نوچە: تایبەت
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەکرێت و دواتریش ئامادەکاری دەکەین بۆ بەستنی کۆنگرە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێـتی مامۆستایانی کوردستان، لەبارەی بەستنی کۆنگرەی یەکێتییەکەیان راگەیاند: بڕیار دراوە ٣١-١٠-٢٠١٩ لە ١٢ بازنە لە هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژاردن بکرێت”.
عەبدولواحید محەمەد دەشڵێت “دیار نییە ئەندامانی کۆنگرە چەند کەس دەبن، بەڵام تا دوای پشووەکانی جەژن رێژەی ئەندامان دیاری دەکرێت”.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان گوتیشی، تا ئێستا ٨٠ هەزار مامۆستا ناوی خۆیان لە یەکێتییەکەمان نوێ کردووەتەوە و ئەو پرۆسەیە تا ١٨ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت”.
لەبارەی بەستنی کۆنگرەوە عەبدولواحید محەمەد گوتی “دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، کار بۆ دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرە دەکەین، کە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو”. ئاماژەی بەوەشدا، کە تاکوو ئیستا یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ١٢ کۆنگرەی بەستووە.