نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی كۆگا و بەنداوهكانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆمان لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراقی کردووە بۆئەوەی سێ بەنداوی نوێ لە سنوری توركیا و هەرێمی كوردستان درووستبکرێت.
له ههرێمی كوردستان ١٧ بهنداو ههیه، كه دوانیان دوكان و دهربهندیخان گهورهن و ئهوانی تر بچوك و مامناوهندن و له وهرزی زستاندا ئاو گل دهدهنەوە، بڕیاریشە لەسەر ئەرکی حکومەتی عێراق، ژمارەیەک بەنداوی نوێ لەهەرێم درووستبکرێت، کەسیانیان لەسەر سنوری تورکیا و هەرێمی کوردستانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆگا و بەنداوهكانی هەرێم، سەبارەت بە درووستکردنی بەنداوی نوێ لەهەرێم، راگهیاند “لە بەرواری ٣١-٧-٢٠١٩، دواهەمین گفتوگۆمان لەگەڵ وەفدێکی حکومەتی عێراق کردووە، بۆئەوەی سێ بەنداوی نوێ لە نێوان سنوری توركیا و هەرێمی كوردستان دروستبكرێت، بۆئەو مەبەستەش وەفدەکەی حکومەتی عێراق ڕەزامەندی خۆی نیشانداوە”.
بەرێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، گوتیشی “لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە وەفدێکی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی ئەو ناوچانە بکات، کە بەنداوەکانی لێ درووستدەکرێت و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ بکات، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانین”.
سەبارەت بە دیزاینکردنی ئەو سێ بەنداوە نوێییەوە، ئەکرەم ئەحمەد، ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا هیچ دیزاینێکیان بۆ نەکراوە و تەنها قسەی لەسەرکراوە. دەشڵێت “ئەو بەنداوانەی، کە بە هۆی قەیرانی دارایییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو، تا ئێستا کارکردن تێیاندا دەستیپێنەکردووەتەوە”.