نوچە
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە (٢٨-٧-٢٠١٩) تەرمی شۆفێرێکی تاکسی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی کەڵەک و موسڵ دۆزرایەوە، پۆلیسی دهۆک دەڵێت “سێ کەس، کە دووانیان کوڕی کوژراوەکە بوون، بە تۆمەتی کوشتنی ئەو پیاوە دەستگیرکراون”.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، ١-٨-٢٠١٩) هێمن سلێمان، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند “رۆژی ٢٨-٧-٢٠١٩ پۆلیسی دهۆک لە حاڵەتێکی کوشتن ئاگادارکرایەوە، کە کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی کەلەک و موسڵ کوژراوە، دەستبەجێ ئەفسەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەردەڕەش و پۆلیسی بەردەڕەش لەگەڵ تیمێکی بەڵگەی تاوان و دادوەری لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد”.
هێمن سلێمان دەشڵێت “لە شوێنی رووداوەکە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلای کەسی کوژراو هەبوون، دەرکەوت کوژراو پیاوێکی تەمەن ٥٨ ساڵە بەناوی سامی سلێمان و دانیشتووی شاری هەولێرە، راستەوخۆش تەرمەکەی بۆ لیکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی داد کرا، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون پێکهێنرا و لە ماوەی سێ رۆژدا ئەفسەر و پۆلیسەکانی ئێمە توانیان چەند تۆمەتبارێک دەستبەسەر بکەن، کە دووانیان کوڕی تاوانلێکراو بوون”.
بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، کە “لە لێکۆڵینەوەکاندا هەردوو کوڕی تاوانلێکراو دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرن. ئەوان لە دانپێدانانەکەیان گوتوویانە لە رۆژی ٢٧-٧-٢٠١٩، واتە رۆژێک پێش دۆزینەوەی تەرمەکەی، باوکی خۆیان لەنێو ئۆتۆمبێل لە سەنتەری پارێزگای هەولێر کوشتووە، پاشان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان تەرمەکەیان هەر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بردووەتە سەر رێگەی نێوان ناحیەی کەلەک و موسڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک”.


