نوچە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵسوکەوتى ئەفسەرەکە لەبەرامبەر ئاڵای کوردستان و کەسوکاری یەکێک لە ئەنفالکراوەکان تێنەگەیشتن و رێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق و کارێکى تاکەکەسی ئاوها نابێت ببێتە هۆى گرژى و کاردانەوەى نایاسایى لە هیچ شوێنێک.
رۆژی سێشەممە ٣٠-٧-٢٠١٩، ئەفسەرێکی سوپای عێراق، داوای لە تاقانەیەکی ئەنفال کرد ئاڵای کوردستان لەسەر شانی لاببات و گوتی “دەبێت تەنیا ئاڵای عێراق هەڵبکرێت و ئاڵای کوردستان قەدەخەیە. ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا و پارێزگاری موسەنناش داوای لێبووردنی لە گەلی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئەوەی ئەو ئەفسەرە کردوویەتی کارێکی کەسی بووە و لەسەر ئەو کارەی رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر دەگرنەبەر”.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-٧-٢٠١٩، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لێدوانێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند “هەڵسوکەوتى نەشیاوى تاکەکەسی ئەفسەرێکى عێراقى بەرامبەر بە ئاڵاى کوردستان لە ملى یەکێک لە کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالدا لە پارێزگاى موسەننا، کە مایەى نیگەرانییە، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و هەڵسوکەوتى لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و رێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق”.
فەوزى هەریرى، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا دەڵێت “سوپاسى پارێزگارى موسەننا دەکەین کە بۆ ئەو رووداوە داواى لێبووردنى کردووە و رێکارى یاسایى بەرامبەر بە ئەفسەرەکە گیراوەتەبەر، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەى هەڵوێستیان لەسەر ئەم کردارە هەبووە”.
دەقی لێدوانەکەی سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان:
هەڵسوکەوتى نەشیاوى تاکەکەسیى ئەفسەرێکى عێراقى بەرامبەر بە ئاڵاى کوردستان لە ملى یەکێک لە کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالدا لە پارێزگاى موسەننا کە مایەى نیگەرانییە، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
سوپاسى بەڕێز پارێزگارى موسەننا دەکەین کە بۆ ئەو ڕووداوە داواى لێبوردنى کردووە و ڕێکارى یاسایى بەرامبەر بە ئەفسەرەکە گیراوەتە بەر، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەى هەڵوێستیان لەسەر ئەم کردارە هەبووە.
دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵسوکەوتى لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق و کارێکى تاکەکەسیى ئاوها نابێت ببێتە هۆى گرژى و کاردانەوەى نایاسایى لە هیچ شوێنێک. دەبێ هەمووان گیانى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بپارێزن و ڕێز لە دەستوور و مافە دەستوورییەکانى هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.
فەوزى هەریرى
سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان
٣١-٧-٢٠١٩