قوباد تاڵەبانی: هێرشەکەی داعش په‌یامێكى روونمان به‌گوێدا ده‌دات

0

نوچە

شه‌وى رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى ئاسایش له‌ گه‌رمیان و به‌وهۆیه‌وه‌ چوار کارمەندی ئاسایش و پۆلیس شەهیدبون و هەشت کەسی دیکەش برینداربون. جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت، “له‌كاتێكدا له‌ بیابانەکانی باشوری عێراق گۆڕی بە کۆمەڵی نوێی قوربانیانى تاوانى ئه‌نفال هه‌ڵده‌درێته‌وه‌، هەروەها لە کاتێکدا دوێنێ یادی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیمان کردوە و دو رۆژی دیکەش یادی کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەینەوە، ئه‌م روداوه‌ په‌یامێكى روونمان به‌گوێدا ده‌دات”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “دوژمنانمان له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و بارودۆخێكدا ده‌ست ناپارێزن له‌ زیان گه‌یاندن به‌ رۆڵه‌كانمان، سه‌لماندیشی كه‌ كاروانى خه‌بات و گیانفیدایی گه‌رمیانیه‌كان بۆ پاراستنى خاكی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و درێژه‌ى هه‌یه‌”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “ئه‌م روداوه‌ و جموجوڵەکانی ماوەی رابردوی گروپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە سەلماندی، كه‌ پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و کۆتایی به‌ جموجۆڵه‌كانى ئه‌و ده‌سته‌ و گروپه‌ تیرۆرستیانه‌ بهێنن”.

بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١-٨-٢٠١٩) خەلیل خوادادا، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گوڵاڵە بە کەناڵەکانی راگەیاندنی راگەیاندووە، “کاتژمێر ١١ـی شەوی رابردو چەکدارانی داعش بەهاوەن هێرشیانکردوەتەوە سەر بازگەیەکی ناحیەی کوڵەجۆ و پاشان چەند چەکدارێکی داعش بە قەناس هێرشیانکردوە و شەڕو پێکدادانی سەخت رویداوە”.

خەلیل خوادادا ئاماژەی بەوەشکرد، “لە هێرشەکەی شەوی رابردودا چوار کەس شەهیدبون، کە دو کارمەندی ئاسایش و پێشمەرگەیەک و کارمەندێکی پۆلیسە”.

وێنەی چوار شەهیدەکەی شەوی رابردوو
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com