نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، درووستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی هاوبەش لە هەرێم خەمساردی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیشی تێدایە.
یەکگرتووی ئیسلامی، یەکەم لایەن بوو لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی پێجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند، بەدوای ئەویشدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئازادی، دوای پێکهێنانی کابینەی حكومەتی هەرێمیش، کۆمەڵی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنی بوونی خۆی ڕاگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەلەمانی کورستان، سەبارەت بە کاری هاوبەشی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڕایگەیاند “لە ئێستادا هەماهەنگی لە نێوانماندا هەیە، بەڵام وەک ئەوەی، کە بەشێوەیەکی فەرمی دانیشتبین و کارمان کردبێت بۆ ستراتیژێیەتێک بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی هاوبەش لە ناو پەرلەمانی کوردستان و خاڵە هاوبەشەکانمان دیاری بکەین و پێکەوە کاری لەسەر بکەین، ئەوەمان نەکردووە”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم درووستکردنی ئەوە بەرەیە و دەکرێت لە داهاتوودا کاری جددی بۆ بکرێت، من لەگەڵ درووستکردنی ئەوەیەدام، بۆ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمدا بە هێز بێت. دەبێت هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەبێت لە نێوان لایەن ئۆپۆزسیۆنەکاندا”.
سەبارەت بەهۆکاری درووستنەکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم، سەرچنار ئەحمەد، دەڵێت “ڕەنگە جۆرێک لە خەمساردی هەبێت لە نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بۆ ئەوە پرسە، چونکە تا ئێستا نە ئێمە و نە ئەوانیش بەفەرمی باسی ئەو بابەتەمان نەکردووە، بەڵام لە بەرنامەماندایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کاری جددی لەرسەر بکەین”.