نوچە: ئاژانسەکان
هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی تەمموز، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە، بۆ رۆژانە 100 هەزار بەرمیل دابەزیوە، بەم پێیەش، هەناردەی رۆژانەی نەوتی ئێران نزیکەی 250 هەزار بەرمیل کەمی کردووە.
لە مانگی چواری ساڵی 2018، پێش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران پاشگەزبووەوە، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران رۆژانە 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بوو.
سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی رایانگەیاندووە، لە مانگی تەمموزدا ئێران رۆژانە تەنها 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی لە مانگی حوزەیران ئەو وڵاتە رۆژانە نزیکەی 350 هەزار تاوەکو 400 هەزار بەرمیل نەوی هەناردەکردبوو.
هاوکات داتاکانی کۆمپانیای راوێژکاریی رێفێنێتیڤ پشتڕاستیدەکەنەوە، کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دابەزیووە. بەپێی داتاکانی رێفێنێتیڤ، رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 120 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێرانەوە هەناردەکراوە.