نوچە
ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت، “ئه‌و فشاره‌ی بۆ سه‌ر وه‌زیری دارایی عێراق درووستكراوه، فشارێكی سیاسییه. ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هیچ پێشێلكارییه‌كی یاسایی تێدا نییه”. دەشڵێت “ئامانجیانه زیان به كابینه‌ی حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی بگه‌یه‌نن”.
دانا جه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئێمه له هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تاوه پشتیوانیمان له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد. هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك مافی ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه. ئێستا هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ فشارخستنه سه‌ر وه‌زیری دارایی عێراق به هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی خه‌رج كردووه”.
دانا جه‌زا گوتیشی “له مادده‌ی ١٠ـی یاسای بودجه‌دا، له بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه: پێویسته هه‌رێمی كوردستان رۆژانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی عێراق بكات. له بڕگه‌ی سێیه‌میشدا هاتووه، کە ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجه نه‌بێت؛ ئه‌وا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر عێراق ده‌كه‌وێت، پاره له پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت”.
دانا جه‌زا روونیشیكرده‌وه، “به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی راده‌ست نه‌كردووه، بڕی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌وێت بڕاوه. له بری ئه‌وه‌ی ١٠ ترلیۆن دینار بگاته هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا ٦ ترلیۆن دینار له ساڵێكدا ده‌گاته هه‌رێمی كوردستان. چوار ترلیۆن دینار له بری زیانی عێراق ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه”.
ئه‌و پەرلەمانتارە له به‌غدا ئاماژه‌ی بەوەدا، “ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌وڵه‌كانیان دژی وه‌زیری دارایی ده‌ستپێكردووه، ئامانجیانه زیان به كابینه‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی بگه‌یه‌نن و تا ئاستی رووخاندنی حكوومه‌ته‌كه هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه”.
دانا جه‌زا باسی له‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان له ٢٠١٤ـه‌وه تا ٢٠١٨ ماف و شایسته‌ی دارایی خۆی له به‌غدا پێ نه‌دراوه، به‌غدا پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی نه‌داوه، پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت خه‌رج نه‌كراوه، كه ده‌بوایه له‌سه‌ر بودجه‌ی سیادی پشكی هه‌رێم بدرێت، مادده‌ی ١٤٠ جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و پابه‌ندی حكوومه‌تی عێراقن به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هیچكامیان جێبه‌جێ نه‌كراون.