نوچە
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر دەڵێت، دوو كەس بەتۆمەتی رفاندن و دزین لە شاری ھەولێر دەستگیر كران، كە چوار ھاوڵاتی بە رەگەز عەرەب-یان رفاندووە و ئۆتۆمبێلەكەشیان دزیووە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد “چوار ھاوڵاتی بە رەگەز عەرەب كە خەڵكی شاری بەغدان كاتژمێر ١ـی شەو لە شاری ھەولێر ویستوویانە بگەڕێنەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم-یان پێبووە، لەلایەن دووكەسی خەڵكی ھەولێر رێگریان لێدەكرێت، سەرەتا بەناوی ئاسایش ناسنامەیان لێوەردەگرن، دواتر یەكێك لە تۆمەتبارەكان ئۆتۆمبێلەكە لێدەخوڕێت و دەیبات لە شوێنێك دەیشارێتەوە، ھاووڵاتییە عەرەبەكانیش فڕێدەدەن، مەبەستیان دزینی ئۆتۆمبێلەكە بووە، بەڵام لەماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر توانرا تۆمەتبارەكان دەستگیر بكرێت و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگیرێت”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی “دوای رەزامەندی دادگا، ئۆتۆمبێلەكە بۆ ھاوڵاتییەكان دەگەڕێندرێتەوە و تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەكەدا ناوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ تۆمەتبارەكان دەكرێت”.
