نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕوفاتانەی کە هەڵگیراونەتەوە لە یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵدا گەیشتە ١٧١ ڕووفات.
٢٣-٧-٢٠١٩ دەستكرا بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوانی كورد، لە بادیەی سەماوەی سنوری پارێزگای موسەنا، سەرەتا راگەیەندراوبوو ئەو گۆڕە نزیکەی ٨٠ رووفاتی تێدایە، بەڵام دوای ھەڵدانەوەی دەركەوت كە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینیکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”ئەمڕۆ ٣ی ئابی ٢٠١٩، کۆتایی بە هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە هات و کارکردن تیایدا وەستاوە، چونکە سەرجەم کارەکانی تەواوبووە و ژمارەی ئەو ڕووفاتانەی کە هەڵگیراونەتەوە گەیشتە ١٧١ ڕوفات لەیەکەم گۆڕدا”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدانی حكومەتی هەرێم، دەڵێت”ڕوفاتەکان سەرجەمیان ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا دەکرێن، بۆ وەرگرتنی سامپڵی ئێسک لێیان”.
سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تر، فوئاد عوسمان جەختیکردەوە و گوتی”لەدوای جەژنی قوربانەوە دەستدەکرێت بەهەڵدانەوەیان، دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی تری سەماوە”.