نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری هەیە، تاکو ئێستا جێبەجێنەکراون و کۆمەڵیک لایەنی سیاسی عێراق ڕێگرن.
لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، کە کورد وەک نەتەوەیەکی گرنگ بەشداربوو لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و کۆمەڵک ماددەی گرنگی لەدەستوور جێگر کرد، کە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بوو، ئەو لایەنەعێراقییانەشی لە پڕۆسەی سیاسی بەشداربوون، ڕێگر بوونە لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسا و ماددە دەستورییانەی، کە لە بەرژەوەندی عێراق هەرێمی کوردستانن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی جێبەجێ کردنی ماددەکانی دەستووری عێراقەوە ڕایگەیاند “زۆر پڕۆژەیاسای گرنگ هەیە، حکومەتی عێراقی ناودوویەتی و تا ئێستا نەهاتووەتە ناو پەرلەمانی عێراق، کە بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت عێراق بۆ گرنگە و کۆمەلێک لایەنی سیاسی لە بەرخاتری بەرژەوەندی خۆیان ڕێگرن بێتە ناوپەرلەمانەوە”.
دووبەردانی گوتیشی “جگە لەو پڕۆژەیاسایانەی، کە ڕێگرن بێتە ناو پەرلەمان، زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری هەیە، تا ئێستا جێبەجێنەکراون؛ لەوانە ماددەی ١٤٠ دەستوری عێراق، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای فیدڕاڵی عێراق دانی پێدانا، کە ماددەیەکی تەواوە و دەستوورییە”.