نوچە: تایبەت
بەرپرسێکی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، کێشەی حەشدی شەعبی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و مانەوەشیان لە موسڵ کێشەکان قوڵتر دەکات.
دژی بڕیاری عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كشانەوەی لیوای ٣٠ حەشدی شەعبی لە نەینەوا، رۆژی ٥-٨-٢٠١٩، چەكدارانی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك لە لایەنگرانیان خۆپیشاندانیان كرد و چەند رێگەیەكی سەرەكی موسڵیان داخست.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ـی پارتی لە موسڵ، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی ئەو ناوچەیە رایگەیاند: بە گوێرەی بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبوایە حەشدی شەعبی موسڵ بە جێ بهێڵێ، کە چەند گروپێکن و ئازاری خەڵک دەدەن، خەڵکیان هێنا و خەڵکانێکان هێنا بۆ خۆپیشاندان کە بەرژەوەندییان لە گەڵ حەشد هەیە و بەشێکی زۆریشی چەکداری خۆیان بوون بە جلی مەدەنییەوە.
سەعید مەمۆزینی دەشڵێت، لە نێوان حەشدی شەعبی و لایەنگرانی لە گەڵ سوپای عێراق تێکهەڵچوون روویدا، بەڵام فاڵح فەیاز توانی تا ئەندازەیەک کێشەکە چارەسەر بکات. گوتیشی “ئەو کێشەیە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە”.
مەمۆزینی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو گروپانەی حەشد بە پشتیوانی مەرجەع ماونەتەوە، ئەگەرنا حکومەت نەیدەهێشت بەردەوام بن. هەروەها لە کاتی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی (سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق)، سیغەیەکی قانونییان پێدراوە.
ئەو بەرپەرسەی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بوونی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کێشەکان قوڵ تر دەکەن.