پارتی دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

0


نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکی هیچ سانسۆر و ڤیتۆیەکی لەسەر هیچ کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕان نییە.   

بەگویرەی زانیارییەکان، بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت کاندیدەکانی بۆ پۆستە حکومییەکان یەکلایی بکاتەوە و دەنگۆی ئەو بڵاو دەکرێتەوە پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند کەسێک هەیە لەناو گۆڕان، بەتایبەت لەئێستادا کە لەناو گۆڕان ململانێیەکی سەخت لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە هەبوونی ڤیتۆی حزبەکەی لەسەر کاندیدەکانی گۆڕان، ڕایگەیاند “بزوتنەوەی گۆڕان حزبێکی سیاسی و سەربەخۆیە، لە بیرکردنەوە و ڕادەربڕینیشدا ئازادن، خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن، کە کێ بە شایستەتر دەزانن بۆ هەر پۆستێک بێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ سانسۆر و ڤیتۆیەکی لەسەر هیچ کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان نییە”.          

پەرلەمانتارەکەی پارتی، سەرتاپای ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، کە باس لەوەدەکەن گوایە حزبەکەی ڤیتۆی هەبێت لەسەر محمەد تۆفیق ڕەحیم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، بۆ خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم. دەشڵێت “هەر کانیدێک، کە گۆڕان پێی باشبێت و بگونجێت بۆ هەر پۆستێک لە حكومەت، مەگەر ڕابردوویان خراپ بێت، بەڵام لەو بڕوایەدانیم گۆڕان کەسێک کاندید بکات، کە شایستە نەبێت”. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدەکات، گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک هێزێکی ئۆپۆزۆسیۆن هاتە ساحەی سیاسی هەرێمی کوردستان و دەستوەردانێکی زۆری لەناو کوردستان کرد، بۆئەوەی فشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم لە ڕوانگەی چاکسازیییەوە.      

هەرکی گوتیشی “لە ئێستادا گۆڕان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، کە دەبێت لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت، بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتنەی، کە لەگەڵ پارتی کراوە، ڕەنگە خەڵکانێک هەبن ئەو ڕێککەوتنەیان پێ هەزم نەکرێت. لەو بڕوایەدام، کە پڕوپاگەندە بۆ گۆڕان درووستبکرێت، بۆئەوەی فشارێک بخەنە سەری تا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی هەڵبوەشێنێتەوە”.           

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com