نوچە: ئاژانسەکان
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوو، واشنتۆن بە بڕی ١٠% باجی سەر کاڵاکانی چین زیاد دەکات. لەبەر ئەوەی چینییەکان ئامادەنەبوون بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بکڕن.
ئەو باجانەی ئەمریکا، کە لە ١ـی سێپتێمبەر دەستپێدەکات، بە بەهای ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی کاڵای هەناردەی چین بۆ ئەمریکا دەگرێتەوە، کە بەشێکی زۆریان مۆبایلی زیرەک و جلوبەرگن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ چین، لە چەند توویتێکیدا نووسیوویەتی “ئێمە پێمان وابوو، کە سێ مانگ بەر لە ئێستا لەگەڵ چین گەیشتووینەتە رێککەوتن، بەڵام کاتێک خەریک بووین رێککەوتنەکە واژۆ بکەین، چینییەکان گەڕانەوە خاڵی سەرەتای دانوستاندن و ئامادەنەبوون بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بکڕن”.
ترەمپ راشیگەیاندووە، تیمەکەی گفتوگۆی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی چین کردووە، لەگەڵ ئەوەی دانوستاندنەکان بەردەوامن، واشنتن بەڕێژەی ١٠% باجی سەر کاڵاکانی چین زیاد دەکات، لەوانەیە لە هەندێک بارودۆخدا ئەو باجانە هەڵبگرین، بۆیە بە ١٠% دەستپێدەکەین و چاوەڕوان دەبین، ئەگەر هەیە تاوەکو ٢٥% باج زیاد بکەین.