نوچە
ئێواره‌ى ڕۆژی شه‌ممه ٣-٨-٢٠١٩، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى حازم ته‌حسين به‌گ، ميرى ئێزدييانى له شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى له شارۆچکەی شێخان كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، دووباره پيرۆزبايى له ميرى ئێزدييان كرد، به‌بۆنه‌ى وه‌رگرتنى ئه‌ركى ميرايه‌تى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆی و بۆ خوشك و برايانى ئێزدى و خزمه‌تكردنيان دووپات كرده‌وه.
لاى خۆيه‌وه حازم ته‌حسين به‌گ، ميرى ئێزدييان سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌ردانه‌كه و پشتگيرييه به‌رده‌وامه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئێزدييان ده‌ربڕى و به‌دواداچوونى پێويستى و كێشه‌كانى ئێزدييانى له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رز نرخاند.
تاوتوێكردنى دۆخى گشتيى ئێزدييان و ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان و ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئارامى و ژيان بۆ ئه‌و ناوچانه، به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.