌مران – په‌روه‌رده‌کراوی ڕێکخراوه‌ی ئه‌مه‌لی لوبنان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خه‌ڵخاڵی حاکمی شەرع و سه‌رده‌سته‌ی دیکه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێم روویان لە کوردستان کرد و شه‌ڕێکی ته‌واوعه‌یاریان به سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا، که زۆربه‌ی زۆریان موسوڵمان بوون سه‌پاند. هەروەها جیهادییەکان، هۆگری ویلایه‌تی فه‌قیه، له کوردستان تاوانی گەورەیان ئەنجامدا.
بۆ فتوا لە رۆژی ٢٨ ی گه‌لاوێژ درا؟
کۆده‌تا بە پاڵپشتی ئه‌مریکا و بەریتانیا، دژ به ده‌وڵه‌تی قانونی موسه‌دیق له ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢، (١٩-٨-١٩٥٣) دا، به‌ڕێوه‌چووە و ئه‌و ڕۆژه له مێژووی خه‌ڵکی ئێران‌دا وه‌ک “ڕۆژێکی نگریس” تۆمار کراوه و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕۆژه‌ش بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردستان له لایه‌ن خومهینییهوه به هه‌ڵکه‌وت نه‌بوو.
لە ریفراندۆم زۆرینەی کورد، دەنگی “نا”یان بە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی دا
لەوبارەیەوە عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە نوچەنێت-ی گوت، لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی (١٩٧٩) و هاتنە سەركاری رژێمی كۆماری ئیسلامی، دەسكەوتەكانی ئەم شۆڕشە لەلایەن رژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو زەوت كرا‌و وردە وردە ئازادییەكانی تاك بەرەو زەوت كردن دەڕۆیشت و هەر دەنگێكی ناڕازی بێدەنگ دەكرا و كوردستان هەر زوو جەوهەر و ماهیەتی كۆماری ئیسلامی بۆ دەركەوت و لە یەكەم بە ناو ریفراندۆم بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی، خەڵكی كوردستان بە زۆرینە دەنگی “نا” یان بە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی دا.
تا ئەمڕۆش ئاسەواری ئەو هێرش و داگیركارییە بەردەوامە
عەتای ناسرسەقزی ئاماژەی بەوەدا، کە لەو كاتەوە كوردستان بەرامبەر بە رژێمی كۆماری ئیسلامی وەستایەوە و بووە قەڵای خۆڕاگری هەموو خەڵكی ئێران بە جۆرێك، كە زۆرێك لە هەڵسوڕاوانی سیاسی ئێرانی روویان لە كوردستان دەكرد و وەك سەنگەری ئازادیی بەرامبەر بە رژێم خەباتیان دەكرد. ئەمە یەكێك لەو هۆكارانە بوو، كە وای كرد دەسەڵاتدارانی رژیم بڕیار بۆ سەركوتی كوردستان بدەن و بە فتوای خومەینی هێرشێكی نابەرابەر كرایە سەر كوردستان، كە تا ئەمڕۆش ئاسەواری ئەو هێرش و داگیركارییە بەردەوامە.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی کوردستانی رۆژهەڵات دەڵێت، لە یەكەم رۆژكانی هێرشی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان، بە دەیان تاوانیان خوڵقاند و بە سەدان و هەزاران كەسیان كوشت. بۆ نموونە كوشتاری خەڵكی بێ تاوانی ئاوایی “قاڕنێ” (٦٨) شەهید، ئاواییەكانی نالۆس لە ناوچە شنۆ، سراوكانی و كلیج ناوچەی پیرانشار، سۆفیان، شەدەڵە لە نەغەدە، قەرەقشڵاق و ئیندرقاش و داشخانە و یوسفكەند و… هتد، كە تیایدا بە دەیان هاوڵاتی كوردی بێ تاوان كوژران.
ناسرسەقزی ئاماری قوربانیانی خستەڕوو ـ و گوتی “كوشتاری ئاوایی قەڵاتان لە ناوچەی نەغەدە لە رۆژی ٦-١-١٣٥٩، (٢٦-٣-١٩٨٠)، ١٣ كەس. ئاوایی سۆفیان سەر بە شاری پیرانشار ٢٧-٨-١٣٥٩، (١٨-١١-١٩٨٠) ١٢ كەس لەخەڵكی ئاوایی كوژران، كە تەمەنی ٧ كەسیان لەسەرو ٥٠ ساڵ بوو. كوشتاری گوندی بایز ئاوای سەر بە شاری نەغەدە ١٨-٨-١٣٦٠، (٩-١١-١٩٨١)، كە ١٢ كەس شەهید بوون. كوشتاری بە كۆمەڵی كرێكارانی كورەی خشتبڕینی ساروقامیش ٢٣-٦-١٣٦٠ (١٤-٩-١٩٨١)، كە تێیدا ١٨ كرێكار كوژران. هەروەها دەشڵێت “كۆمەڵكوژی خەڵكی قەرەگۆڵ لە زستانی ١٣٦١ (١٩٨٣)، كە تێیدا ١٨ كەس شەهید بوون. كۆمەڵكوژی خەڵكی گوندەكانی دیلانچەرخ، حەلەبی، كویكان، كەرێزەی شكاكان و یۆنسلیان لە ناوچەی نەغەدە، كە تێیدا زیاتر لە ٤٠ كەس كوژران”.
لەبارەی بە دۆکیۆمێنت کردن و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو تاوانانە، عەتا ناسر سەقزی گوتی “ئەم تاوانانە هاوكاتە لەگەڵ ئێعدامی بەكۆمەڵی خەڵك لەشارەكانی كوردستان، لەنێوان ساڵەكانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٢ نزیكەی ٨٥٠ كەس لە شارەكانی كوردستان تیرباران كراون، كە لەلایەن ناوەندی كلتوری “چاك” تۆمار كراوە. ئەوەی دیارە، تا ئێستا هیچ سكاڵایەكی فەرمی لەسەر ئەم كۆمەڵكوژییانە لەسەر كۆماری ئیسلامی تۆمار نەكراوە. بۆ ئەمەش پێویستە رووداوەكان بە دۆكیۆمێنت بكرێن و لەلایەن حیزبەكان یان ناوەندەكانی مافی مرۆڤ، ئاراستەی دامودەزگا و ناوەندەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤی جیهانی بكرێت.
ئەنجام
نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، فەرمانی ٢٨ی گەلاوێژی خومەینی لە دژی، پێویسته به‌ڵگه‌و دۆکیۆمێنتەکانی چەندین ساڵ شەڕی نابەرامبەری کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلی کورد کۆ بکرێنەوە. دەبێ زیاتر تیشک بخرێتە سەر ئەو راستییەش کە ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو شەڕی بە خەڵکی کوردستان فرۆشت بۆ ئەوەی بە ناحەق، کەسانێک کە بەرگریی ڕەوای نەتەوەی کورد نەبەنە ژێر پرسیار. لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ هەوڵ بدرێ ڕێگاو شێوازی نوێ بۆ بەربەرهکانێ لەگەڵ ستەم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهینانی مافە نەتەوەییەکان، بدۆزرێتەوە.
سەرچاوەکان
١. http://www.giareng.com/giarengs-map/siasi/1142
٢. http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=45549
٣. http://youtube.com/watch?v=-rInQtqVdH8








