ریفراندۆم

0

لێکۆڵێنەوە لە دەرئەنجامە ناوچەییەکانی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق

کورتکراوە:

کوردستان عراق ناوی ناوچەیەکە لە باکوری عێراق، کە لەسەرەتای سەربەخۆیی ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٣٢ـەوە تاکو ئێستا بۆ جیابوونەوە لە عێراق جەنگاوە. کوردەکان دوای ساڵەها خەبات توانییان لە ساڵی ١٩٩١ لە باکوری ئەم وڵاتە، دەستیان بە خود موختارییەکی کەم بگات. بە رووخانی سەددام لە ٢٠٠٤، کوردەکان توانییان کوردستان بگۆڕن بۆ ناوچەیەکی فیدراڵی. ئەم ناوچەیە تاکو ساڵی ٢٠١٤ لە ئاستێکی بەرزی گەشەکردندا بوو، بەڵام بە پەیدا بوونی داعش (٢٠١٤)، کردها لە گەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر بودجە و ناوچە کێشەلەسەرەکانتوشی کێشەبوون و لە ٢٥ـی سێپتامبەری ٢٠١٧، گشتپرسییەکیان ئەنجام دا، کە ئەنجامەکەی دەنگی ئەرێنی بە سەربەخۆیی (جیابوونەوە) لە عێراق بوو. لەم لێکۆڵینەوە وەسفی – شیکردنەوەیە، بۆ کۆکردنەوەی داتاکان، سوود لە سەرچاوەی نوسراو و ئینتەرنێت وەرگیراوە. پرسیارێک کە دێتەگۆڕێ ئەوەیە، کە ئەنجامدانی گشتپرسی چ دەرئەنجامێکی بۆ کوردستانی عێراق لە ئاست ناوجەکەدا هەبووە.
وەک بۆچوونی لێکۆڵینەوەکە، ئەم گشتپرسییە دەرئەنجامی نەرێنی سیاسی و ئابووری جۆراوجۆری بۆیان دروست کردووە. ئەنجامەکان پیشانی دەدەن گۆشەگیری جیۆپۆلیتیکی سەپێنراو، گەمارۆی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیا و ئێران و پشتگیری ئسیرائیل لە دوور کەوتنەوەی کوردەکان لە ناوەند، لە دەرئەنجامە ناوچەییەکانی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق بوو؛ لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین بە لە بەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی (جۆغرافی) دەورەدراوی وشکانی کوردستان عێراق و رازی نەبوونی وڵاتانی دراوسێ لە دووری کوردەکان بە هۆی دەرئەنجامی جیۆپۆلیتیکیەکەی، هەر جۆرە هەوڵێکدانێک لەم بارەیەوە لەلایەن ئەوانەوە، بێگوێدانە هەر ئەنجامێک مەحکوم بە شکستە.

پێشەکی

دووری (جیابوونەوە) پرۆسەیەکە، کە تێیدا یەکەکانی سیاسی ـفضایی (جەوی سیاسی ناو وڵات) لە یەکتر دوو دەبنەوە و دەبێتە هۆی قەیران و شەڕ. ئەگەر ئەم جیایی خوازییە لە ناو یەکەیەکی سیاسی تایبەتدا بێت، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە. کە ئەمەش پێویستی گرنگیدان بە جیایی خوازی پیشان دەدات. لە دونیا نمونەگەلێکی جیاواز لە جیایی خوازی روویداوە، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆیی، بە تایبەت لە هەزارەی سێیەم، دەتوانین بە تەتالۆنیا و هەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق ئاماژە بکەین، کە گشتپرسی هەردوو ناوچەکە لەگەڵ شکست رووبەڕوو بووەوە و گرینگ ئەوەیە هەردوو گشتپرسی هەر لەسەرەتاوە بە دژایەتییەکانی ناوچەیی بەرەوڕوو بوونەوە.گشتپرسی کەتەلۆنیا بە دژایەتی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و گشتپرسی کوردەکانیش بە دژایەتی وڵاتانی دراوسێ رووبەڕوو بووەوە. بەم حاڵەوە گرینگی گشتپرسی کوردەکان چەند پلەیەک زیاترە؛ لەبەر ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا دابەش بوون و گەیشتن و دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ هیوای زۆرینەیانە، بەڵام لەم ناوەدا ئیرادەی کورد لە کوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی، زیاتر لە کوردەکانی ناوچەکە بووە.

کوردستانی عێراق ناوی ناوچەیەکی فیدراڵ و دیدی جیۆپۆلیتیکییەوە دەورەدراو لە وشکانی لە باکوری وڵاتی عێراقە، کە چوار پارێزگا هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، لە خۆ دەگرێت. زیاتر لە ٩٠٪ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردگەلێک پێکی دەهێنن، کە ریشەیان ئێرانییە و لە نژادی مادـەکانە. (یونسی، ١٣٧٣: ٤٥). دوای هێرشی عێراق بۆ سەر کوێت لە ساڵی ١٩٩٠ و دواتر دەرکردنی عێراق لە کوێت، کە لە ساڵی ١٩٩١، کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی رۆژئاوایی ئەنجام درا، کوردستان عێراق توانی لە ناوچەی هێڵی ئاسمانی قەدەغەکراو، کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هێڵی ٣٦ ـی جۆغرافیا دروستیان کرد، سوودی پێویست ببەن و بە خۆبەڕێوەبەرییەکی کەم بگەن، بەڵام لە سەرەتای هەزارەی سێیەم و دوای هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و رۆڵی ئەرێنی، کە کوردەکان لە رووخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستووری عێراق هەیانبوو، کوردستانی عێراقی کرد بە ناوچەیەکی فیراڵی لە چوارچێوەی جۆغرافیای سیاسی عێراق. بە تێپەڕبوونی جەند ساڵ لە دروستکردنی سیستەمی فیدراڵی لە کوردستانی عێراق و سەرەڕای کاریگەری ئەرێنی سیستەمی فیدراڵی لەسەر گەشەی ئابوورییەکەی، ناکۆکی لە نێوان حکومەت فیدراڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق هاتە ئاراوە. ئەم ناکۆکییە لەسەر چەند بابەتێک بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ قووڵبووە و دوو لایەن هیچ ئیرادەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی نەبوو. هەر ئەم ناکۆکییە بووە هۆکار تاکوو رێبەرانی کورد بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی بدەن. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە لێکدانەوەی دەرئەنجامەکانی ئەم گشتپرسییە بۆ کوردەکان لە ئاست ناوچەکەیە.

کوردستانی عێراق بە وڵاتانێکدەورە دراوە، کە کەمینەی نەتەوەی کوردیان تێدایە و بۆ پاراستنی یەکپارچەی خاکی وڵاتیان روویەکی خۆشیان بە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان پیشان نەدا؛ لەبەر ئەوە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی فضایی لەم ناوچەیە، بە هۆی پەیوەندی جیۆپۆلیتیکی، لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتانە کاریگەری دەبێت. راست بە ئەم هۆکارە بوو، کە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بە تایبەت تورکیا، لەو رۆژەوە، کە سەرکردەکانی کورد بە تایبەتی مەسعود بارزانی هەڕەشی جیابوونەوەیان کرد و بابەتی گشتپرسییان هێنایە ئاراوە، شەپۆلێک لە دژایەتی سیاسی و میدیایی و جوڵەی دیپلۆماسییان وەگڕخست. مەسەلەی سەربەخۆیی و جیایی خوازی کوردەکان لە هەرێمی کوردستان، بە رێژەیەک بۆ وڵاتانی دراوسێی گرنگ بوو، تەنانەت جیاوازی ئیدئۆلۆژیکی و بەرەی دژبەیەکیانی لە ژێر کاری گەری خۆی دانابوو؛ بۆ نمونە تورکیا تا چەند ساڵ پێش، لە هیلالی شیعی و کاریگەری خراپی لە ناوچەکە قسەی دەکرد و لە دژایەتی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی نەوتی و گازی، دەستی بە هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکرد؛ یان لە مەسەلەی شەڕی نێوخۆیی سوریا، بەردەوام خوازیاری رژێمی دەسەڵاتداری سوریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ترس لە سەربەخۆیی یان خۆسەرییەکی کەمی کوردەکانی سوریا، کە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە پشتیوانی دەکرێن، لە ناکاو ستراتیژی خۆیان گۆڕی لە بەرەی ئەمریکا، سعودیە و ئیسرائیل، چووە بەرەی ئێران و روسیا. بەم شێوەیە ئامانجی تورکیا ئەمەیە، کە لەلایەک بە هاوکاری بە هاوکاری ئێران مەترسی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق هەڵبووشێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە نزیکبوونەوە لە روسیا، جیا لە کۆنتڕۆڵ کردنی کوردەکانی سوریا، زەنگی (جەرەسی) مەترسی بۆ ناتۆ و ئەمریکا لێبدات. گرنگی ژئۆستاتیژیکی تورکیا بەهۆی هەبوونی گەرووەکانی بسفۆڕ و داردانێڵ و هاوسنوور بوون لە گەڵ رووسیا بە رێژەیەکە، کە وڵاتانی ناتۆ بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین چاوپۆشی لێبکەن.

کوردەکانی عێراق سەرەڕای هۆشداری وڵاتانی دراوسێ بە گەمارۆی سیاسی و ئابووری، گشتپرییانلە کاتی دیاریکراو، واتا ٢٥ـی سێپتامبەری ٢٠١٧ ئەنجام دا. لەگەڵ ئەوەی ئەنجامی ئەم گشتپرسییە، دەنگی ئەرێنی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی بوو، بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی ئەرێنی بۆیان هەبێ، دەرئەنجامێکی نەرێنی زۆری بۆیان هەبوو، کە کە کەمترینیان گەمارۆی ئاسمان و زەوی کوردستانی عێراق لە لایەن وڵاتانی دراوسێیەوە بوو. شپرزەیی ئابووری و سیاسی بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا، گەیشتبووە ئاستێک، کە جیا لە ناڕەزایەتی گشتی شیعار دژی بارزانی و تاڵەبانی، بووە هۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی کورد، لەوانە گۆڕان و کۆمەلی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فدراڵی هەرێمی کوردستان. ئەم شپرزەییە لە ئاستێکدا بووکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد، لەوانە گۆڕان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ائتلاف (بنکەفراوان)ی کوردستان، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بوون. لەم بارودۆخەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە چالاکی دیپلۆماسی کرد؛ لەبەر ئەوەی بەغدا ئامادەی گفتوگۆ نەبوو لەگەڵ کوردەکان و بەشێوەیەکی کەم گفتوگۆی لەگەڵ هەولێری مەرجدار کرد.

نوێ گەری ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەمەیە، کە پیشانی دەدات یەکەم، هەر جۆرە هەوڵێکی جیایی خوازی بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقعیەتەکانی جیۆپۆلیتیکی، مەحکوم بە شکستە. دووەم، ئەوەی کە کوردەکان باشترین کارتی فشاری زلهێزەکانی جیهانن، بۆ فشار خستنەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران، عێراق، تورکیا و …هتد. سێیەم ئەوەی کە زلهێزەکانی جیهان هەرکات بەرژەوەندییان وا بخوازێت کوردەکان سوود لە کوردەکان دەبینن و دوای ئەوەی بە ئامانجی خۆیان گەیشتن، کەمترین بەهاشیان بۆ دانانێن. نمونەکەی دژایەتی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ گشتپرسی و دواتر دانوستانی ئەمریکا لە گەڵ تورکیا لە کوردستانی سوریایە. ئەم لێکۆڵینەوەیە، بە پێچەوانەی لێکۆڵینەوەکانی دیکە، کە زۆرتر لە دیدی سیاسییەوە لە گشتپرسی کوردستانی عێراقیان کۆڵیوەتەوە، ئەم بابەتە لە دیدی جۆغرافیای سیاسی لێکدەداتەوە.

چوارچێوەی تیۆری

لە دیدی ریچارد هارتشون لە جۆغرافیای سیاسی، بابەتی بنەڕەتی، خوێندنەوەی وڵاتە. هارتشون لەو بڕوایە دایە، کە لە هەر وڵاتێک دوو هێزی ناوەندخواز و جیاییخواز هەیە. بوون و مانەوەی وڵاتێک پێویستە هێزی ناوەندگرا بەسەر هێزی جیاییخواز زاڵ بێت. بە شێوەیەک، کە هەرکات هێزی تێکدەر یا جیایی خواز- لەوانە تەگەرەی جۆغرافیایی، ناوچەی چۆڵی (بێ دانیشتوان) پەیوەندی نزیکی چەند بەشێکی وڵاتێک لەگەڵ هەندێک ناوچەی وڵاتانی دراوسێ- و هەبوونی زمانی جۆرواجۆر، نەتەوە و ئایینی لە سەر هێزی ناوەندخواز زاڵ بن، بوونی ئەو وڵاتە دەکەوێتە مەترسییەوە. بە بۆچوونی هارتشون گرینگترین دروستبوونی وڵاتێک یان حکومەتێک، هەمان بیرکردنەوەی حکومەتە؛ لەبەر ئەوە بۆ دیاری کردنی هۆکاری بوونی وڵاتێک دەبێ دەست بە خوێندنەوەی ئێستای بکەی، نە بە خوێندنەوەی هۆکارەکانی رابردووی، کە لەناوچوون (ویسی، ١٣٩٤: ١٣٧).

پێدەچێت ئەو وەکو ئەو حاڵەتە لە بارەی عێراقەوە راست بێت؛ لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە بەرهەمی رۆڵی هۆکاری بیانی لەوانە رۆڵی بریتانیا و فەرانسا، لەسەر بنەمای پەیماننامەی سایکس -بیکووە. هزری حکومەت لە هەموو عێراق بوونی نییە و پێکهاتەی چەند پارچەی ئەم وڵاتە بریتییە لە: کورد، شیعە و سوننە، لە سەرەتای پێکهێنانی ئەم وڵاتەوە لە ١٩٢٤ تاکو ئەمڕۆ، بێجگە لە شەڕ شتێکی بۆ ئەم یەکە سیاسییە نەبووە و بەردەوامی ژیانی لەگەڵ کێشەی جددی بەرەوڕوو کردۆتەوە؛ لەبەر ئەوە ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، هەر ئەو دووری کردنەیە لە ناوەند، کە لە چوارچێوەی تیۆری هارتشون قابیلی شێکردنەوەیە.

شێوازی لێکۆڵێنەوە

ئەم لێکۆڵینەوەیە تەوسیفی تەحلیلی ـە (خوێندنەوە بۆ بارودۆخی نوێ ـی دیاردە یان بابەتێک دەکات)، لەم شێوازە لە خوێندنەوە، بابەتی نوێکردنەوەی لایەنەکانی دیاردەیەک، کە پێشتر روویداوە، لێیدەکۆڵێتەوە. ئەمشێوازە زیاتر لە لێکۆڵینەوەی مێژووی بەکاردێت و زۆرتر لە بەکارهێنانی پشت بە سەرچاوەی دەستی یەکەم و ئەسڵی دەبەستێت. لەو شێونەوە کە لێکۆڵینەوەی جۆغرافیای سیاسی پێویستی بە خوێندنەوەی مێژووییە، بە لەبەرچاوگرتنی بابەتی هەڵبژێردراو، مومکینە لێکۆڵەر تەنیا لە شێوازی تەوسیفی بۆ شیکردنەوەی داتاکان سوود وەربگرێت (پیشگاهی فرد، ١٣٨٣: ٢١٣). بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وترا، لەم لێکۆڵینەوەیەدا لەو شوێنەی کە خوێندنەوە بۆ کوردەکان دەکرێ و باس لە خەباتی کوردەکان دەکرێ یەکراست پەیوەندی دەبێت بە مەسایلی مێژوویی، شێوەی تەوسیفی-تەحلیلی هەڵبژێردراوە. داتاکانی لێکۆڵینەوەش لە سەرچاوەی نوسراو و ئینتەرنێت کۆکراوەتەوە.

باسکردن و بەدەستهاتووەکان

پێشینەی خەبات لە کوردستانی عێراق

کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە جیهان، کە لە چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین. ناسیۆنالیسم، زمان و هەستی هاوبەشی نەتەوەیی هۆکاری گرێدراوی و هەستی دڵبەستەییە لە نێوانکوردەکان تەنیا رەگەزێکن، کە دیدی جۆغرافیای سیاسی جیهانی لە چوار ناوچەی جیاوازن. ئەوان لە نێوان وڵاتانی جیهانی عەرەب لە سوریا و عێراق، لە نێوان وڵاتانی ناتۆ لە تورکیا، لە نێوان وڵاتانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا لە ئێران و لە نێوان وڵاتانی ناوچەی قەفقاز لە وڵاتانی ئەرمەنستان، ئازەربایجان و جۆرجیا دەژین (عیسی، ١٣٧٩: ٣٠). پێشینەی خەباتی ئەم نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی، زیاتر لە نەتەوەکانی دیکەی جیهانە، بەڵام هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی تاکو ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە؛ مەسەلەیەک کە هەڵکەوتەی ژیۆپۆلیتیکی هەڵدەگەڕیتەوە؛لەبەر ئەوەی کوردستان هەر لەسەرەتاوە لە یەکپارچەیی جۆغرافیایی هەبووە و لە دیدی زمان و ئایین ـیش کێشەی نسبی هەبووە، ئیمکاناتێکی بەهێزی ئەمنی هەبووە. بەم هۆیە و بۆ ئەوەی رۆڵێکی لە نائەمنی ناوچەکە هەبێ، لە نێوان دراوسێکانی دابەشکرا؛ لەبەرئەوە ئەو جۆرە خاکە (سەرزەمینە) تەواوکەری ستراتیژی وشکانییە و لەوەی کە ئامانجی یەکپارچەییە، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و نائەمنی هەموو ئەو وڵاتانەی، کە بەشێوازێک لەو خاکەدا بەشیان هەیە (عزتی، ١٣٩٣: ٨٤).

لەنێوان کوردەکانی چوارپارچەی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیرادە لەکوردستانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە پارچەکانی دیکە زیاتر بووە. کوردستانی عێراق ناوی ناوچەیەکە لە باکووری عێراق، کە لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێران، لە رۆژئاوا لەگەڵ سوریا، و لە باکوور لەگەڵ تورکیا و لە باشوریش لەگەڵ عێراق سنووری هەیە. ئەم ناوچەیە خاوەنی ٦٠،٦٤٣کیلومەتر دووجایە (لەگەڵ ناوچەی کێشە لەسەر ٧٨،٧٣٦ کیلومەتر دووجا) و ٦،٧٠٠،٠٠٠ کەس دانیشتوانی هەیە. هەرێمی کوردستان لە چوار پارێزگایە پێکدێت، پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە. پایتەختی هەریمی کوردستان هەولێرە. لەم ناوچەیە بێجگە لە کوردەکان، عەرەب، ئاشووری، کلدانی و تورکمەن ـیش نیشتەجێن (محمدی و خالدی، ١٣٩١: ٣٢). هەرێمی کوردستان، ناوچەیەکی کوێستانی بە ئاو و هەوایەکی مامناوەند، پڕ لە ئاوی شیرین، زەوی بەپیتی جوتیاری سەرچاوەی گەورەی نەوت و گازە. رووباری گەروە لە کوردستانی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێ، کە لە نێوانیان دەتوانین ئاماژە بە زێی گەورە و زێی بچووک بدەین. هەروەها رووباری دیجلە، کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێ، بە تێپەڕ بوون بە کوردستانی عێراق بەرەوە جنوبی عێراق شۆڕ دەبێتەوە. ئابووری ئەم ناوچەیە پشتی بە نەوت بەستووە بەشێکی گەورەی لە بودجە ئاوەدانی ئەم ناوچەیە لە نەوت دابین دەکرێت. سەرچاوەی تری داهاتی ئەم ناوچەیە گەشتیارییە. تا پێش دەرکەوتنی داعش لە ناوچەکە، هەرێمی کوردستان پلەیەکی بەرزی لە راکێشانی گەشتیار لە ناو وڵاتانی عەرەبی هەبوو. هەروەها سەرمایە گوزاری کۆمپانیا بیانییەکان، بەشێکی دیکەی ئابووری ئەم ناوچەیە پێکدێنن.

مێژووی خەباتی کوردەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە درێژایی مێژووی پێکهێنانی ئەم وڵاتە ناسرووشتییەیە، بەڵام گرنگترین بەشی خەبات و کاریگەری کوردەکان بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە، کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠، بزووتنەوەی بارزان بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان و برا بچووکەکەی مەلا مستەفا بازرانی، بەشێوەی پراگماتیک لە کوردستانی عێراق چووە نێوە دنیای خەباتی نەتەوە خوازییەوە (ناسیۆنالیستی) (بوذرسالان، ١٩٩٦: ٤٥). بە مردنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفا بووە تەنیا سەرکردەی کاریزمای بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی عێراق. ئەو جەنگاوەرێکی لێهاتوو بوو. لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆماری مهاباد (١٩٤٥- ١٩٤٦) هاوکارییەکی باشی قازی محەمەدی کرد و لە شەڕی کێوی پیرس و دەشتی نحلە لە کوردستانی عێراق -یش بووە هۆی سەرسام بوونی سوپای عێراق. ئەو لە ساڵی ١٩٦٢ لە شۆڕشێک بەناوی ئەیلول – کە شۆڕشێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی کوردستانی عێراقە – بە پشتیوانی شای ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کەوتە شەڕەوە (یونسی، ١٣٧٣: ٩٢) خەباتی کوردەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوو هیوا بەخش بووە؛ لەوانە دەتوانین ئاماژە بە بەشداری کوردەکان لە حکومەتی چەپ خوازی عەبدولکەریم قاسم بکەین یان بە خودموختاری (حوکمی زاتی) نسبی، کە لە رێککەوتننامەی مارسی ١٩٧٠، لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی، حەسەن بەکر سەرۆککۆماری عێراق و جێگرەکەی سەددام حوسێن واژۆ کرا. بەڵام ئەم ئاواتە لە کۆتاییدا بوو بە شکستێکی بێ هیوایی (مرادی افضلی، ١٣٩٢: ٢٨٧). بە واژۆ کردنی پەیماننامەی جەزایر، لە نێوان شای ئێران و سەددام حوسێن لە لە ساڵی ١٩٥٧، کێشەی نێوان ئێران و عێراق چارەسەر کرا و هۆکاری بەرژەوەندی سیاسەتەکانی شای ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا. لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کوردەکانی عێراق لە هەڵی رەخساو ئەوپەڕی سوودیان وەرگرت و کەوتنە هاوکاری کردنی ئێران دژی رژێمی بەعس. بەرهەمی ئەم جۆرە هەستانەوە بۆ کوردەکان، بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە و کارەساتی ئەنفاڵ (١٩٨٧- ١٩٨٩) بوو، کە بۆ کوردەکان تراژیدیایەکی تاڵ و پڕئازارە (کلنل، ٢٠٠٣: ٢٠).

١. خودموختاری لە کوردستانی عێراق

رژێمی بەعس لە ٢-٨-١٩٩٠، هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ سەر کوێت، پەیوەستی خاکی خۆی کرد. ئەم دەستوەردانەی بەعسییەکان لەگەڵ کاردانەوەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرەوروو بووەوە و هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بە هێرش بۆ سەر کوێت، سەددامیان لە کوێت وەدەرنا. رۆژئاواییەکان بۆ سزادانی سەددام حوسێن لە اکی عێراق، ناوچەیەکی قەدەغەکراویان دانا (هێڵی ٣٦ پلە) لە کوردستانی عێراق دروست کرد. کوردەکان بە سوود وەرگرتن لەم هەلە، لە سالی ١٩٩٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانیان ئەنجام دا و حکومەتێکی لۆکاڵی خودموختارییان بۆ خۆیان دامەزراند (مرادی و افضلی، ١٣٩٢: ٢٩٠).

٢. سیستەمی فیدراڵی لە کوردستانی عێراق

لە هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بە رۆڵێکی ئەرێنی، کە ئۆپۆزسیۆنی کورد، لە هاوکاری کردنی ئەمریکا و ناوبردنی رژێمی بەعس هەیبوو، کوردەکان رۆڵێکی گرنگیان لە نوسینەوەی دەستوور گێڕا؛ بە شێوەیەک کە سەددام لە دوای رووخانی سەددام، لە سیستمێکی حکومەتی سۆسیالیستی ناوەند بۆ حکومەتێکی فیدراڵ و فراوان گۆڕا، کە لە هەندێ بابەت وەک هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتێکی فراوان تەنانەت زیاتر لە ئیالەتەکان لە حکومەتەکانی جیهان درا (میرحیدر همکاران، ١٣٩٢: ١٢١). جێگیرکردنی پۆستی سەرۆککۆماری بۆ کوردەکان، سیستەمی فیدراڵی بۆ کوردەکان و ماددەی ١٤٠ی دەستوور لە بارەی چارەسەرکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەوانە کەرکوک بۆ کوردەکان لە عێراقی نوێ دەستکەوتێکی باش بوو. لە ئەنجای هەوڵی زۆری کوردەکان دوای چەند دەهە خەباتئەنجامی هەبوو- و کوردستانی عێراق وەک ناوچەی فیدراڵ، لەسەر نەخشەی جۆغرافیای سیاسی عێراق دەرکەوت.سیستەمی حکومەتی لە ناوچەی فیدراڵی کوردستان تاکو پێش رووخانی رژێمی بەعس، دوو ئیدارەیی بوو، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەژێر دەسەڵاتی مەسعود بارزانی و حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی)دا بوو و پارێزگای سلێمانییە و ناوچەکانی دەورووبەریشی لەژێر دەسەڵاتی جەلال تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی) -دا بوو؛ تا ئەوەی بە رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی لە کوردستانی عێراق، ئیدارەی ناوچەکە بووە یەک ئیدارە و شاری هەولێر کرایە پایتەخی ئەو ناوچەیە هەڵبژێردرا.سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سالی ٢٠٠٥ تاکو ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەدەست مەسعود بارزانییەوە بوو.

بارزانی لە ساڵی ٢٠١٧ لە سەرۆکایەتی کشایەوە. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەرۆکی نییە و دەسەڵاتەکانی تاکو دیاری کردنی سەرۆکی نوێ، کە لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، لە نێوان دەسڵاتی جێبەجێکاری، یاسا دانان و دادوەری دابەشکرا. شێوە و چۆنەتی خۆبەڕیوەبردنی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی <<حکومەت ناوچەی کوردستان>> لە گەڵ نمونەکانی خودموختاری و فیدراڵیسم جیاوازی هەیە: بەبێ ناوەندێکی سیاسی، دەوڵەتی لۆکاڵی،پەرلەمانی لۆکاڵی، دەسەڵاتی دادوەری لۆکاڵی و بودجەی لۆکاڵی، کە تایبەتمەندی هەموو حکومەتێکی فیدراڵە لە جیهان. شێوەی خۆبەڕێوەبەری حکومەتی ناوچەی کوردستان، لە چەند بابەتێک وەک دروستکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەبوونی چەند هێزێک ناسراو بە پێشمەرگە، کە حوکم سوپایان هەیە و بەهێزی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ڤیتۆکردنی یاسای پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ هەموو حکومەتە هاوشێوەکانی جیاوازی هەیە، کە دەتوانرێ بۆ ئەو بوونی سەربەخۆ لە چوارچێوەی نمونەکانی بەڕێوەبردنی سیاسی فضایی بیناسی،لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێ کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقبە حکومەتی ناوچەی کوردستان دراوە، بوە هۆی، کە مۆدیلی کوردستانی عێراق لە قۆناغێکی سەرتر لە خودموختاری و فیرالیسم دابنرێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێ ناوی ئەم نمونە لە حکومەت سەرەوەی ئه‌یالات ناو بنێن (حافظ نیا و هاوكارانی، ١٣٩١: ٥٧).

٣. گه‌شه‌ی ئابووری لە کوردستانی عێراق

فرە حزبی، فرەیی راگەیاندن، ئازادی رادەربڕین و ئەنجامدانی سێ هەڵبژاردنی سەرکەوتوو لە ساڵەکانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣، کوردستانی عێراقی لە دیدی سیاسییەوە کردووە بە مودیلێکی نوێی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لەبەر ئەوەی لەم ناوچەیە، جگە لە کوردەکان کەمینەکانیش لەوانە، عەرەب، کلدانی، ئاشوری، تورکمان -یش بە ئازادی دەژین و لە ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان، ٧ کورسی هی کەمینەکانە. لە بواری ئابووریشەوە کوردستانی عێراق، تاکو پێش پەیدابوونی داعش لە دۆخێکی باشدا بوو. ئاستی ئەمنیەت لە ئەم ناوچەیە زۆر بەرزترە لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئەم مەسەلەیە کوردستانی کردۆتە ناوەندی چالاکی ئابووری؛ بەشێوەیەک کە ماوەیەک گەشەی ئابووری لەمناوچەیە لە ئاستێکدا بوو، کە وەک دوبەی دووەم باس دەکرا. گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان لە دەیەی یەکەم لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکان بوو، کە کوردەکانی بەو باوەڕە گەیاند، کە دەتوانن سەربەخۆ بن. گرینگی ئەم مەسەلەیە تەنیا لە ئابووری بەرەوپێشی سەربەخۆی کوردستان نەبوو، بەڵکو لە ماوەیەکی زۆر، کە لە نێوان کوردستانی گەشەکردوو – و ئاوەدان و عێراقی نوقمی شەڕ و وێرانی و بێ جوڵە، دروست بوو. ئەم مەسەلەیە جۆرێک باوەڕ بەخۆبوونی لە نێو کورددا دروست کرد و ئەوان بە بۆچوونی لێهاتوویی نمونەی حکومڕانی کوردی و پێگەیشتنی بەڕێوەبەرانی کورد قایل بونن. هەرچەن ئاستی بەرزی گەشەی ئابووری کوردستان لە دە ساڵی ئاڵتوونی لە رووخانی رژێمی بەعس تاکو پەیدابوونی داعش بوو، پێشکەوتنەوەی نیسبی لەعێراق، لە ناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکان دەستیپێکرد. زیانەکانی ئەو گەمارۆیانەی، کە لە ئەگۆستی ١٩٩٠ تاکو ئەپریڵی ٢٠٠٣ یەغەی عێراقی گرت، بەتەنیا چەنیدن بەرانبەر کاریگەری خراپی شەڕی لەگەڵ ئێران و شەڕەکانی یەکەم و دووەمی کەنداوی فارس بوو. گەمارۆوە بێ پێشینەکان لە راستیدا شەڕێکی نهێنی بوو، کە بە بێبەش کردنی عێراق لە هەر جۆرە داهاتێکی زیادە، پێشی بە جێبەجێکردنی پلانی گەشە، بونیاتنانەوە و تەنانەت چاککردن و پاراستنی ژێربینای پیشەسازی دەگرت و ئەنجامەکەشی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ پێش کاتی پیشەسازی بوو. زیانەکانی گەمارۆکان لە ئاستێکدا بوو، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان بیری لە فرۆشی ئاستێکی دیاریکراوی نەوتی عێراق لە بەرانبەر پێداویستی زۆر پێویستی ئەم وڵاتە کردەوە. لە ساڵی ١٩٩٦، نەتەوەیەکگرتووەکان دیاری کرد، عیراق مانگ و نیوێک ١.٥ میلیار دۆلار نەوت بفرۆشێت. لە رێژەیە ٣٤٪ بۆ سندووقی زیانەکانی کوێت و خەرجی چالاکی چاودێرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت. لە ٦٦٪ ماوە، ١٣٪ پشکی سێ پارێزگای کوردنشین و ٥٣٪ ماوەش بۆ عێراق بە گشتی دانرا. بێجگە لەمەش، پڕۆژەی نەوت بەرانبەر بە خۆراک، بۆ کوردەکان گۆڕانکاری تێدا کرا؛ بەشێوەیەک ئەوەی بەغدا وەری دەگرت لەو بڕە پاریە، بەتەواوەتی بەشێوەی کەلوپەل و مافی وەرگتنی دۆلاری نەبوو، بەڵام کوردەکان بێجگە وەرگرتنی کەلوپەل، مانگانە ٢٠ میلیۆن دۆلاریان بە شێوەی نەخت وەردەگرت. بەم شێوەیە، توانییان ئابووری لۆکاڵییان بەهێز بکەن و بەشێک لە پرۆژە سەربەخۆکان جێبەجێ بکەن (دیپلوماسی ایرانی، ١٣٩٦).

لەم ناوچەیە، جیا لە کۆمپانیا ئێرانی، عەرەبی و تورکی، کۆمپانیا چینی و کۆریایی -یش چالاکیان دەکرد. جێگەی باسە، بەشێکی زۆر لە بەرەو پێش چوونی کوردستان پەیوەندی بە هەناردەی نەوەتی خاو بوو و لەم رێگەیەوە، جگە لە یارمەتی و سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکانی نەوتی نێودەوڵەتی وەک، تۆتاڵ، شۆرۆن و ئیکسۆن موبیل، لە یارمەتی وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا وەردەگیردرا. تورکیا بەبێ گویدانە حکومەتی ناوەندی عێراق، رێککەوتننامەی نەوتی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد و لەم رێگەیەوە، جیالەوەی وزەی پێویستی خۆی لە کەمترین کات و هەرزانترین نرخ بەدەست دەهێنا، مافی ترانزێتی هەناردەی وزەی ناوچەی کوردستانی عێراقی بۆ بازاڕەکانی جیهان وەردەگرت. رێژەی ئەو نەوتەی تا پێش پەیدابوونی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، لە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل بوو. هەرێمی کوردستان لەماوەی دەورەیەکی تائەندازەیەک درێژماوە، بە بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بۆ هەر بەرمیلێک، نزیکەی ١١٠ دۆلار، وەکو وڵاتانی دیکەی خاوەن نەوتی ناوچەکە، بوونە خاوەن داهاتێکی یەکجار زۆر، بەڵام بەجێگەی سوودوەرگرتنی دروست لێی، کەوتنە پرشووپڵاو کردنی. لە دەرئەنجامی نەوتی بوونی کوردستان، سەرهەڵدانی گەندەڵی لەسەر ئەم خاکەیە، کە تەنانەت بووەی هۆی کاردانەوەی رای گشتی و هەندێک جاریش ئەجامدانی خۆپیشاندانی توندوتیژ دژ بە سەرانی هەرێم. لەبەرانبەردا، سەرکردەکانی کوردستانی عێراق، بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی واقعی لەم سنوورە هەوڵیان نەداوە. بە سەرهەڵدانی داعش و باڵادەستی کورد بەسەر ناوچەجێناکۆکەکان، لەوانە کەرکوک، ئاستی هەناردەی نەوتی کوردەکان گەیشتە ٦٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژدا. هەناردەی نەوتی کوردەکان زۆرتر بۆ بەندەری جیهان و ئیسرائیل دەرۆیشت و دواتر لە رێگەی قوبرسەوە بەرەو ئیتالیا و دەگەیشتە بازاڕەکانی دیکەی جیهان. ئیستاش ئاستی ئەمنی لە کوردستانی عێراق چەندین پلە بەرزترە لەناوچەکانی عێراق، بەڵام لە دیدی ئابووری، سەرەڕای هەناردەی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژدا بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاو چالاکی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخێکی باشی نییە و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەتوندی لە بارودۆخی ئابووری خۆیان ناڕازین.

کێشمەکێشی ژئۆپۆلیتیکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق

لە ساڵی ٢٠١٤ بە دابەزینی بەهای نەوت، ئابووری هەرێمی کوردستان لە گەڵ قەیران بەرەوڕوو بووەوە. خۆبواردنی عیراق لە دابین کردنی بەشە بودجەی هەرێم، شەڕ لەگەڵ داعش و هاتنی بەلێشاوی پەنابەران بۆ کوردستانی عێراق، پەروەی بەم قەیرانە دا. لەم بارودۆخەدا، کورتهێنانی بودجە زیاد بوو، گەشەی ئابووری کەمی کرد و رێژەی هەژاری لەژێر هێڵی سوور زیاتر بوو. پێدانی موچەی فەرمانبەران وەدوا دەکەوت. خەزێنەی دەوڵەتی فیراڵ بەتاڵ بوو-و قەرزە بیانییەکان زیاتر بوون؛ لەبەرئەمە، رێبەرانی هەرێم بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە، دەستیان بە فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت کرد؛ بە شێویەک کە راپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن سەرچاوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تاکو ساڵی ٢٠٢٢ پێش فرۆش کراوە (خبرگزاری کردپرس، ٤-٩-١٣٩٦). لەم بارودۆخەدا، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت مەسعود بارزانی، بە پشتبەستن بە دەستووری وڵات، داوای پشکی ١٧٪ لە بودجەی عێراق لە بەغدا کرد، بەڵام هەرجارە و لە گەڵ کاردانەوەی نەرێنی بەغدا بەرەوڕوو دەبوونەوە. ئەم دژایەتیەکی دەوڵەتی فیدراڵی بەغدا بۆ داواکاری کوردەکان، لە کاردانەی بۆ دەستپێکردنی هەناردە و فرۆشی نەوتی باکوری عێراق بە وڵاتانی بیانی بوو؛ لەبەر ئەوە حکومەتی فیدراڵی کوردستان دوای سەرهەڵدانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ناوچە جێناکۆکەکان، لەوانە کەرکوک،لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیا، دەستی بە هەناردەی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لەرۆژدا بۆ دەرەوەی عێراق دەکرد.

داهاتی وەدەستهاتوو لە فرۆشی نەوت -یش لە بانکەکانی تورکیا دەخرایە سەر ژمارە حیسابی بانکی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ژمارەی ئەم پارانە بە رێژەیەک ناڕوون بوو، تەنانەت زۆربەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت حزبە هاوپەیمانەکان لە حکومەتی هەرێم کوردستان وەکو حزبی گۆڕان، سوسیال دیموکرات، کۆمەڵی ئیسلامی و …هتد، لە رێژەی داهاتی بەدەستهاتووی نەوت ئاگادار نەبوون. لەوەها دۆخێکدا کە هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق پەیوەندییەکانیان رۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و داعشیش رۆژەکانی کۆتایی تەمەنی لەعێراق دەبردەسەر، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لەوانە مەسعود بارزانی نیگەرانی رۆژانی دوای داعش بوون؛ لەبەر ئەوە لەو باوەڕەدا بوون، کە بە لەناوچوونی داعش، پەیوەندی هەولێر – بەغدا گۆڕان ککاری بەسەردا دێت و بێجگە لە زیان شتێک بە نسیبی کوردەکان نابێت. گەورەترین زیانێک، کە لە دیدی سەرکردەکانی کورد رووبەڕووی کورد دەبێتەوە، یەکەم لەدەستدانی کۆنترۆڵی ناوچەجێناکۆکەکانە لەوانە کەرکوک و دووەم، کۆنترۆڵی بیرە نەوتییەکان بوو؛ لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە، کوردەکان لەم ناوچەیە نەوتیان هەناردە دەکرد و دەیانفرۆشت. ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت کەرکوک، سەنگ محەکی ئابووری سەربەخۆی کوردستان بوو- و بەبێ ئەوان، کوردەکان شتێکیان بۆ خستنەڕوو لە سیستەمی نێودەوڵەتی نەبوو.

لەوەها دۆخێکدا مەسعود بارزانی بە بانگهێشتکردنی حزبە کوردستانییەکان، ئەوانی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان داوای یەکگرتووی کرد، بەڵام تەنیا پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی وەڵامی ئەرێنییان هەبوو بۆیی. حزبەکانی دیکەی کوردستان لەوانە گۆڕان (ریفۆرمخواز) و کۆمەڵی ئیسلامی (کۆمەڵ) مەیلێکی ئەوتۆیان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەخۆیان پیشان نەدا و لەو بڕوایەدا بوون، کە یەکم هەنگاو دەبێ مەسعود بارزانی واز لە دەسەڵات بهێنێت؛ لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتی ئەو لەسەر هەرێمی کوردستان ناقانونییە و پێداگری ئەو بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی، لەبەر پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو بەمەبەستی دەوردانەوەی قانون و جێگیرکردنی پێگەی سیاسی خۆی لە سەرۆکایەتی کردنی هەرێمی کوردستانە. دووەم ئەوەی، کە پرۆژەی ئەنجامدانی گشتپرسی دەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێت؛ پەرلەمانێک بەهۆی ناکۆکی نێوان بارزانی و حزبەکەی لەگەڵ حزبی گۆڕان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی لە هەرێمی کوردستان، بە کردەوە بوونی نەما و لە ساڵ ٢٠١٥ داخرا. لەم بارودۆخەدا، بارزانی رۆژی ٢٥ ـی سێپتامبەری ٢٠١٧-ی وەک رۆژی دیاری کردنی چارەنووسی هەرێمی کوردستان دیاری کرد.

کاتێک بارزانی خواستی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی پیشاندا، ئەو گروپەی لە ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی، کە لە مەسەلەی گشتپرسی لەگەڵی گفتوگۆیان کردبوو، داوایان لێکرد بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوە نەرێنییەکانی جیهانی و ناوچەکە، لە ئەنجامدانی گشتپرسی دەستهەڵبگرێت، بەڵام بارزانی لە وەڵامیاندا گوتبووی، تەنانەت ئەگەر ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی لە گەڵی نەبن، ئەو گشتپرسی بە تەنیا لە هەولێر و دهۆک (ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی) ئەنجام دەدات. لە لایەک، کاردانەوەکانی ناوچەیی دژی بارزانی دەستپێکردبوو. ئەردۆغان داوای لە بارزانی کرد گشتپرسی ئەنجام نەدا و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای زانیاری تورکیا (میت) ناردە هەولێر، تاکو بارزانی لەم بڕیارەی پاشگەز بکەنەوە. ئەردۆغان لەگەڵ سەرزەنشت کردنی بارزانی، لەسەر بەڵێنی تورکیا بۆ پاراستنی خاکی عێراق جەختی کردەوە و لە خواستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردنی عێراق و پاراستنی سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە لێدوانی دا. ئەم کارانە لەو لەیەوە جێگەی گرنگی پێدانە، کە هەردوو سەرۆکی عێراق و تورکیا، پێشتر لەسەر هاوکاری تورکیا لەگەل هەرێمی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا و بابەتەکانی دیکە، بەتوندی جیاوازی بروڕایان هەبوو؛ بۆ نمونە، ئەردۆغان لە ١١-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، لە مەسەلەی ناکۆکی لەگە حەیدەر عیبادی، لەسەر بوونی هێزەکانی تورکیا لە بەعشیقەی عێراق، پێی گوت: “تۆ لە ئاست و قەوارەی مندا نیت، هاوارکردن لە دیدی ئێمەوە گرنگی نییە. ئەمڕۆ ئێمە هەرچییەکمان بووێت ئەنجامی دەدەین”. ناکۆکی ئەوانە لە ئاستێکی گەورەتر، دەرخەری بەریەککەوتنە مەزهەبیەکانی ناوچەکە بوو. تورکیا خۆی بە پارێزەری سوننەکان لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆری عوسمانی دەزانی، لەوانە لە سوریا و عێراق؛ لە کاتێکدا، کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، کە سوننەکان حاکمی عێراق بوون، شیعەکان دەسەڵاتی بەغدایان بەدەستەوە گرت.

برێت مەکگۆرک، نوێنەری ترەمپ لە هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش و داگڵاس سیلیمون کونسوڵی ئەمریکا لە بەغدا، پێشتر هەڵوێستی ئەمریکایان لە بارەی گشتپرسییەوە بە بارزانییان راگەیاندبوو. ئەوان رێگەیەکیان بۆ دەرچوون لە قەیران بە بارزانییان پێشنیار کردبوو، کە لە ئەگەری رازی بوونی بۆ دواخستنی گشتپرسی، پێی رادەگەیەنن. بەحاڵەشەوە، ئەنقەرە لە نییەت باشی ئەمریکا گومانی هەبوو. لە راستیدا، گشتپرسی بە زیندووکردنەوەی تیۆری پیلانی ئەمریکا لە بارەی تورکیا (لەشەڕی ١٩٩١ کەنداوی فارس) یارمەتی کرد؛ بەشێوەیەک، کە ئەمریکا لەو ساڵانەدا پلانێکی درێژماوەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد و فراوانکردنی بۆ پارێزگاکانی باشووری تورکیا لە بەردەستدا بوو. ئەردۆغا گوتی، کە بەتەواوی ئاگادارە، کە یارییەک لە ئێستادا لە باکووری سوریا (رۆژئاوا) لە حاڵی جێبەجێکردن دایە، لە ئاراستەی جیاکردنەوەی تورکیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پلانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی لەم پرۆژەیە. لەم پەیوەندیەدا دەبێ بڵێین، رابرت ئۆلسون، شێکاری مەسەلەی کوردەکان، لەو بڕوایە دایە، کە دامەزراندن یان دانەمەزراندن دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد، بەستراوەیە بە ئیرادەی زلهێزەکانی جیهان؛ لەبەر ئەوەی لە سێ قۆناغی مێژوویی لە دوای شەڕی یەکمی جیهانییەوە (پەیماننامەی سوور ١٩٢٠)، دوای شەڕی جیهانی دووەم (کۆماری مهاباد ١٩٤٦) و دوای شەرێ دووەمی کەنداوی فارس و هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، ئەم ئیمکانە فەراهەم بوو، بەڵام لەویدا، کە بەرژەوەندی هێزەکانی ناوچەکە لە هاوئاهەنگیان لەگەڵ هێزە گەورەکان، دروستکردنی ئەو دەوڵەتی لەوشێوە بە باش نەبینرا، پێش لە دروستبوونی گیرا (شیخ عطار، ١٣٨٢: ٣٦٥-٣٦٦). سەرەڕای هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، کۆماری ئیسلامی هەندێکیش هۆشداریی جیهانی، ئیسرائیل لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی ئەم ناوچەیە پشتیوانی کرد. هەر لەم پەیوەندیەدا، برنارد لوی، فەیلەسۆفی یەهودی فەرەنسەیی، کە بە گوێرەی بۆچوونی کارناسانی سیاسی جێ پێی لە زۆربەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە بەهاری عەرەبی دیار بوو، رۆژێک پێش گشتپرسی، بە هاوڕێیەتی کوشنێر وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسا، کونسوڵی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکایی لە هەرێمی کوردستان، مێوانی وشیار زێباری (خاڵی مەسعود بارزانی و وەزیری دەروەوەی پێشووی عێراق) بوون (دیپلوماسی ایرانی، مهرماه ١٣٩٦).

هاوکات بە دەستپێکردنی بانگەشەی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، جوڵەی وڵاتانی دراوسێی هەرێمیکوردستان-یش بۆ بەرەنگاری ئەنجامەکانی دەستیپێکرد. سەربەخۆیی کوردەکان، لە باکووری عێراق، ئەگەری هەبوو تورکیا، سوریا و ئێران لە گەڵ کێشە بەروڕوو بکاتەوە، ببێتەهۆی پرۆژەی خواستی هاوشێوە لەو وڵاتانە و یەکپارچەییان بکەوێتە مەترسییەوە (روینز، ١٩٩٣: ٦٥٧). دەوڵەتمەدارانی تورکیا، عێراق و ئێران، پێش گشتپرسی، پرۆژەیەکیان بۆ گەمارۆی توندی مالی و ئابووری هەرێمی کوردستان داڕشتبوو؛ پرۆژەیەک، کە بەرپرسانی ئەمریکای -یش پرۆسەی داڕشتنی دا هەبوون. ئەم پرۆژەیە بۆ دوو ئامانج داڕێژرابوو. یەکەم ئامانجی ئەم پرۆژەیە پێش لەهەر شتێک داروخانی مالی و ئابووری هەرێمی کوردستان بوو؛ بەشێوەیەک، کە چالاکییەکانی ئابووری و مالی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رابوەستێت. ئەوەی یارمەتی بە هەڵبژاردنی ئەم پرۆژەیە کرد، فەراهەمبوونی کەناڵی پێویست بۆ رووخاندنی ئابووری هەرێمی کوردستان. فەراهەم بوونی بواری لەوشێوەیە، بەهۆی راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە لە لەلایەن بەغداوە بوو. پێشتر دەوڵەتی فیدراڵی هۆشداری بە هەرێم دابوو، کە ئەگەر بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەست بە فرۆشتنی نەوت بکەن، بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. راگرتنی ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەولێر تووشی لاوازی مالی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دۆخی هاوشێوەی دارووخان دا دابنێت. هەروەها ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کاردانەوەی توندی سیاسی دژی بارزانی لە شەقامەکانی ئەم هەرێمە بکەوێتەڕێ.

بە جێبەجێکردنی سزا مالی و ئابوورییەکان، بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەل دەدرێت تاکو لەبارەی بڕیاری خۆیان بیر بکەنەوە. لێرە دەبێ ئاماژە بە ئەم خاڵە بدرێت، کە ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی سزا قورسەکانی ئابووری و مالی بۆ هەرێمی کوردستان نەبوایە، چاوپێکەوتنی “عوسمان غانمی” فەرماندەی فەماندەیی هاوبەشی سوپای عێراق لە گەڵ هاوتا تورکەکەی لە ئەنقەرە رووی نەدەدا. دووەمین ئامانجی ئەم پرۆژەیە، هێرشی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان بوو، کە واشنتۆن -یش رایگەیاندبوو، کە تێدا بەشدار دەبێ.واشنتۆن بەڵێنی دابوو هاوکات بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، یارمەتییە مالی و چەک و تەقەمەنی خۆی لە پێشمەرگەکانی کورد لە ٢٥-ی سێپتامبەر بەدواوە رادەگرێت. ئەم مەسەلەیە دەبووە هۆی فشاری زیاتری سەربازی لە پاڵ فشارە ئابووری، مالی و بازرگانی دژی هەولێر (تابناک، ٢-٧-١٣٩٦)ئەنقەرە هاوکات لەگەڵ جددی بوونی ئیرادەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی ودیاری کردنی رۆژی ٢٥-ی سێپتامبەر وەک رۆژی گشتپرسی، بە بانگهێشتکردنی جنڕاڵ باقری، فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بۆ سەردانی کردنی تورکیا، هەڕەشەی کوردەکانی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بە جددی وەرگرت. ئەم سەردانە، کە یەکەم سەردانی فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تورکیا دوای ساڵی ١٩٧٩ بوو و کاردانەوەی زۆری لە راگەیاندنەکانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا هەبوو، دەرخەری نێگەرانی تورکەکان بۆ گۆڕانکاری ناوچەکە بەتایبەت سەربەخۆیی کوردستان و کاریگەری لەرادەبەدەری ژئۆپۆلیتیکییەکەی لەسەر ئەم وڵاتە بوو. هاوکات لەگەڵ راوێژی سەرانی وڵاتانی دراوسێ، بارزانی لە کەنەواڵەکانی بانگەشەی یەک مانگ پێش لە گشتپرسی، لە سەردانەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی دەکرد و خەڵکی هاندەدا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. دوای نزیکەی مانگێک بانگەشەی گشتپرسی و لەکاتێکدا بەردەوام وڵاتانی درواسێ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، خوازیاری ئەنجام نەدانی گشتپرسی لە کاتی دیاری کراو بوون، بارزانی بۆ ئەوەی روویەکی یاسایی بە گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان پێبدات، دوای راوێژ لەگەڵ حزبە هاوپەیمانەکەی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مانگێک پێش هەڵبژاردن، کاری پەرلەمانی کوردستان ئاسایی کردەوە. پەرلەمانی کوردستان-یش بە ئامادەبوونی ٩٠ ئەندام لە ١١١ ئەندامی پەرلەماندانیشتنی ئەنجامدا و بە دەنگی زیاتر لە ٦٠ نوێنەر، ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد. کوردەکانی عێراق، کە سەربەخۆیی، ئارەزووی لە مێژینەیان بوو- ولە ساڵ ١٩١٩، واتا کاتی ئامادەیی بەرتانیا لە عێراق، بە سەرۆکایەتی مەلیک مەحمود، بۆ سەربەخۆیی کوردستان شەڕیان کردووە، بە تاسەوە چاوەڕوانی ئامادەبوون لە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی ئەرێنی بە سەربەخۆیی کوردستان بوون. لە کۆتاییدا ٢٥ سێپتامبەر هات و کوردەکان بە ئامادەبوونیان لە سەر سندووقەکان، دەنگی خۆیان بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق یان جیابوونەوە لە عێراقی فیدراڵ خستە ناو سندووقەوە و هەر بەو شێوەیەی پێشبینی دەکرا، زۆرترینیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بوون. دوای ژماردنی دەنگی کوردەکانی دەرەوە و دانێشتووی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەنکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەنجام درا، نزیکەی ٩٣٪ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەرێیان بە گەشتپرسی گوت. دەنگی ئەرێنی، کە کوردەکان بە گشتپرسی هەرێمی کوردستانیان دا، بە پێچەوانەی بۆچوونیان بە زیانیان تەواو بوو- و لە ئاستی ناوچەکە دەرئەنجامی بۆیان هەبوو.

دەرئەنجامی ناوچەیی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق

١. گۆشەگیری ژئۆپۆلیتیکی سەپێنراو

وڵاتانی درواسێی هەرێمی کوردستان، کە حوکمی دەروازەی هاتنی ئەم ناوچە فیدراڵەیان بە ناوچە جیاوازەکانی جیهان و بازاڕەکانی جیهانیان هەبوو، رۆژی گشتپرسی، بەشێوەی رێکخراو، بەرهەمی دانیشتنەکانی پێشوو -و دیپلۆماسی چالاکی ناوچەیی ئەوان بوو، بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، هەرێمی کوردستانیان لە دیدی ژئۆپۆلیتیکی گۆشەگیریان کرد. کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لایەک بەهۆی کاریگەری سەربەخۆیی ئەم ناوچەیە لەسەر کوردەکانی ئێران و لە لایەکی دیکەوە ئەم ناوچەیە دەبووە شوێنێک بۆ چالاکی دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی لەوانە ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودیە و گروپە جیایی خوازەکانی ژێر پشتیوانی رۆژئاوا، لەوانە رێکخراوی موجاهدینی خەڵق و حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد، بەتوندی لەگەڵ سەربەخۆیی ئەو ناوچەیە دژایەتی کرد. بەرپارسانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی، لەوانە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجامدانی گشتپرسی بە پیلانی زایۆنیزم لە قەڵەم دا و خوازیاری پاراستنی یەکپارچەیی عێراقی بوون. بەم هۆکارە، لەسەر داوای ئەوان، حکومەتی ناوەندی عێراق، لە رۆژی ٢٤-ی سێپتامبەر سنووری ئاسمانی خۆی لەگەڵ هەرێم داخست و لە رۆژی ١٦-ی ئۆکتۆبەر، هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپای عێراق بۆ کەرکوک، تەواوی سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست.

ئاستی نیگەرانی تورکیا لە دابەشبوونی عێراق و کاریگەری ژئۆپۆلیتیکییەکەی لەسەر ئەم وڵاتە، لە ئێرانیش زیاتر بوو. ئەگەر کوردەکانی باکوری عێراق،دەوڵەتێکی سەربەخۆبۆ خۆیان دابمەرزێنن، تورکیا لە بارەی دانیشتوانی کوردی خۆی لەگەڵ قەیرانی جددی و شۆڕش لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی وڵات رووبەڕوو دەبێتەوە استانز فیلد، ٢٠٠٥: ٢٠). دەوڵەتی تورکای سەرەڕای لە لایەک وەک ترمیناڵی هەناردەی وزەی هەرێمی کوردستان و لەلایەکی دیکە ئامادەیی چالاکی کۆمپانیا تورکەکان لە هەرێمی کوردستان، لەماوەی ساڵانی دوای رووخانی سەددام، قازانجێکی تەواوی بەدەست هێنا بوو، لە ترسی ئەوەی، کە (نەکا) سەربەخۆیی کوردستان ببێتە سەنگەرێک بۆ جیایی خوازانی کورد (پ.ک.ک) ببێتە دژی ئەم دەوڵەتە، بەتوندی دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بوو. بەم هۆکارە و بە لە بەرچاوگرتنی پەیوەندییەک، کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیبوو، بەتوندی چاودێری گۆڕانکارییەکانی کوردستانی عێراقی دەکرد؛ لەبەر ئەوەی تورکیا نیگەرانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق و گەیشتنی کوردەکانی سوریا (رۆژئاوا) بە سیستەمی فیدراڵی – هاوشێوەی ئەوەی لە باکووری عێراق هەیە- و پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەشە، دەرئەنجامی دیکەی لەگەڵدا بێت؛ بە شێوەیەک، کە کوردستانی عێراق پێویستی بە تورکیا نەبێت، کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) دەروازەی پەیوەندی کوردستانی عێراق و دنیای دەرەوە بێت؛ لەسەر ئەم بنەمایە، سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، گرێدراوی رەگەزی بە کوردەکانی تورکیاوە هەیە و ئەوەش بە گرێدراوی ژئۆپۆلیتیکی لێکدەدرێتەوە، بەردەوام لە مەترسییە ژئۆپۆلیتیکییەکانی ئەنقەرە بە ژمار دێت (حافظ نیا، ١٣٨٤: ١٢٠). تورکیا سەرەتا لە رۆژی ٢٤ سێپتەمبەر، لەسەر داوای حکومەتی ناوەندی عێراق، سنوورە ئاسمانییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان داخست.

لە رۆژی ٢٦-ی سێپتامبەر، ئەنقەرە وەک یەکەم کاردانەوە لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، عمر میرانی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ئەنقەرە دەرکرد. مۆڵەتی چالاکی سێ کەناڵی میدیای کوردی لە تورکیا هەڵوەشاندەوە. سێ کۆمپانیای فڕۆکەوانی تورکی لە ٢٧-ی سێپتەمبەر، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرت و ئاسمانی تورکیا لە ١٦ ئۆکتۆبەر، بە تەواوەتی بەرووی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان داخرا. دواتر حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئەوەی هۆشداری دایە هاوڵاتیانی لە کوردستانی عێراق، داواشی لێکردن هەرچی زووتر هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵین. کارەکانی وڵاتانی درواسێ، هەرێمی کوردستان بەهۆی سنوورداربوونی لە وشکانی، لە فشاری ژئۆپۆلیتیکیان دانا و پەیوەندیان لەگەڵ دونیای دەرەوەدا پچڕی (زارعی، ١٣٩٥: ١٨٦) بەمشێوەیە، کوردستانی عێراق تووشی گۆشەگیری ژئۆپۆلیتیکی بوو؛ گۆشەگیرییەک لە زانستی ژئۆپۆلیتیک، بە “گۆشەگیری ژئۆپۆلیتیکی سەپێنراو” لێکدەدرێتەوە (حافظ نیا، ١٣٨٤: ١٢٤).

٢. گەمارۆی بازرگانی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ

یەکێک لە ئاڵۆزترین مەسەلە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی لە دیدی جۆغرافیای سیاسییەوە، شێوەی دەستڕاگەیشتنی وڵاتانی سنوورداری وشکانی بۆ دەریا و سەرچاوەکانی و تەنیا رێگەی دەسڕاگەیشتنی ئەم وڵاتانە بە دەریا لە رێگەی وڵاتانی دراوسێیەوە دەبێت (میرحیدر و همکاران، ١٣٩٣: ١٥١)؛ لەبەر ئەوە، وڵاتانی دەورەدراو لە سنوری وشکانی بە بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن، کە وڵاتانی دراوسێ لێی رازی بن، بەڵام کوردستانی عێراق، نەک وڵاتێک نییە، بەڵکو ناوچەیەکی فیدراڵ لە چوارچێوەی جۆغرافیای سیاسی عێراقە. ئەم ناوچەیە بەهۆی دەورەدراوی لە وشکانی و دەستڕانەگەیشتنی بە دەریا، بە توندی پێویستی بە ئێران و تورکیایە. تورکیا رێگەی هەناردەی وزەی کوردستانە بۆ دەرەوە و سەرچاوەی دابینکردنی کاڵای پێویستی ئەم ناوچەیە لەوانە ماددە خۆراکییەکانە و بێجگە لەوەش بڕیارە ئێران -یش ببێتە رێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەم ناوچەیە، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی کاڵای سەرەکی کوردستانی عێراق، لەوانە ماددە خۆراکییەکانە؛ لەبەرئەوە، ئەنجامدانی گشتپرسی پێچەوانەی بەرژەوەندی نیشتمانی تورکیا و ئێران بوو، بە دژایەتی ئەوان و زیانی کوردەکان تەواو بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە رۆژی ٢٥-ی سێپتەمبەر -یش لەگەڵ هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێم و رەخنەی توند لە ئەنجامدانی گشتپرسی، جەختی کردەوە، کە هەرکات ئەنقەرە پێش بە هەناردەی نەوتی کوردستانی عێراق بۆ دەرەوە و هاتنی بارهەڵگەرکانی خواردن و جلوبەرگ بگرێت، کار تەواو دەبێت. ئەو رۆژەی کوردەکان گشتپرسییان ئەنجام دا، حکومەتی تورکیا-یش پێشی بە هەناردەی نەوتی کوردستانی عێراق بۆ بەندەری جیهان کرد و لە رێژەی هەناردەی ماددە خۆراکییەکان بۆ کوردستانی عێراق کەمکردەوە. ئەم کارەی حکومەتی تورکیا نەتەنیا بووە هۆی ئەوەی بارزانی پێی سەیر بێت وەک بانگەشەکاری گشتپرسی، بەڵکو خەڵکی کوردستانی عێراق-یشی نیگەران کرد؛ لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە ماددەخۆراکی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەگەیشتە ئەم وڵاتە.کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دراوسێیەکی تری هەرێمی کوردستان-یشە، پێش گشتپرسی هۆشدارییان بە کوردەکان دابوو، بە ئەنجامدانی گشتپرسی رێژەی هەناردەی خۆیان بۆ ئەم ناوچەیە، کە بەشێکی زۆری لەوانە ماددەی خۆراکییە کەم کردەوە.

بەرزترین ئاستی بەرخوردی ئێران لەگەڵ گشتپرسی، هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپای عێراق بۆ کەرکوک بەرزبوونەوەی کێشمەکێشەکان لەم شارەدا بوو. ئێران سنوورە وشکانییەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی داخست؛ بەشێوەیەک کە خاڵە سنووریەکانی باشماخ لە مەریوان (کوردستان)، تەمەرچین لە پیرانشار (ئازەربایجانی رۆژئاوا) و پەروێزخان لە قەسری شیرین (کرماشان) تاکو ١٥ دی مانگی ١٣٩٦ داخران و لە نیوەی دەی مانگ، چالاکییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە. مەسەلەیەک، کە ریشەی لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی ئیدارەدانی خاڵە سنوورییەکان لە لایەن هەولێر و بەغداوە بوو. بە شێوەی گشتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ دونیای دەرەوەدا، خاڵی لاوازی کوردەکانە و ئەگەر گشتپرسییان سڕ نەکردبایە، گەمارۆی بازرگانی، ئەم ناوچەیەی دەڕووخاند؛ بۆ نمونە، ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧، گەیشتبووە پێنج میلیارد دۆلار و بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵ بگاتە ١٠ میلیار دۆلار، بەڵام ئاستی ئاڵوگۆڕی تورکیا و هەرێمی کوردستان نزیک بە ١٢ میلیارد دۆلارە (کوردپرس، ١٣٩٧). لە لایەکی دیکەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەم ناوچەیە لە گەڵ ئێران-یشتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ نزیکەی ٥.٥ میلیار دۆلار خەڵمێنراوە. بە دروست بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوو لایەن ٨ میلیار دۆلار خەمڵێنراوە. (رۆژنامەی هاوڵاتی، ٢٠١٨). لەم رێژەیە، لە هەناردەی ئێران و تورکیا بۆ عێراق هەیانە، تەنیا ٢٥٪ لە هەرێم دەمێنێتەوە و ئەوەی دیکەی رەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت؛ لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین، ژئۆئکۆنۆمیکی کوردستانی عێراق بەهۆی ئەمنیەت لە سەرمایەگوزاری و هەروەها سەرچاوەی زۆری وزە، بە رێژەیەک گرینگە، کە ئێران بەتایبەت تورکیا، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەرداری بن.

٣. پشتیوانی ئیسرائیل لە جیاخوازی کوردەکان و هەستیاری وڵاتانی درواسێ بە ئەوە

خراپترین دەرئەنجامی گشتپرسی بۆ کوردەکان، پشتیوانی ئیسرائیل لە جیا خوازییان بوو. ئەم پشتیوانییە هەرچەند دڵخۆشی کوردەکانی لێکەوتەوە، بووە هۆی هەستیاری وڵاتانی درواسێ و نەتەنیا دژایەتیانی بۆ سەربەخۆیی زیاتر کرد، بەڵکو زەمیەی بۆ یەکگرتوویان دژی سەربەخۆیی خوازی کوردەکان رەخساند. ئیسرائیل، کە لە نێو وڵاتانی ناوچەکە وەک هۆکاری ئاژاوە و دووبەرەکی دەناسرێت، ئەم جارەش لە هەوڵی سوودوەرگرتن لە کوردەکان بۆ زیان گەیاند بە وڵاتانی مێحوەری بەرگری، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. ئیسرائیل لە کاتی کودەتای ١٩٥٨ لە عێراق بە رێبەرایەتی جەنراڵعەبدولکەریم قاسم، بە توندی لە شەپۆلی ناسیۆنالیستی عەربی، کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەروەبەری ئیسرائیلی گرتەوە، ترسی هەبوو. لەم نێوەدا ئێران، تورکیا و ئیتیۆپی، سێ وڵات بوون، کە ئیسرائیل هەوڵی دەدات بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵیان، تەوازنێک، کە بەلای وڵاتانی عەرەبی قورسایی هەبوو، پێچەوانە بکاتەوە. ئەوەی لە عێراق روویدا، رێگەیەکی بێجگە لە پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق بۆ ئیسرائیل نەهێشتەوە؛ لەبەر ئەوەی تەلئەبیب لەسەر ئەو بڕوایەدا بوو، کە پشتیوانی لە ئەو کوردانەی کە سوپای عێراقیان سەرسەختانە بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکرد، پێش بە هاتنی سوپای ئەم وڵاتە بۆ شەڕ دەگرێت؛ شەڕێک، کە میسر و سوریا کۆڵەکەی سەرەکیەکەی بوون. لەم نێوانەدا، کێشەی گەورەی ئیسرائیل، نەبوونی سنووری هاوبەش لەگەڵ کوردەکانی عێراق بوو، بەتایبەت ئەوەی، کە تورکیا و ئێران، وەک دوو وڵات، کە لەگەڵ بابەتی خودموختاری کوردەکان کێشەیان هەبوو، ئامادەی قبووڵکردنی مەسەلەیەک نەبوون. بەتەواوی روون بوو، کە شا بەهۆی پێشینەی مەلا مستەفا بارزانی لە پشتگیری لە دامەزراندنی کۆماری مهاباد و هەروەها تێپەڕاندنی دەورانی دوورخستنەوەی لە سۆڤیەت و مەیلی بۆ چەپ، هیچ کات رێگەی بە دروستبوونی حکومەتی خودموختاری کوردی لە درواسێتی ئێران نەدەدا.

بەڵام محەمەد رەزا پەهلەوی لەو بڕوایەدا بوو، پشتیوانی لە کوردەکان بۆ شەڕ لەگەڵ عێراق، لەلایەک دەتوانێ پێش بە هاتنی سۆڤیەتی عێراق- کە خوازیاری بەرەی چەپەکان بوو- و لە لایەکی دیکە، خوزستانی لە چاوی ناپاکی عێراق دەپارێزێت. ئەو بەم هۆکارە، بە مەرج پشتیوانی لەکوردی دەستپێکرد و بەم شێوەیە، سنوری ئێران و عێراق، بوو بە رەبایەی هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل بۆ پشتیوانی کردنی کوردەکانی عێراق (یونسی، ١٣٧٣: ١١٥). ئیسرائیل لە هیچ هاوکارییەک بۆ کوردەکانی عێراق درێغی نەکرد، لە دامەزراندنی دەزگای زانیاری کوردستان (پاراستن)، تا تا هاوکاری بەلانیکەم ٥٥ هەزار دۆلار لە مانگدا و راهێنانی هێزە کوردییەکان و ناردنی چەکی سۆڤیەت، کە لە شەڕ لەگەڵ عەرەبەکان وەک دەستکەوت بەدەستیهێنابوو. ئەم شێوازە تاکو کاتی رێککەوتنی جەزایر، کە شای ئێران بەبێ ئاگاداری کوردەکان، ئیسرائیل و تەنانەت ئەمریکاش، لەگەڵ سەددام حوسێن، بەدەستی پێگەیشتبوو، بەردەوام بوو. بەم شیوازە، ئیسرائیل توانی تا ماوەیەکی زۆر، مەترسی زۆر گەورە بەناوی عێراق، کە ئیرادەی ناسیۆنالیستی عەرەبی هەبوو، لەخۆی دوور رابگرێت، بەڵام ئەمڕۆش ئیسرائیل بە خراپ کەڵکوەرتن لە گۆڕانکاری نوێی ژئۆپۆلیتیکی ناوچەکە، لە هەوڵی بەدەستهێنای ئامانجی لەمێژینەی خۆی واتا دروستکردنی ئیسرائیلی گەورە و بە کرداری کردنی فکری “لە نیلەوە تاکو فورات”ـە. بەم هۆکارە، کوردستانی عێراق دەتوانێ رۆڵی “هارتلند ژئۆپۆلیتیکی ئیسرائیل” یاری بکات (اخوان کازمی و عزیزی، ١٣٩٠: ١٦٥). ئیسرائیل هەرچەند کوردەکانی لە دەیەی ١٩٦٠ بۆ خەبات لە دژی عێراق هاندا و لە لای سەرکردەکانی کورد لە سەربەخۆیی کوردەکان پشتیوانی دەکرد، لە دیدی ستراتیژی بەشوێن سەرکەوتنی کوردەکانەوە نەبوو. ئامانجی تەلئەبیب لە هاوکاری مالی و چەک و تەقەمەنی بە کوردەکان، لاوازکردنی حکومەتی ناوەندی و دروستکردنی قەیرانی ناوچەیی بوو (راشل، ١٩٩١). بەشێوەی گشتی، ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل، پێشگرتن بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو- و یەکپارچە لە عێراقە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، کوردەکان بەکار دەهێنێت (یاکو، ٢٠٠٣: ٢)؛ لەسەر ئەم بنەمایە، پشتیوانی تلئەبیب بە ئاراستەی پارێزگاری لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵکو دروستکردنی کێشمەکێشی ژئۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەیە؛ بەم بۆچوونە، کە کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێ شوێنێکی ستراتیژی بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چوار وڵات، تورکیا ، ئێران، عێراق و سوریا.

کوردەکان سەربەخۆیی خۆیان لەسەر کەرکوک و بیرە نەوتییەکان بینا کردووە و لە ساڵی ٢٠١٤، بەهۆی هێرشی داعشەوە بۆ عێراق، ئەم ناوچەیە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵیان. ئەمەش هەناردەی نەوتیان لە ٢٥٠ هەزار بەرمیلەوە گەیاندە ٦٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژدا. سێ هەفتە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، لەگەڵ هێرشی سوپای عێراق و هێزەکانی ناسراو بە حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و کۆنترۆڵ کردنی ئەم شارە و بیرە نەوتییەکانیشی، گورزێکی بەهێزیان پێکەوت و هیوای گەیشتنیان بە سەربەخۆیی لەگەڵ کێشە رووبەڕوو کردەوە؛ لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی بەبێ کەرکوک بۆ کوردەکان، بە لەبەرچاوگرتنی دەورەدرانی کوردستان لە وشکانی، بەرگەیەکی ئەوتۆ ناگرێت.

کۆنترۆڵی کەرکوک لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە، بە هاوکاری زانیاری وڵاتانی دراوسێ و هەندێکیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کرا (هەوڵنێری کوردپرێس، ٢٨-٧-١٣٩٦). کۆنترۆڵکردنەوەی دووبارەی کەرکوک و بیرە نەوتییەکانی لەلایەن سوپای عێراقەوە، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی و دوو دەستەی لە نێوان سەرکردەکانی کورد ودەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی لە دەسەڵات و سپاردنی دەسەڵاتەکانی بە سەر حکومەت و پەرلەمانی دامەزراوەی دادوەری کوردستان و دواتر سڕ کردنی ئەنجامی گشتپرسی لە کوردستان. جیالەمەش، لە رێژەی هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران-یش، کە بەردەوام هەرێمی کوردستانیان بە گەمارۆی ئابووری و هەندێکجار هەڕەشەی هێرشی سەربازییان دەکرد، کەم کردەوە.

هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر مامەڵە هاوبەشەکانی تورکیا و ئێران، لە پاڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراق، لاواز بوو. ئەم دۆخە لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە لەلایەن ئەنجوامەنی وەزیرانی عێراق و کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان، لە ١٧٪ بۆ ١٢.٨٪ (بودجە ٢٠١٨) خراپتر بوو و هەرێمی کوردستانی لە پێدانی موجەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە تووشی کێشە کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە دوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، بەرپرسیاریەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گفتوگۆ و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەورووبەری لە ئەستۆ گرت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ رایگەیاند، کە قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستان بە نیوە بوونی هەناردەی نەوت، لەگەڵ کێشەی زۆرتر بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەروەها بەپێی راپۆرتێک، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دوای گشتپرسی لە ٦٥٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل دابەزی. خراپتر لەوە ئەمە بوو، کە بەپێی راپۆرتی ئەمبرین زەمان، لە بەرواری ١٥-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هەرێمی کوردستان ١٨ میلیارد دۆلار قەرزارە، کە ١.٨ میلیارد دۆلاری پەیوەندی بە بازرگانی تورکیاوەیە.

بەلەبەرچاوگرتنی هاوکاری تورکیا و بەغدا، هەرێمی کوردستانی عێراق ئیدی ناتوانێت وەکو پێش گشتپرسی، بەبێ دەوڵەتی ناوەندی عێراق کار بکات. بەم حاڵەوە، ئەردۆغان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی نایهەوێ هەموو شتێ لە ژێر کۆنترۆڵی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بێت، هەموو پەردەکانی پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان خراپ نەکرد. دەروازەی ئیبراهیم خەلیل (سنووری تورکیا و هەرێمی کوردستان) بەپێچەوانەی راگەیاندنی بەرپرسانی عێراق، هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندایە و تەنیا لەسەر بنەمای رێککەوتنی پێشوو، ژمارەی هێزەکانی کورد لەوەێ کەمیان کردووە. ئەردۆغان بە روونی دەیهەوێت هەرێمی کوردستان دوای کۆتایی هاتنی ئەم قەیرانە، ناوچەیەکی بەرقەرار، بەڵام موحتاج بە تورکیا بمێنێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێستا شایەتی تێپەڕبوون بۆ دەورانی پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و هەولێرین، کە لە نێویدا، ئەنقەرە بە پاراستنی هاوکاری لە گەڵ بەغدا، دەیهەوێ پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هاوسەنگ بکات. لە داهاتوو، ئیمکانی باش بوونی پەیوەندی تورکیا لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی، کە لەسەر بنەمای بانگەشە لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی دوو دڵ بوو بوونی هەیە. نێچیرڤان بارزانی، لە نوامبەری ٢٠١٧، گوتی، کە دەیهەوێت بۆ ئەنقەرە و ئێران گەشت بکات، بەو هیوایەی، کە ئەوان لە چارەسەری کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوکاری بکەن. ئەو هەروەها باسی لەوە کرد، کە تورکیا پێشتر لەمەش یارمەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەم شێوەیە، لە هەناردنی هاوکاری ئەم وڵاتە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان سوپاسیانی کرد. شایانی باسە، کە نێچیرڤان بارزانی پێشتر پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ ئەردۆغاندا هەبووە و لە نوامبەری ٢٠١٦ لە ئەنقەرە چاوی پێکەوت. ئەو هەوڵی دا تاکو لە رێگەی لۆبی -یەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نێوەندگیری تورک، پەیوەندی هەولێر و تورکیا باشتر بکات. بارزانی لە هەنگاوی دواتر لە راستای چارەسەری ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ڤاتیکانی کرد و لە دیداری لەگەڵ ماکرۆن، مێرکڵ و ترزا مەی و پاپ بندیکتی شانزەیەم، داوای لێکردن تاکو بۆ چارەسەری ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتی بکەن.

سەرەرای چالاکی دیپلۆماسی، کە کوردەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی جارەسەرکردنی ناکۆکییان لە گەڵ بەغدا ئەنجامیان دەدا، واقعیەتی مەیدانی عێراق ئەوەی نیشان دەدا، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، لە ژێر فشاری پارتەکانی عێراقدا بوو، کە داوایان لێدەکرد هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنجادانی گشتپرسی سزا بدات، بەڵام ئەو مەیلێکی ئەوتۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر نەبوو- و گفتوگۆی لەگەڵ کوردەکانی مەرجدار کردبوو، کە کوردەکان ئەوەیان بە پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵ دەزانی. لە مەرجەکانی بەغدا، گەڕانەوەی کوردەکان بۆ سنوورەکانی پێش ٢٠٠٣، رادەستکردنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان، پارەی فرۆشی نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بخرێتە سەر ژمارە حیسابی بانکی حکومەتی فیدراڵی عێراق و دابەشکردنی سەرچاوەی ئاو بوو. لە ئەنجامدا چوار مانگ دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق و دوای راوێژە نێودەوڵەتییەکان، نێچیرڤان بارزانی، لەبەغدا لە گەڵ حەیدەر عەبادی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا و دوو لایەن جەختیان لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە. بارزانی دوای ئەم دیدارە لە بەغداوە هاتە تاران و تاران ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری نێوان هەولێر و بەغدا راگەیان. بەرهەمی ئەم راوێژکردنە لە رێگەی بارزانی، لە ئاستی ناوخۆ، رازی بوونی بەغدا بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و پێدانی بەشێک لە موچەی پێشمەرگەکان، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو. لە ئاستی دەرەوە-ش یەکەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرە و گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان و دووەم کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان ئەواندا بوو؛ بە شێوەیەک، یەکەمین پێشانگای هەلەکانی ئابووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، لە جونی ٢٠١٨لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شەرێعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی، کانگاکان و بازرگانی ئێران دەستی بەکار کرد. شایانی باسە، کەبەهای ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٦ تاکو ٦.٥ میلیار دۆلارە و نزیکەی ١٣٥ کارگا ی ئێرانی لەهەرێمی کوردستان جالاکی بازرگانی دەکەن و هەلی کار لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسینن.

لە ئاستی دەرەوە، ناکۆکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران کەم بووەتەوە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆی عێراق، بەرواریکی دیاری کراو بۆ چارسەرکردنی ناکۆکیەکانی هەولێر و بەغدا بوونی نییە؛ لەبەر ئەوەی جیا لە گشتپرسی و دەرئەنجامەکانی، ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ دەستوری ئەم وڵاتە، کە لە کاتی پەسەندکردنی لەسالی ٢٠٠٥، تاکو ئێستا گرنگترین هۆکاری ساردی پەیوەندی دوولایەن و کێشەکانی نێوانیان بووە و ئەنجام دانی گشتپرسی جارێکی دیکە سەرهەڵدایەوە. سەرکردایەتی کورد چەندین جار بێ ئەنجامبوونی ١٢ ساڵ هەوڵی کوردەکان بۆ ئامادەیی لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵ دەیانخستە بەرباس. ئەو جۆرە باسکردنە حیکایەت لە کێشەیەکی قووڵ دەکات، کە لە کاتی نوسینەوەی دەستووری ئەم وڵاتە، تاکو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا بوونی هەبووە و بەبێ چارەسەری ماوەتەوە. هۆکارێکی گرینگ، کە بووەتە هۆی ناکۆکی هەولێر و بەغدا و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بریتیییە لە: تەفسیری جیاواز لە دەستووری عێراق، ماددەی ١٤٠ دەستووری عێراق، دابەشکردنی بودجەی وڵات، پێشمەرگەکان و کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکان و دەروازەسنوورییەکان.

هۆکاری ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا

الف) خوێندنەوەی جیاواز لە دەستووی عێراق

نوخبەکانی کورد و عەرەب، خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەستووری عێراق دەکەن؛ بە شێوازێک، کە سەرکردەکانی بەغدا، لە کۆماری عێراق و کوردەکان لە کۆماری فیدراڵی عێراق یاد دەکەنەوە. ئەوان لە کۆماری عێراق یادیان دەکردەوە، خوازیاری دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز بوون؛ لە کاتێکدا لە دستووری عێراق، دەوڵەتی دیموکراتیک فیدراڵ هاتووەتە بەر باس.

ب) ماددەی ١٤٠ دەستووری عێراق

لە دەستووری عێراق، ماددەی ١٤٠ لەبارەی ناوچە کێشەلەسەرەکانی کورد و عەرەب بوونی هەیە، کە وەک دەستوور بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠٠٧، دەوڵەتی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی گشتپرسی ئەنجام بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە یەک دەیە لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە تێدەپەڕێت، دەسەڵاتدارانی بەغدا ئامادەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە نین. ئەو ناوچانەی کورد داوای دەکات، بریتییە لە: مەندەلی، خانەقین، شێخان، شنگال، گوڵاڵە، سەعدیە و کەرکوک، هەڵکەوتوو لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەلاحەدین و نەینەوا.

پ) دابەشکردنی بودجەی وڵات

بەپێی دەستووری عێراق، پشکی کوردەکان لە بودجەی ئەم وڵاتە نزیکەی ١٧٪، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ئێستا، حکومەتی عێراق بە بیانوی ئەوەی کوردەکان راستەوخۆ نەوت دەفرۆشن، پشکی ١٧٪ هەرێمی کوردستانی بڕیوە. پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠١٨ ئەم وڵاتە، بە پێچەوانەی دەستوور، پشکی کوردەکانی بۆ ١٢.٨٪ کەم کردەوە.

ت) پێشمەرگەکان

ناکۆکییەکی دیکە، کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بوونی هەیە، مەوزوعی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کوردەکان لەوبڕوایەدان، کە لەسەر ئەو بنەمای رێککەوتنەکان، کە لەساڵی ٢٠٠٣ تاکو ٢٠٠٥ کراوە، هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی بەشێک دەبن لە هەیکەلی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەبێ لەژێر فەرماندەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بن، بەڵام حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هێزەکانی پێشمەرگە دەبێ بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق بن و فەرماندەیی-شیان لە ئەستۆی فەرماندە تەواوی هێزەکان، واتا سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت.

ث) کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنووریەکان

کۆنترۆڵی گومرغ و خاڵە سنووریەکان مەسەلەیەکی دیکەیە، کە لە دوای گشتپرسی کێشەکانی نێوانیانی زیاتر کرد و گفتوگۆکانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەلەبەرچاوگرتنی بابەتەکانی سەرەوە، ناکۆکیەکانی هەولێر و بەغدا زۆر توند و پێویستی بە دیپلۆماسییەکی چالاک لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی -یە؛ ئەگەرنا پەرەسەندنی شەڕ زیانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دروست لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەنجومەنی ئەمنیەت و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، هەولێر و بەغدایان بە دانبەخۆداگرتن و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بانگهێشت دەکەن.

ئەنجام

کوردەکانی عێراق هەر لە کاتی دامەزراندنی ئەم وڵاتەوە لە ساڵی ١٩٢٠، لە لکاندنیان بە عێراقەوە ناڕازی بوون و بەردەوام بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، لەگەڵ بەریتانیا و حکومەتی ناوەندی عێراق لە شەڕدا بوون. بەم هۆکارە، چەندین جار شۆڕشی جیاوازیان لە دژی بنەماڵەی پاشایەتی فەیسەڵ، عەبدولکەریم قاسم، برایان عارف و حکومەتی بەعس وەڕێخستووە، تاکو بە بۆچوونی ئەوان بگەن بە مافی خۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسیان. لە شۆڕشی مەلیک مەحموودەوە تاکو شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، لە شەڕ لە شاخەکانی کوردستان تاکو دوورخستنەوە بۆ سۆڤیەت و ئێران، لە رووداوی ئەنفاڵ تاکو کیمیابارانی هەڵەبجە، هەر هەمووی لە راستای گەیشتن بە سەربەخۆییە، کە مەبەستی کوردەکان لەوە “سەربەخۆیی کوردستانە”. ئەگەر چی دوای ساڵەها خەبات، لە ساڵی ١٩٩١ لە ناوچەی ئاسمانی قەدەغەکراو (هێڵی ٣٦)-ی باکووری عێراق حکومەتی نیوە سەربەخۆیان دابمەرزێنن، بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو پارتی گەورەی کورد (پارتی دیموکرات ویەکێتی نیشتیمانی) و دوو ئیدارە بوونی کوردستان، ئەم جوڵانەوەیە زۆر دەستکەوتی نەبوو، بەڵام بە دەستپێکردنی هەزارەی سێیەم و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و رۆڵێکی چالاک، کە کوردەکان لە رووخاندنی رژێمی بەعس و دواتر نووسینەوەی دەستوور گێڕایان، توانیان دەستیان بە سیستەمی فیدراڵی بگات. لەم سیستەمەدا بە هۆی ئەمنییەتێک، کە هەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق حاکم بوو، بەروپێشچوون و گەشەی ئابووری ئەم ناوچەیەی گرتەوە، بەڵام ئەم گەشەکردنە بەهۆی بەڕێوەبردنی ناشایستەوە، گەندەڵی ئابووری، ناکۆکی نێوان پارتە کوردییەکان، سەرهەڵدانی داعش، بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، خۆی زۆر ڕانەگرت. کوردەکانی عێراق، کە لەسەر ماددەی ١٤٠-ی دەستووری عێراق و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق تووشی کێشە ببوون، بەردەوام هەڕەشەیان لە حکومەتی عێراق دەکرد بە ئەنجامدانی گشتپرسی و جیابوونەوە لەعێراق.

ئەوان لە ئەنجامدا بە سەرکردایەتی بارزانی و پشتیوانی بەشێک لە حزبەکانی کورد، سەرەڕای دژایەتی ناوچەیی و جیهانی، لە رۆژی ٢٥-ی سێپتامبەری ٢٠١٧، دەستیان بە ئەنجامدانی گشتپرسی کرد، گشتپرسییەک، کە بە زیانی کوردەکان تەواو بوو و گۆشەگیری ژئۆپۆلیتیکی، گەمارۆی ئابووری و هەستیاری ئێران و تورکیا بە پشتیوانی ئیسرائیل لە گشتپرسی کوردستان لێکەوتەوە. ئەم گەمارۆیانە ئەنجامی هەبوو- و جیا لەوەی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەجێناکۆکەکانی کرد، سڕکردنی گشتپرسی هەرێمی کوردستان و دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، بووە هۆی کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان (٢٠١٨)، ناکۆکی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکان و ناڕەزایەتی گشتی لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێم بەهۆی فشاری ئابوورییەوە. لەم بارودۆخەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵی دا لە رێگەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، کەمێک لە فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. ئەو لە ماوەی گەشتە دیپلۆماسییەکەی، کە بۆ وڵاتانی ئەوروپی (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) و ناوچەکە ئەنجامی دا، سەرکەوتنی بە دەستهێنا لەوەی، کە بەغدا بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنووریەکان و پێدانی هەندێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رازی بکات. هەروەها توانی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستا باش بکاتەوە؛ لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێ بگوترێ، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جۆغرافیای دەورەدراو لە وشکانی هەرێمی کوردستان و ناڕازی بوونی وڵاتانی دەورووبەر لە جیایی خوازی کوردەکان، بەلەبەرچاوگرتنی ئەنجامە نەرێنیە ژئۆپۆلیتیکیەکەی، کە بۆ ئەوان هەیە، هەر جۆرە هەوڵێک لەلایەن کوردەکانەوە لەم بارەیەوە، جیا لە هەرئەنجامێک مەحکوم بە شکستە.

سەرچاوەکان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com