نوچە: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە شاری مەککە گوتاری هەینی بە زمانی کوردی بۆ حاجیانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ (هەینی ٢-٨-٢٠١٩) بە ئامادەبوونی لیژنەی فەتوای تایبەت بە حەج، مامۆستایەکی ئایینی لە مزگەوتی تایبەت بە مانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان، گوتاری هەینی بە زمانی کوردی بۆ حاجیان بدات. ئەوەش دووەمین ساڵە لە شاری مەککە بە زمانی کوردی گوتاری هەینی پێشکەشبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتاری هەینی لە مەککە بە زمانی کوردی راگەیاند: لەو شوێنە نزیکەی چوار هەزار حاجی هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لەو شوێنەی گوتارەکەی تێدا پێشکەشدەکرێت شوێنی کەمتر لە هەزار کەس دەبێتەوە و هەر کەسێکیش ئازادە بەشداری گوتارەکە ببێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵی رابردوو پێنج هەزار و ٤٣٩ كەس لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەكە زیادیكردووە بۆ حەوت هەزار و ١٣٠ كەس.