نووسەرێکی كورد، خەڵاتی باشترین ژیاننامەنووسی ساڵی ئوسترالیای پێبەخشرا

0

نوچە – رووداو

نووسەر و چالاكڤانی كورد، خەڵاتی باشترین ژیاننامەنووسی ساڵی ئوسترالیای پێبەخشرا و خەڵاتەكەش بۆ كتێبی “هیچ هاوڕێیەك جگە لە چیاكان”-ی پێ بەخشراوە.

هەفتەی رابردوو، بەهرۆز بوچانی، نووسەر و چالاكڤانی كورد، خەڵاتی باشترین ژیاننامەنووسی ساڵی ئوسترالیای پێبەخشرا. بوچانی لە كاتێكدا ئەو خەڵاتە وەردەگرێ، كە ماوەی شەش ساڵە لە كەمپێكی كۆچبەران لە دوورگەی مانۆس راگیراوە. خەڵاتەكە بۆ كتێبی “هیچ هاوڕێیەك جگە لە چیاكان” بە بوچانی بەخشراوە.

خەڵاتەكە بە “خەڵاتی ژیاننامەی ناوخۆی ئوسترالیا” ناسراوە و لەلایەن كتێبخانەی هەرێمی وێڵزی باشووری نوێ پێشكەش دەكرێ. ئەم خەڵاتە بە گرانبەهاترین خەڵاتی ژیاننامەی ئوسترالیا لەقەڵەم دەدرێ و براوەكەی 25 هەزار دۆلار وەردەگرێ. خەڵاتەكە رۆژی دووشەممەی رابردوو راگەیەندرا.

لە بەشێك لە پەیامی كتێبخانەكەدا هاتووە: “نووسینەكە شیعرییە و داستانئامێزە و لەناو نەریت و كولتووری ئێرانی و سیستەمی بیروباوەڕی ئێرانیدا هەڵكێشراوە. كتێبەكە یەكجار گرنگە، پێش هەموو شتێكیش لەبەر شێوازی بەرهەمهێنانی كە گێڕانەوەیەكی سەرنجڕاكێشی شایەتحاڵێك لەخۆدەگرێ، لە هەمانكاتیشدا گەواهیدەری هێزی ژیانپارێزی نووسینە، وەك ئامرازێك بۆ خۆڕاگری”.

بوچانی نەیتوانی لە مەراسیمی راگەیاندن و پێشكەشكردنی خەڵاتەكەدا بەشدار بێ و لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ ئامادەبووانی بۆنەكە كرد و گوتی: “نامەوێ باسی ئەدەبیات بكەم، تەنیا حەز دەكەم ئەوە بڵێم كە كۆمەڵگەی ئەدیبان وەك بەشێك لە كۆمەڵگەی مەدەنیی ئوسترالیا بەشێك بوون لە خۆڕاگریی ئێمە لەبەردەم ئەم سیستەمەدا، بە بڕوای من ئەمە شتێكی بەنرخە و سوپاسی هەموو لایەك دەكەم كە كارەكەی منیان بە شایان زانیوە”.

هەر چۆنێتی نووسین و بڵاوبوونەوەی كتێبی “هیچ هاوڕێیەك جگە لە چیاكان” خۆی چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە. هەموو كتێبەكە كۆمەڵێك یادداشت، گێڕانەوە و بەسەرهاتە كە نووسەر لە رێگەی واتسئاپەوە بۆ ئومید تەوفیقیانی هاوڕێی نووسیوە، بۆ ئەوەی تەوفیقیان لای خۆی كۆیانبكاتەوە و بۆ وەرگێڕان و بڵاوكردنەوە ئامادەیان بكات. سەرەتای ئەم مانگە بوچانی لە سەمینارێكی ئەدەبیدا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە ئامادەبووانی گوت: “لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەكەی مانۆس هەستم بە پارێزراوی نەدەكرد، چونكە لە هەر ساتەوەختێكدا دەكرا هەڵكوتنە سەر ژوورەكەمان و مۆبایلەكەم لەگەڵ خۆیان بەرن. ئەوكات مافی ئەوەمان نەبوو مۆبایلمان هەبێ. بۆیە ئەگەر یەكسەر نووسیبام و (بۆ تەوفیقیانم) ناردبا، ئەوە مۆبایلەكەشم چووبا، نووسینەكانم هیچیان بەسەر نەدەهات”.

لیژنەی داوەری خەڵاتەكە لە بەشێك لە پەیامەكەیاندا دەڵێن: “ئێمە بوچانی لە رێگەی گێڕٍانەوەی چیرۆكی هەموو ژیانی ناناسین، بەڵكو لە رێگەی شێوازی رزگاربوونی، تێبینیكردنی ئەوانی دی و شیكردنەوەكانی بۆ سایكۆلۆژیا  و پێكهاتەی دەسەڵات لە شوێنێكەوە دەیناسین كە ئەو بە گرتووخانەی مانۆس ناوی دەبات، هەموو ئەزموونی ئەو و ئەوەی لە ژیانیدا فێری بووە، لەم كتێبەدا هەیە”.

بوچانی كە لە 2013 وە ئێرانی جێهێشتووە، پێشتر لە گۆڤاری كوردیی “وریا” كاری كردووە. دەرچووی هەردوو زانكۆی تەربیەت موعەلیم و تەربیەت مودەڕیسی تارانە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەكان، جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلیتیك. مامۆستایە لە بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی وێڵزی باشوور، لێكۆڵەرە لە ناوەندی كۆچبەرانی ئاسیای سەر زەریای هێمن لە سیدنی، ئەندامی فەخریی گروپی نێودەوڵەتی پێنە.

ئەوە یەكەمجار نییە نووسەرە كوردەكە بۆ ئەو كتێبەی خەڵات وەربگرێ. سەرەتای ئەمساڵ بوچانی خەڵاتی ڤیكتۆریەنی پێ بەخشرا كە بە گرانبەهاترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیا ناسراوە. دواتریش خەڵاتی ئەدەبیی وێڵزی باشووری نوێ و خەڵاتی پیشەسازیی كتێبی ئوسترالیای پێبەخشرا.

جگە لەم خەڵاتە ئەدەبیانە، بوچانی چەندین خەڵاتی رۆژنامەڤانی و مافەكانی مرۆڤیشی وەرگرتووە، لەوانەش خەڵاتی میدیایی رێكخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی بۆ ساڵی 2017، خەڵاتی سیمپزیۆمی دادی كۆمەڵایەتی دیاسپۆرا، خەڵاتی كورسی بەتاڵی ئازادیی ڤیكتۆریا بۆ ساڵی 2018 و خەڵاتی ئانا پۆلیتكۆڤسكا بۆ كاری رۆژنامەڤانی.

بنكەی مانۆس لە كۆتایی تشرینی یەكەمی 2017 بەشێوەیەكی فەرمی داخرا، بەڵام 600 كەس لە دانیشتووانی كەمپەكە ئامادە نەبوون چۆڵی بكەن، لەبەر ئەوەی لە گیانی خۆیان و هەڵوێستی خەڵكی دوورگەكە دەترسان. لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێك لە كۆچبەرانی دوورگەكە بۆ ئەمریكا گوازراونەتەوە.

بوچانی لە سەمینارە ئەدەبییەكەی سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند: “ئەو پرسیارەی لە مێشكی هەموو كەسدا دەخولێتەوە، ئەوەیە كەی ئازاد دەبین. دۆخێكی هەتا بڵێی سەختە. خۆ ئێمە هیچ تاوانێكمان نەكردووە، بەڵام بە شێوەیەكی سیستەماتیك ئەشكەنجە دەدرێین. پاسەوانانی كەمپەكە هەموو هەفتەیەك ژوورەكەت دەپشكنن و شتەكانت لەگەڵ خۆیان دەبەن”.

بڕیار وابوو حكومەتی نیوزیلەند 150 كەس لە دانیشتووانی كەمپەكە وەربگرێ، زۆربەی دانیشتووانی كەمپەكەش دڵیان بەوە خۆش بوو كە ئەگەر پارتی كار لە هەڵبژاردنەكەی مانگی ئایاری ئەمساڵدا سەركەوتن بەدەستبهێنێ، كارئاسانی دەكات بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە بۆ نیوزیلەند بگوازرێنەوە. بەڵام لە كۆتاییدا هاوپەیمانێتیی لیبراڵەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا.

بەگوتەی لێكۆڵەرە كوردەكە، لەدوای سەركەوتنی لیبراڵەكان ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەرانی دانیشتووی مانۆس نائومێد بوون، چونكە “پێمانوابوو ئەگەر پارتی كار سەربكەوێ، پێشنیارە مەعقوولەكەی نیوزیلەند قەبووڵ دەكەن و دەماننێرنە نیوزیلەند، بەڵام وادەرنەچوو، خەڵك هیوای نەماوە. لەو كاتەوە ژمارەی هەوڵەكانی خۆكوشتن و خۆبرینداركردن زیادی كردووە. زیاتر لە 100 كەس هەوڵی خۆكوشتنیان داوە. ئەمە بۆ شوێنێكی وەك كەمپەكەی مانۆس ژمارەیەكی زۆرە”.

نووسەر و لێكۆڵەرە كوردەكە لە بەشێك لە پەیامی قەبووڵكردنی خەڵاتەكەیدا گوتی: “نازانم چی بڵێم، تەنیا سوپاستان دەكەم. وابزانم مێژوو لەو قۆناغە تاریكەی مێژووی ئوسترالیادا حوكم لەسەر ئەم نەوەیە و هەموومان دەدات”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com